Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 10:07

شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە

کوردستان TV
100%


ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خەلیل غازی رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی بانکی ناوەندیی عێراق لە تورکیا لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆدەبێتەوە.

ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خەلیل غازی لە لێدوانێکیدا بۆ  كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن گوتی: کە بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشه‌ممه‌2ی2ی2023 بەرپرسانی بانکی ناوەندیی عێراق لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کۆببنەوە و گوتی: کۆبوونەوەکە لە شاری ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت. 
بانکی ناوەندیی عێراق ھەموو ھەوڵێکی دەدات کە بەھای دینار جێگیر بکاتەوە کە ماوەیەکە ناجێگیرە، ھەروەھا بڕیارە لە حەوتی ئەم مانگە دیسان دووبارە بانکی ناوەندیی عێراق لە شاری واشنتۆن پایتەختی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی پرسی دابەزینی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر بە دۆلار لەگەڵ بەرپرسانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا کۆببێتەوە.

لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی رابردوودا، نرخی 100 دۆلار لەنێوان 148 ھەزار بۆ 149 ھەزار دینار بوو، بەڵام رۆژی 11-12-2022 بۆ یەکەمجار لەو ماوەیەدا، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی 150 ھەزار دیناری عێراقی تێپەڕاند و لەو رۆژەوە ناجێگیرە.

ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، خەلیل غازی پێیوایە ھەر رێکارێک پێویست بکات بۆ سەقامگیربوونی بەھای دینار بانکی ناوەندیی عێراق دەیگرێتەبەر و رایگه‌یاندووه‌: بەپێی ئەم کۆبوونەوانەی لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئەنجاممانداوە، کێشەی بانکی ناوەندیی ئەوەیە کە بەپێی سیستەمی نوێ، ئەوان ئێستا ناتوانن دۆلار بدەنە ھەر کەسێک، چونکە بازرگانەکان ئەوانەی پێشتر دۆلاریان دەکڕی لە رێی قاچاغ دەیبەنە دەرەوەی وڵات، بۆیە دەبێت بانکی ناوەندیی پلاتفۆرمێکی نوێ بۆ بازرگانان پەیدا بکات، چونکە ئێستا دوای فشارەکانی بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لەسەر بانکی ناوەندیی عێراق، ھەر کەسێک ناتوانێت پارە لە عێراقەوە حەوالەی دەرەوە بکات، چونکە ئەو کەسەی پارە دەگوازێتەوە فاتورەکەی دەچێتە گومرک و باج، دەبێت گومرک و باج بدات، بۆیە بازرگانانی کڕینی دۆلار لە سیستەمی نوێی کڕینی دۆلار دوورکەوتنەوە، چونکە وا دەبینن ئەگەر 100 دۆلار لە بازاردا بە165 تاوەکو 175 ھەزار بکڕن بۆ ئەوان قازانجترە، چونکە لە دەرەوەی سیستەم دەتوانن باج و گومرک نەدەن، بۆیە بازرگانان بەرەو سەراف دەچن و رکابەری خەڵک دەکەن بۆ کڕینی دۆلار، بانکی ناوەندیی ناتوانێت کڕیاری بۆ دۆلارەکەی پەیدا بکات و ئەمەش دەبێتە ھۆی بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار، عێراق دۆلاری زیاتر لە دینار ھەیە، ئەمریکا رێگای نەگرتووە بۆ ھاتنی دۆلار بۆ عێراق تەنھا ئەوە نەبێت سیستەمی حەوالەی پارە دەبێت بەپێی سیستەمی نێودەوڵەتیی بێت، کەواتە دۆلارێکی زۆر ھەیە، بەڵام کڕیاری نییە، بۆیە با خەڵک نەترسێت لە ئایندەی بەھای دیناری عێراق، بەھاکەی ھەر وەکو جارانی لێدێت، بەڵام جێبەجێکردنی پلاتفورمی نوێی بانکی ناوەندیی کاتی دەوێت و بە پەسەندکرنی پڕۆژە یاسایی بوودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 کاریگەری خۆی دەبێت و بەھای دۆلار دادەبەزێنێت.

ئه‌مرۆ پێنجشه‌ممه‌ش2 شوباتی 2023، دابەزینی بەھای دینار ژمارەی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک 100دۆلار گەیشتە 171 ھەزار دینار.

ئابووری

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.