Erbil 15°C دووشەممە 01 تەمووز 10:54

زانیاری لەبارەی ڕووداوە هاتووچۆکەی ئەمشەوی ڕێگەی هەریر

کوردستان TV
100%

کەمێک پێش ئێستا؛ لەسەر ڕێگەی باسرمە لە سنووری قەزای شەقڵاوە پێکدادان لەنێوان پاسێک و ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاب ڕووی دا و ژمارەیەک برینداری لێکەوتەوە، هەروەها ئەو دەنگۆیانەش ڕەت دەکرێتەوە کە دەگوترێت سەرنیشینانی پاسەکە قوتابیی بووبن.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (کوردستان تیڤی)، خێزانێک کە بەمەبەستی گەشتوگوزار ڕوویان لە ناوچەکە کردووە، لە کاتی گەڕانەوەیان پاسەکەیان لەسەر ڕێگەی سەرەکیی هەریر لە سنووری قەزای شەقڵاوە دووچاری ڕووداوی هاتووچۆ هاتووە..

هەر بەپێی زانیارییەکان، ڕووداوەکە 15 برینداری لێکەوتووەتەوە، 7 لە بریندارەکان گواستراونەتەوە نەخۆشخانەی هەریر و ژمارەیەکی دیکەش بۆ نەخۆشخانەی شەقڵاوە گواستراوەتەوە، بریندارێکیشیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گواستراوەتەوە هەولێر.

هاوکات کاروان کەریمخان، قایمقامی شەقڵاوە تایبەت بۆ (کوردستان تیڤی) ئاماژەی بەوە دا کە لە ڕێگەی سەرەکیی ھەریر، ڕووداوێکی سەختی ھاتووچۆ لەنێوان پاسێک و پیکابێک ڕووی داوە.

ڕاشیگەیاند: لە ئەنجامی ڕووداوەکە 16 کەس بریندارن لە ھەردوو لایەن، سەرجەم بریندارەکان گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکانی ھەریر و شەقڵاوە، چارەسەری پێویست بۆ سەرجەم بریندارەکان دەکرێت و ھیچ گیانلەدەستدانێک تۆمار نەکراوە.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەگوترێت سەرنشینانی پاسەکە قوتابی زانکۆ بوونە، سەرۆکایەتی زانکۆی سەڵاحەدین ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە و لە ڕاگەیەنراوێک ڕایگەیاند: هەواڵی وەرگەڕانی پاسێکی قوتابییانی زانکۆی سەلاحەدین دوورە لە ڕاستییەوە و  سەرجەم ئەو قوتابییانەی زانکۆی ‎سەڵاحەدین کە ئەمڕۆ یەکشەممە سەردانی مەزاری نەمرانییان کردووە  بە سەلامەتی گەڕاونەتەوە هەولێر و هیچ کێشەیەک دروست نەبووە.

زانکۆی سەڵاحەدین هیوای سەلامەتی بۆ سەرجەم سەرنشینانی ئەو پاسەی کە وەرگەڕاوە دەخوازێت دڵنیاییش دەداتە کە ئەو پاسەی  وەرگەڕاوە قوتابی زانکۆی سەڵاحەدینی تێدا نییە.   

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.