گوتەبێژی حکوومەتی عێراق بڵاوکراوەکەی ڕۆژنامەی ئەلسەباح لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، بۆچوونێكی کەسییە و گوزارشت لە دیدی حکوومی و فەرمی ناکات.
لە ڕاگەیەنراوێک باسم عەوادی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق ڕایگەیاند: ئەوەی لە ڕۆژنامەی ئەلسەباحدا هاتووە، بە ناونیشانی (ئایا هەرێمی کوردستان هەڵدەوەشێتەوە؟) لە ڕێکەوتی 18ـی 02ـی 2023ـدا باس کرابوو بۆچوونێكی کەسییە و گوزارشت و نوێنەرایەتیی لە دیدی حکوومی و فەرمی ناکات.
ڕاشیگەیاند: ماددەکانی دەستووری عێراق سەبارەت بە فیدراڵیبوونی عێراق و بڕگەکانی دیکە شێوازی پەیوەندی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستانیان ڕێکخستووە، ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە گرنگەکانی عێراقی نوێ کە حکوومەت کار بۆ چەسپاندن و پاڵپشتیکردنی دەکات.
گوتەبێژی حکوومەتی عێراق لە درێژەی ڕاگەیەنراوەکەی ئاماژەی بەوەش داوە کە پابەندین بە حکوومەتێکی شەرعی کە بەپێی دەستوور هەڵبژێردرابێت و پابەند بێت بە جێبەجێکردن و کارپێکردنی یاساکانی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.