Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 13:08

خۆشەویستی چییە؟

کوردستان TV
100%

خۆشەویستی هێزە، خۆشەویستی خۆناسینە، خۆشەویستی دووبارە لە دایکبوونەوەیە، خۆشەویستی شادییەکی ناکۆتایە کە تۆ نووقم دەبیت لەگەڵ خۆشەویستی یاخود دەکەویتە نێو ئەو ساتەی کە هێرتزەکانی رووحت لە دوا پلەی خۆشیدان هەست بە رووناکبوونەوە و خۆناسین دەکەیت

کە تۆ خۆت ناسی و زانیت کە تۆ کێت ئەو سات دەزانیت کە ئەوانی تر کێن، ئێمە پێویستە خۆمان بناسین تاوەکو بەرامبەرەکانیشمان بناسین

خۆشەویستی پێویستە لە بوونتا هەبێت، تۆ کە بوونت کەسێکی خۆشەویست بێت کەسانی تریش لات خۆشەویست دەبن، بوونێک بە خۆشەویست بە بۆ خۆت بۆ ئەوەی کەسانی تریش لات خۆشەویست بن، ئۆشۆ وتەیەکی جوانی هەیە دەڵێت: خۆشەویستی پەیوەندی نییە، خۆشەویستی خۆی دۆخێکی بوونە و پەیوەندی بە کەسەوە نییە.

تۆ هەوڵبدە خۆشەویست بیت. باشە لەوانەیە بپرسیت من چۆن خۆشەویست بم؟ سەرەتا پێش هەموو شتێک خۆت خۆش بوێت، چاوەکانت خۆشبوێت، لووتت خۆشبوێت بوونت بە هەموو شێوازێک خۆشبوێت کە تۆ خۆت خۆش ویست، دەبیت بە کەسێکی خۆشەویست کە تۆ خۆت خۆش نەویست رق دەتگرێت، رق بوونەوەش لە وجوودت دەبێت هۆی ئەوەی رق بەرامبەر هەموو کەس هەڵبگریت.

خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە لە خۆشەویستی متمانە پێکردنە

خۆی لە خۆیدا لە هەر پەیوەندییەکی مرۆییدا گرنگترین فاکتەر خۆشەویستی و متمانەیە، تۆ گەر متمانەت هەبوو بە هەر کەسێک خۆشت دەوێت و لات گرنگ دەبێت، چونکە متمانەپێکردن گرنگترین خاڵی خۆشەویستییە، جا هەر جۆرە خۆشەویستیەک بێت، بۆ رەگەزی بەرامبەر بۆ دایک بۆ هاورێ بۆ خێزان. ئەفلاتوون کە فەیلەسوفێکی کۆنی یۆنان بوو، باس لە خۆشەویستییەک دەکات ئەویش خۆشەویستی ئەفڵاتوونییە کە ئەو خۆشەویستییەیە دوورە لە هەر حەز و ئارەزوویەکی جەستەیی و سێکسی کە کەسی بەرامبەر بە تەواوکەری خاڵە لاوازەکانی خۆمان بزانین، هەروەها باوەڕیشی وابوو کە ئەم جۆرە خۆشەویستییە مرۆڤەکان نزیک دەکاتەوە لە خودا، خۆشەویستی لە رووی زانستییەوەش زانایان ئەوەیان دۆزییەوە کە ھۆرمۆنی تیستۆستیرۆن لە رێژەی خۆی کەم دەکات لەلایەن پیاوەکان کاتێک دەکەونە ناو ئەویندارییەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە لەلایەن ئافرەتی دڵدارەوە لە ڕێژەی خۆی زیاتر دەبێت.

کۆمەڵێک لێکۆلەرەوە لە زانکۆی "لەندەن کۆلێج" ئەوەیان دۆزییەوە کە خۆشەویستی کار لە سووڕی زۆر سەرەکی ئەکات لە مۆخی مرۆڤ، کە کاردانەوەی زۆری دەبێت لەسەر گۆرینی ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتی ئەو کەسە، ئەم تاقیکردنەوانە لەسەر کۆمەڵێک کەس ئەنجام درابوون کە لەم بوارەدا شکستیان ھێنابوو، ئەوەیان بۆ روون بووەوە کە کار لە سوورەکانی مووخ دەکات و وای لێ دەکات پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەرەو تێکچوون بچێت.

خۆی لە خۆشەویستیدا مرۆڤ دەگات بەو خاڵەی کە دونیای نێو خۆی بناسێت، بۆ نموونە درەخت و ئاو و چیاکان و هەور و تەنانەت باڵندەکانی نێو ناخی خۆتیش بناسیت، ئێمە هەمیشە پێوستە تۆی خۆشەویستی بچێنین تاوەکو بتوانین ژیانێکی ئارام و سەرکەوتوومان هەبێت، ئەگەر سەرنج بدەن منداڵانی ئێمە هەر لە منداڵییەوە دایە و بابە پێ دەڵێن: نەکەی ! بڤەیە دەست نەبەی بۆ پشیلەکە،

منداڵێک باوک و دایکی خۆی ببینێت بەرد دەگرێت لە پشیلە و سەگ و ئاژەڵەکانی تر، ئیتر چۆن دەتوانێت تاکێکی خۆشەویست بێت بۆ ئاژەڵەکان و سروشت و کۆمەڵگە، خۆی لە خۆیدا منداڵ کە لە دایکبوو خاڵییە لە رق، بەڵام کۆمەڵگە و دایک و باوک و خێزان ئەو رقەی بۆ دروست دەکات، لێ گەرێن با منداڵان چێژ لە یاریکردن لەگەڵ ئاژەڵەکان ببینین، لێ گەڕێن چێژ لە میوزیک و شیعر و سەما و یۆگا ببینن، مێشکیان پر مەکەن لەوەی دەبێت ببن بە دکتۆر و دەبێت ببن بە ئەندازیار !

کە نان دەخۆیت بە هەموو چێژێکەوە تام لە خواردنەکەت بکە، تام لە ترش و تفت و تاڵەکانی نێو خوانەکە بکە! ئەوەی تۆ دەیخۆیت کەم نییە، دروستکەری خودایەکی گەورە و میهرەبانە، چێژ لە سروشت ببینە بە تەواوی خۆت ئازاد بکە بۆ سروشت و بۆ جیکجیکەی باڵندەکان، خۆت ئازاد بکە بۆ ساتنی هەڵهاتنی رۆژ لە بەیانیان، بهێڵە خۆشەویستی بە تەواوی رووحییەوە بچەقێتە نێو رووحتەوە!.

ئارام ئەدیب کاکەیی

کولتوور و هونه‌ر هه‌مه‌ره‌نگ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.