Erbil 7°C شەممە 23 تشرینی دووەم 06:39

كتێبی (فره‌كولتووری و په‌یوه‌ندی به‌ ناسنامه‌وه‌- هه‌رێمی كوردستان به‌ نموونه‌) بڵاوكرایه‌وه‌

کوردستان TV
100%


له‌نووسینی (د. جه‌بار قادر)،كتێبی (فره‌كولتووری و په‌یوه‌ندی به‌ ناسنامه‌وه‌- هه‌رێمی كوردستان به‌ نموونه‌) بڵاوكرایه‌وه‌.
له‌ باره‌ی ئه‌م كتێبه‌ نووسه‌ر (د.جه‌بار قادر) ده‌ڵێت"چه‌مكی فره‌كولتووری چه‌ند ڕوویه‌كی ئاڵۆزی هه‌یه‌، خۆی ده‌خزێنێته‌ نێوان چه‌ندین گفتوگۆی هاوچه‌رخی به‌رفراوان له‌وانه‌: مافی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئاینییه‌كان، ئازادی ئایین، سیاسه‌تی په‌روه‌رده‌، سیاسه‌تی زمان، مافی په‌نابه‌ران و ڕێكاره‌ یاساییه‌كانیان، پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن، به‌هاكانی دیموكراسی، پاراستنی شكۆی تاك و گرووپه‌كان، دانپێدانان به‌ هه‌موو گرووپ و ئێتنیك و كۆمه‌ڵگا جیاجیاكان به‌ شێوه‌ی یه‌كسان".
هه‌روه‌ها نووسه‌ر ده‌ڵێت" كۆمه‌ڵگا فره‌كولتووره‌كان هه‌موو كۆمه‌ڵگایه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی ڕێكخراو به‌رده‌وام هه‌بێت، پێویسته‌ بابه‌تی سه‌ربه‌خۆیی و ئاره‌زووی ناسنامه‌ی تاكه‌كان به‌ چه‌شنێك به‌ڕێوه ‌ببردرێ كه‌ تاك هه‌ست به‌ بوون و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی خۆی له‌ و كۆمه‌ڵگایانه‌دا بكات، به‌ڵام یه‌كێك له‌ ئاریشه‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌ی كه‌ ده‌وڵه‌تیان نییه‌ و له‌ژێرهه‌ژموونی ئه‌وانی دیكه‌دا چه‌وساونه‌وه‌، بریتییه‌ له ‌قه‌یرانی ناسنامه‌، كه‌ كێشه‌ی خۆناسین و بوون و كاریگه‌ریی و هێزیان هه‌بووه‌".
له‌ كۆتاییدا نووسه‌ر د.جه‌بار ده‌ڵێت"له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، به‌وردی باس له‌ پێكهاته‌ی فره‌كولتووری له ‌هه‌رێمی كوردستاندا كراوه‌‌، به‌جۆریك گرنگی و پێویستیبوونی ناسنامه‌یه‌كی نیشتیمانی خراوه‌ته‌ڕوو بۆ كۆكردنه‌وه‌ و یه‌كخستنی جیاوازه‌كان، هه‌روه‌ها باس له‌ كاریگه‌ریی ناسنامه‌كان له‌سه‌ر تاك و گرووپ كراوه‌، به‌تایبه‌تی ناسنامه‌ی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی و كۆمه‌ڵایه‌تی". 
شایانی باسه‌ ئه‌م كتێبه‌ به‌شێكه‌ سه‌ره‌كی تێزی دكتۆرانامه‌ی( د.جه‌بار قادر)-ه‌ و له‌ ئێستادا له‌ كتێبخانه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركووك و هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌هۆك ده‌ست ده‌كه‌وێت. 
ئه‌م كتێبه‌،له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری رۆشنبیری ڕه‌هه‌ند له‌ سلێمانی و  كۆمه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵناسان و ده‌روونناسانی كوردستان چاپ و بڵاوكراوه‌ته‌وه‌..
ئا- كامران

چاپکراوه‌کان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.