Erbil 21°C شەممە 23 تشرینی دووەم 16:33

سوپای ئەمریكا لە سووریا دەكشێتەوە ؟

لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا دەنگ لەسەر پڕۆژە یاسای كشانەوەی سەربازانی ئەمریكا لە سووریا درا.
کوردستان TV
100%

دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە درا كە لەلایەن ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی كۆمارییەكان، مات گەییتز پێشكەشی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كرا و داوا لە سەرۆكی ئەمریكا، جۆ بایدن دەكات سەربازانی ئەمریكا لە سووریا بكێشێتەوە.
پڕۆژە یاساكە 103 دەنگی "بەڵێ"ی بە دەست هێنا و بە 321 دەنگی "نەخێر" رەت كرایەوە.
56ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە دیموكراتەكان و 47 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لە كۆمارییەكان بە بەڵێ دەنگیان بە پڕۆژە یاساكە دا.
مات گەییتز بە ئاماژەدان بەوەی كە لای ئەمریكییەكان بووەتە پرسیار كە چۆن چۆنی سووریا بووەتە گۆڕەپانی كێبڕكێی هێزە گەورەكان و دۆخی سووریا چەند ئاڵۆز بووە.
ناوبراو بیری خستووەتەوە كە رژێمی ئەسەد چۆن چۆنی گەلی سووریای بە ئامانج گرتووە و وڵاتانی كەنداویش پشتیوانییان لە ئۆپۆزسیۆن كردووە، ئاماژەی بەوە داوە كە ئێران هەر بەوەوە نەوەستاوە پشتیوانی لە رژێمی سووریا بكات، بەڵكو حزبوڵڵایشی هێناوەتە ناو گۆڕەپانەكە و سووریای داگیر كردووە.
مات گەییتز سەرنجیشی خستووەتە سەر ئەوەی كە بە هاتنی رووسیایش، رووسەكان هاتوونەتە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ئەمەیش دۆخەكەی ئاڵۆزتر كردووە.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران لە فراكسیۆنی كۆمارییەكان جەختی لەوە كردووەتەوە كە ئەمریكا لە 2015 چووەتە ناو "ئاڵۆزییەكان"ی سووریا و بەم هۆیەوە ژمارەیەك لە ئەمریكییەكان گیانیان لەدەستداوە و لەو میانەیەدا ملیارەها دۆلار خەرج كراوە.
مات گەییتز كە بەردەوام بوو لە خوێندنەوەی راپۆرتی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا، بانگەشەی ئەوەی كرد كە ئیدی داعش هەڕەشە نییە بۆسەر ئەمریكا.
- "ئەركی سوپای ئەمریكا ئەوە نییە بە باجی ئەمریكییەكان جەنگ لەسەر خاكی وڵاتانی بیانی هەڵبگیرسێنێت"
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر هەمان فراكسیۆن، مارجلی تێلۆر گرین كە پشتیوانی لە پڕۆژە یاساكە كرد ئاماژەی بەوە دا كە ئەركی سوپای ئەمریكا ئەوە نییە بە باجی ئەمریكییەكان جەنگ لەسەر خاكی وڵاتانی بیانی هەڵبگیرسێنێت و گوتی: "پێویستە وەزارەتی بەرگریی بەرەنگاری ئەو چەتە مەكسیكییانە ببێتەوە كە ماددەی هۆشبەر دەهێنن بۆ وڵاتەكەمان. لە ناوچەكانی هەڵبژاردن هیچ ئەمریكییەك نەیگوتووە با بەشداری لە جەنگی سووریادا بكەین. ژمارەیەكی زۆر لە ئەمریكییەكان لەسەر خاكی وڵاتانی بیانی گیانیان لەدەستداوە".
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.