ڕۆژی سێ شه‌ممه ڕێكه‌وتی (13/12/2022) كاتژمێرێك پێش مه‌راسیمی چله‌ی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر ( باكووری) له‌هۆڵی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هه‌ولێر ئاماده‌بووم ، هۆڵه‌كه چۆڵ بوو هێشتا مابووی ماته‌م گێڕان ئاماده بن، ته‌نها یه‌ك دوو به‌ڕێزێك له‌ڕیزی پێشه‌وه دانیشتبوون سه‌رنجی ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای باواجی یان ده‌دا پرۆڤه‌یان ده‌كردو خۆیان ئاماده‌ده‌كرد بۆ مه‌راسیمی چله‌ی مامۆستا باكووری ، له‌ڕیزی پێشه‌وه دوو هونه‌رمه‌ند دانیشتبوون ، سه‌رنجیان له‌ده‌ست و په‌نجه‌ی هونه‌رمه‌ندانی سه‌رشانۆ ده‌دا ، منیش چوومه خزمه‌تیان و له‌دڵه‌وه به‌خێرهاتنم كردن بۆ هه‌ولێری پایته‌خت، به‌ڕێزتان مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا قادر) ئه‌ندامی دێرینی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ، ئه‌وه‌ش برای هونه‌رمه‌ندم كاكه سۆرانی ژه‌نیاری (ده‌ف) ، ڕووم كرده مامۆستا وریا و پێم ووت به‌ڕێزتان من ناناسن ، كه‌مێك لێمی ڕوانی و فه‌رمووی نه‌خێر ، به‌هه‌رحاڵ خۆمم پێ ناساند و كاكه سۆرانیش لوتفی نواند و منی زیاتر به‌مامۆستا ناساند، هه‌موومان پێكه‌وه سه‌رنج و ڕوانینمان له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ندانی سه‌رشانۆكه بوو،
پرسیم له‌مامۆستا وریا : چۆنه به‌ڕێزتان له‌شاری كۆیه‌وه ته‌شریفتان هێناوه‌و هاتوون بۆ ئه‌و مه‌راسیمه ؟
پێی ڕاگه‌یاندم : ئه‌وه ئه‌ركی سه‌رشانمه‌و به‌پێویستم زانی ده‌بێت هه‌رئاماده‌بم ، له‌به‌ر دوو هۆكار :
یه‌كه‌م : مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( باكووری) مامۆستا‌م بووه له‌قۆناغی ناوه‌ندی وانه‌ی ( ئینگلیزی) پێده‌ووتین، هه‌روه‌ها فێركار و ئاشنای كردین به‌مۆسیقا و ئامێره‌كانی مۆسیقا ، دوای ئه‌وه‌ش هاوشاریمه ، ئه‌رك بوو له‌سه‌ر شانم به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌نده به‌رزه به‌جێیهێشتین و ئێمه‌ش هه‌رده‌ڕۆین .
دووه‌م: براده‌رانم له‌تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه وه‌ك ڕێز‌و حورمه‌تێك بۆمن كه‌مێژوویه‌كم له‌گه‌ڵ ئه‌و تیپه مۆسیقیه ئازیزه‌هه‌یه، وه‌ك برایه‌كی گه‌وره‌ی خۆیان منیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه ،
دووباره به‌خێرهاتنم كرده‌وه و هیوای ته‌ندروستی باش و سه‌رفرازیم بۆ خواست،
به‌رله‌وه‌ی مه‌راسیمی چله‌ی ماته‌مینیه‌كه ده‌ست پێبكات، ڕووم كرده‌وه مامۆستا ( وریا قادر) ، پێم ڕاگه‌یاند ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌ت بڕه‌خسێ و به‌ڕێزتان بوار بده‌ن پێم خۆشه بێمه شاره جوانه‌كه‌ی كۆیه‌وه له‌نزیكه‌وه هه‌ندێك زانیاری ده‌رباره‌ی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ریتان له‌زاری خۆتانه‌وه وه‌ربگرم و هه‌ست و خامه‌كه‌م له‌خزمه‌تی مێژووی هونه‌ریتان دا بێت، مامۆستا وریا زۆربه‌لوتفه‌وه‌به‌ڵێنی پێدام و وتی هه‌ركاتێك بۆم ڕه‌خسا ، پێشترپێوه‌ندی پێوه‌بكه‌م وئه‌ویش ئاماده‌یه..!
ڕۆژی شه‌ممه ، ڕێكه‌وتی (24/12/2022) كاتژمێر (4) ی پاش نیوه‌ڕۆ گه‌یشتمه به‌رده‌م ماڵی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند( وریا قادر) له‌شاری كۆیه .
هونه‌رمه‌ند به‌وسیما به‌فره لێباریوه‌وه چاوه‌ڕێم بوو، ده‌م و سیما به‌خه‌نده‌و به‌لوتفه‌وه میواندارییه‌كی كۆییانه‌ی لێكردین،
به‌نده‌ش مه‌به‌ستم بوو زۆر كاتی مامۆستا نه‌گرم و تائه‌و جێیه‌ی بۆم ده‌ڕه‌خسێ لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژگاره تێپه‌ڕیوه‌كانی مامۆستا هه‌ڵبده‌ینه‌وه و دواتر بگه‌ڕێمه‌وه شاری هه‌ولێر ، به‌ڵام مامۆستا گه‌ره‌كی بوو بۆ نانی ئێواره له‌دیوه‌خانه‌كه‌یدا نانێكی كۆییانه بخۆین، به‌هه‌رحاڵ سوپاسگوزاری لوتف و میواندۆستی مامۆستا و هونه‌رمه‌ندم بۆ میوانداریی و هه‌م ئه‌وكاته‌ی پێ به‌خشین.
وریا قادر حه‌سه‌ن ، له‌ساڵی (1943) له خانه‌واده‌یه‌كی هه‌ژاری زه‌حمه‌تكێش له‌شاره دڵگیركه‌ی ( كۆیه) شاری ( حاجی قادر ، مه‌لای گه‌وره ، دڵدار ، ئه‌مین ئاغای ئه‌خته‌ر ، فه‌قێ ئه‌حمه‌ده كۆره، مه‌سعود محه‌مه‌د، محه‌مه‌د تۆفیق ووردی ، عه‌ونی ، ئه‌حمه‌دی حه‌مه مه‌لا، زه‌ینه‌ب خان، خالید دلێر ، سێوه ، تایه‌ر تۆفیق ، باكووری ، سه‌ردار ئه‌حمه‌د ، دڵزار ،سامی عه‌وداڵ، مه‌لائه‌نوه‌ر تاهیر ، جه‌لال جۆبار ، كه‌ریم شاره‌زا و ....تاد ) ، له‌گه‌ڕه‌كه دێرینه‌كه‌ی كۆیه ، ( به‌فری قه‌ندی) گه‌ڕه‌كی به‌دنیاهاتنی ڕۆشنبیران و شاعیران و هونه‌رمه‌ندان ،چاوی به‌دنیا هه‌ڵهێناوه .
باوكی هونه‌رمه‌ند له‌پێناو دابینكردنی بژێوی خانه‌واده ( 10) كه‌سییه‌كه‌ی ، وه‌ك پیشه ( قه‌تارچی) بووه له‌نێوان وراتی كۆیه‌و ده‌ڤه‌ری بیتوێن ،
هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( دووبراو شه‌ش خوشكه) .
هونه‌رمه‌ند وریا قادر ساڵی (1949 بۆ 1950) خراوه‌ته به‌رخوێندن ، پۆلی یه‌كه‌م و دووه‌می سه‌ره‌تایی له‌قوتابخانه‌ی ( گۆمه‌شینی سه‌یدان) خوێندووه له‌به‌رئه‌وه‌ی مامی ( عوسمان حه‌سه‌ن) مامۆستا بووه له‌وقوتابخانه‌یه. مامی ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازرێته‌وه بۆ ( ڕانیه) وریای منداڵیش پۆلی سێی سه‌ره‌تایی له‌شاری ( ڕانیه ) ته‌واوده‌كات ، سه‌ره‌تای ساڵی خوێندنی پۆلی چواره‌می سه‌ره‌تایی گه‌ڕاوه‌ته‌وه شاری كۆیه‌و قۆناغی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌ساڵی( 1965) ئاماده‌یی له‌شاری كۆیه ته‌واو كردووه.
له‌ساڵی (1966) هونه‌رمه‌ند وریا قادر له‌په‌یمانگای مامۆستایان له‌شاری ( موسڵ) وه‌رده‌گیرێت و ماوه‌ی دووساڵ خوێندنی له‌وپه‌یمانگایه و له‌ساڵی (1968) بڕوانامه‌ی مامۆستایه‌تی به‌ده‌ست دێنێ و ده‌گه‌ڕێته‌وه شاره‌كه‌ی كۆیه لانكه‌ی هونه‌ر و ئه‌ده‌ب .
دوای ته‌واو كردنی خوێندن و به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن میرییه‌وه دانامه‌زرێت وه‌ك مامۆستا ، به‌ڵام ناچار ده‌بێت شان بداته به‌ر كرێكاری و هێز و ووزه‌ی جه‌سته‌ی له‌پێناو به‌ده‌ستهێنانی نان دا بفرۆشێت و، هاوكاری ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی بكات .
وریا قادر له‌ساڵی (1970) وه‌ك مامۆستا له‌گوندی ( شه‌وگوێڕ) داده‌مه‌زرێت ، له‌دوای به‌یاننامه مێژووییه‌كه‌ی (11ی ئاداری 1970) ڕاژه‌كه‌ی ده‌گوازنه‌وه بۆ گوندی ( سێ گردكان) ی نزیك به شارۆچكه‌ی ( ته‌ق ته‌ق) ، ماوه‌ی(5) ساڵ تا ساڵی (1975) له‌و گونده وانه‌ی به‌قوتابیان وتۆته‌وه.
سه‌ره‌تای ئاشنابوون به‌دنیای هونه‌ر و هه‌نگاو نان بۆناو دنیای هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی ..!
هونه‌رمه‌ند وریا قادرحه‌سه‌ن ، باسی له‌سه‌ره‌تاكانی ئاشنابوونی به‌هونه‌ری مۆسیقا به‌وشێوه‌یه بۆ كردم : دوای به‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌ی ( دارالمعلمین عالیه) له‌به‌غدا ، به‌شی زمانی ئینگلیزی ، ساڵی (1957) مامۆستا ( باكووری5/11/1928_2/11/2022) گه‌ڕایه‌وه كۆیه و بوو به‌مامۆستای وانه‌ی ئینگلیزی له‌ناوه‌ندی كوڕانی كۆیه، ئه‌و كاته قوتابی پۆلی یه‌كه‌می ناوه‌ندی بووم ، وانه‌ی ئینگلیزی پێ ده‌وتین و ئاشنای كردین به مۆسیقا، له‌ناو قوتابیه به‌هره‌مه‌ندو ده‌نگخۆشه‌كانی هاوڕێی قوتابخانه‌م مامۆستا باكووری تیپێكی له‌قوتابیانی ناوه‌ندی پێكهێنا و فێری مۆسیقای ده‌كردن به‌شێوه‌ی سه‌ماعی نه‌ك به (نۆته) ناوی نا ( باواجی) ، هاوڕێ قوتابیه‌كانم كه توانای هونه‌رییان تێدا به‌دی ده‌كرا و به‌هره‌مه‌ندبوون وه‌ك ( زاهیر محه‌مه‌د ، ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا ، ئه‌كره‌م باقی ، سه‌ردار ئه‌حمه‌د ،جان تۆماس ، منیش كۆرس بووم له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ر تاهیر ، سه‌لاح محه‌مه‌دو عه‌دنان جه‌مال ده‌نگیان خۆش بوو گۆرانیان ده‌گوت ) .
ئاماژه‌تان به‌وه‌دا كه ئه‌وكاته كۆرس بوون..؟
به‌ڵێ سه‌ره‌تا من و ئه‌نوه‌ر مه‌لا تاهیر ،ته‌هاخورشید،جه‌مال خدر، عه‌دنان جه‌مال و سه‌لاح محه‌مه‌د )كۆرس بووین به‌هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی مامۆستا باكووری ، له‌هه‌موو بۆنه‌و یاده‌كان له‌شاری كۆیه به‌شدارده‌بووین.
مامۆستا هیچ یه‌كێ له‌و ئاهه‌نگانه‌ت له‌یاده وه‌ك كۆرس به‌شداریتان كردووه؟
به‌ڵێ ساڵی (1959) به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه، هه‌روه‌ها له‌یاریگای كۆیه ئیستعرازێك له‌مانگی چواری (1959) كرا تیپی باواجی به‌شداربوو،دواتر میهره‌جانێك بۆ جوتیارانی كۆیه‌و ده‌وروبه‌ری كرا، هونه‌رمه‌نده لاوه‌كانی تیپی باواجی وه‌ك ( زاهیر محه‌مه‌د به كه‌مانچه ،ئه‌كره‌م باقی به‌عوود ، ئیبراهیم فه‌رجوڵڵا به كه‌مانچه، سه‌ردار ئه‌حمه‌د به نه‌ی و نه‌شئه‌ت حه‌مید به ته‌پڵ) و ئێمه‌ش به‌كۆرس به‌شداربووین.
باشه مامۆستا هیچ چالاكییه‌كی دیكه ئه‌گه‌ر بێته‌وه یادتان ؟
به‌ڵێ یاده‌وه‌رییه‌كان گه‌لێك زۆرن، به‌ڵام لێره‌دا دوو یاده‌وه‌ریی ئه‌وڕۆژگاره خۆشانه باس ده‌كه‌م ، ساڵی (1959) بوو تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی بانگهێشت كرابوو بۆ كۆیه ، له‌یانه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئاهه‌نگه‌كه سازكرا، ده‌ستپێكی ئاهه‌نگه‌كه هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی پارچه مۆسیقایه‌كیان به‌ناوی ( دیاری) پێشكه‌شكرد، دوای چه‌ند به‌رهه‌مێك هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند ( قادر دیلان1928_ 18/3/1999) و( نه‌جاتی عه‌بده) پێكه‌وه گۆرانی ( كڵپه‌ی ده‌روون) یان پێشكه‌ش كرد، ئه‌و گۆرانیه ئه‌وه‌نده خۆش و به‌هه‌ستێكی هونه‌رییه‌وه خوێندیان تائێستاش تێكست و میلۆدییه‌كه‌م له‌یاد ماوه ( مامۆستا به‌ده‌نگی خۆی گۆرانییه‌كه‌ی خوێند ، ج ،د) ، تیپی باواجی یش به‌شداربوون له‌وئاهه‌نگه ، شه‌هید جه‌عفه‌رعه‌بدولواحید ئه‌وكاته ڕاهێنه‌ری شایی و هه‌ڵپه‌ڕكێ بوو له‌كۆیه ، له‌وئاهه‌نگه‌دا ئه‌ویش گۆرانییه‌كی خوێند به‌ناوی ( مانگی خشت له‌ناوجه‌رگه‌ی ئاسمانا) ،له‌و ئاهه‌نگه‌دا من كۆرس بووم ، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندان ( تایه‌ر تۆفیق 1922_20/10/1978) و ( سێوه 1891_9/12/1963) ئه‌وانیش به‌ده‌نگه خۆشه‌كانیان به‌شداریان كرد، ئای چ حه‌شرێكی پڕ مۆسیقا و خۆشیی بوو ، دوای ئه‌و ئاهه‌نگه تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی مامه سێوه‌یان بردبۆ شاری سلێمانی،
یاده‌وه‌رییه‌كی دیكه‌ی ئه‌و ساڵه (1959) بیرمه جگه له‌كۆرس ، گۆرانیشم گووت، یه‌كێتی قوتابیانی عێراق گه‌شتێكی هونه‌رییان بۆسازكردین بۆ ( شه‌قڵاوه) به‌سه‌رپه‌رشتی ( فه‌ره‌نسۆ حه‌ریری) یادی به‌خێر ،له‌وێ ئاهه‌نگی گۆرانی و مۆسیقاسازكرا، له‌و ئاهه‌نگه‌دا من سروود و گۆرانیم گووت، سرووده‌كه به‌ناوی
( له‌خه‌وڕاپه‌ڕه) هی مامۆستا باكووری بوو ، به‌داخه‌وه ناوی گۆرانیه‌كه‌م له‌یاد نه‌ماوه، وابزانم گۆرانییه‌كی عه‌ره‌بی بوو ..؟!
بۆساڵی خوێندنی (1961) مامۆستا باكووری ده‌گوازرێته‌وه بۆشاری هه‌ولێر و ، كۆیه‌و قوتابیه به‌هره‌مه‌نده‌كانی به‌جێده‌هێڵێ.
تیپی باواجی ماوه‌ی ساڵ و نێوێك بۆ دوو ساڵ كار‌و چالاكییه هونه‌رییه‌كانیان به‌رده‌وام ده‌بێت ، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( زاهیر محه‌مه‌د و ئه‌نوه‌ر مه‌لاتاهیر 1941_ 14/1/1996) و كه‌ریم حه‌مه‌د ، له‌ساڵی (1959) قۆناغی ناوه‌ندی ته‌واو ده‌كه‌ن و له‌په‌یمانگای هونه‌ره جوانه‌كانی به‌غدا ، به‌شی مۆسیقا وه‌رده‌گیرێن، سستی به‌كارو چالاكییه هونه‌رییه‌كانیانه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ،
مامۆستا وریا قادر ده‌ڵێت :
هه‌رچه‌نده مامۆستا باكووری له‌كۆیه نه‌مابوو ، هه‌ندێك له‌هاوڕێكانمان له‌به‌غدا له‌به‌شی مۆسیقا ده‌یانخوێند، به‌ڵام ئه‌و گوڕ‌و تین و خۆشه‌ویستیه‌مان بۆ مۆسیقا و گۆرانی هه‌رمابوو، به‌هه‌وڵی براده‌ران هانیان دام كه‌خۆم فێری ئامێری ڕیتم بكه‌م سه‌ره‌تا به( ده‌فسنجان) خۆم فێركردو به‌شداری چالاكی هونه‌ریم كرد ،
له‌یادمه له‌یاریگای كۆیه ئیستعرازێك له( مانگی 4 ی 1961 ) سازكرا من به‌ژه‌نینی (ده‌فسنجان) به‌شداربووم له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی هونه‌رمه‌ند( كاكه مه‌م قادر به عوود، ئیبراهیم فه‌رجوڵڵا به‌كه‌مانچه ، سه‌ردارئه‌حمه‌د به‌نای و جانا تۆماس به‌ئیقاع) .
به‌وشێوه‌یه له‌نێوان كۆرس و ژه‌نینی ئامێری ده‌فسنجان به‌شداریم هه‌بووه ، حه‌زو ئاره‌زووم چووه سه‌ر ژه‌نینی ئامێری ( كه‌مانچه) به‌ڵام عه‌شقم بۆ هونه‌ر و ئه‌و ئامێره هه‌بوو، له‌ساڵی (1970) ئامێرێكی كه‌مانچه‌م به (4) دیناری ئه‌وكاته له‌براده‌رێكی خۆم له‌كۆیه كڕی ،
هیچم لێ نه‌ده‌زانی ڕۆژانه ده‌چوومه باره‌گای تیپی باواجی ، ئه‌و كاته هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( وریا ئه‌حمه‌د) وانه‌ی مۆسیقای پێده‌وتین ، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌بڵێم زیاتر له‌ڕێی برای هونه‌رمه‌ندم ئیبراهیم فه‌ره‌جوڵڵا وه، ئه‌و ئامێری كه‌مانچه‌ی هه‌بوو ، زۆر هانی دام و زۆر شتی لێوه فێربووم و هاوكارم بوو،
به‌ڕه‌حمه‌ت بێت مامۆستا ( سه‌ردارئه‌حمه‌د 1945_ 17/3/2019) خولی مۆسیقای كردبۆوه بۆقوتابیان، منیش چونكه زۆر حه‌زو خولیام بۆمۆسیقا هه‌بوو، ده‌چووم گوێم لێده‌گرتن و له‌ڕێی مامۆستا سه‌رداره وه فێری نۆته‌ش بووم.
دوای وه‌رگرتنی مۆڵه‌تی فه‌رمی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، به‌نوسراوی ژماره( 812) له( 1/3/1972) ، منیش له‌و ساڵه‌دا (1972) بووم به‌ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه، ڕۆژانه سه‌رقاڵی پرۆڤه‌كردن بووم ، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌نده‌م پرۆڤه‌م له‌گه‌ڵ كه‌مانچه‌كه‌م دا ده‌كرد ماڵه‌وه‌شم بێزاركردبوو..!
ئه‌وكاته له‌گوندی سێگردكان مامۆستا بووم ، به‌ڵام له‌وه‌رزی هاوین و پشووی قوتابخانه ده‌گه‌ڕامه‌وه كۆیه‌و سه‌رقاڵی پرۆڤه‌كردن بووم له‌گه‌ڵ هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانم و ، هیچ كاتم به‌فیڕۆ نه‌ده‌دا.
پرسیار : مامۆستا ئه‌ی له‌گوندی سێگردكان ئه‌و ماوه‌یه‌ی مامۆستای قوتابخانه‌كه‌یان بوویت، هیچ چالاكییه‌كی هونه‌ریتان بۆ قوتابیه‌كانت ئه‌نجام نه‌داوه؟
وه‌بیرم هاته‌وه بۆ نه‌ورۆزی ساڵی (1973) به‌هاوكاری مامۆستا ( محه‌مه‌د مه‌دحه‌ت ) و مامۆستا( فوئاد) ئاهه‌نگێكی جوان شیاو بێت به‌و جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه ( نه‌ورۆز) سازبكه‌ین و هه‌موو خه‌ڵكی گونده‌كه ئاماده‌ی ئاهه‌نگه‌كه‌بوون، ته‌نانه‌ت مه‌لای گوندیش به‌شداربوو، چه‌ندین وتار خوێندرایه‌وه‌له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌كه‌وه زۆر پێشوازی جوانی لێكرا و خۆشحاڵ بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه یه‌كه‌م جاربووه له‌و گونده ئاهه‌نگ و چالاكی هونه‌ری بكرێت.
پرسیار : دوای ئه‌وه‌ی تیپی مۆسیقای باواجی به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی مۆڵه‌تیان وه‌رگرت و كار‌و چالاكییه هونه‌ریه‌كانیان بردۆته‌وه ده‌ره‌وه‌ی شاری كۆیه‌و له‌ته‌له‌فزیۆنی به‌غدا و كه‌ركوك چه‌ندین به‌رهه‌می ناوازه‌یان تۆماركرد و جێی سه‌رنج و خۆشحاڵی گوێ‌گران و بیسه‌ران بوو، ئایا ئه‌وكاته به‌ڕێزتان له‌و به‌رهه‌مانه و میهه‌رجانی یه‌كه‌می هونه‌ری كوردی له(مانگی 2ی ساڵی 1974) وه‌ك ژه‌نیار به‌شداریتان هه‌بوو له‌و چالاكییه هونه‌رییانه‌دا.؟
وه‌ڵام : نه‌خێر له‌و چالاكییه هونه‌رییانه‌دا من به‌شدار نه‌بووم ، چونكه هێشتا ده‌ست و په‌نجه‌م نه‌گه‌یشتبووه ئه‌و ئاسته به‌رزه تا بتوانم له‌پاڵ هونه‌رمه‌ندانی هاوڕێم وه‌ك ژه‌نیاری كه‌مانچه بژه‌نم..! به‌ڵام ئه‌ندامی تیپه‌كه بووم ، دوای ئه‌وه شۆرش له‌ساڵی (1974) ده‌ستی پێكرده‌وه من نه‌متوانی بچمه ده‌ره‌وه و زۆربه‌ی هاوڕێكانم له‌شاخ له‌تیپی مۆسیقای شۆڕش دابوون ، به‌ڵام من له‌به‌ر ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی خانه‌واده‌كه‌م نه‌متوانی وه‌ك ئه‌وان به‌شداربم له‌شۆرش و تیپی مۆسیقای شۆڕش.
ده‌بێت ئه‌و زانیاریه‌شت پێبده‌م ، به‌داخه‌وه دوای نسكۆی ساڵی (1975) حكومه‌تی به‌عس بریارێكی شۆڤێنی دابوو ، مۆڵه‌تی له‌تیپی مۆسیقای باواجی سه‌ندبۆوه ، تیپ بۆی نه‌بوو هیچ چالاكییه‌كی هونه‌ری بكات به‌داخه‌وه، له‌و ماوه‌یه‌دا من به‌شداریم وه‌ك تاك له‌چه‌ند به‌رهه‌مێكی ته‌له‌فزیۆنی كه‌ركوك دا كردووه ، یه‌كێك له‌و به‌رهه‌مانه گۆرانی ( مه‌له‌نگێنه) ی مامۆستا ( باكووری) بوو،
سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی هه‌ولێر داوای له‌هونه‌رمه‌ندانی باواجی كۆیه كرد‌به‌شداری چالاكی هونه‌ریی بكه‌ن له‌به‌غدا ده‌كرێت ، ئێمه‌ش ساڵی (1978) به‌سه‌رپه‌رشتی مامۆستا (زاهیر محه‌مه‌د) چوینه شاری به‌غدا من وه‌ك مۆسیقاژه‌نی كه‌مانه‌چه به‌شداربووم تیپه مۆسیقیه‌كانی شاره‌كانی ( سلێمانی و دهۆك) یش به‌شداربوون له‌گه‌ڵماندا.
له‌ساڵی (1983) تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه جارێكی دیكه مۆڵه‌تی فه‌رمی كاركردن وه‌رده‌گرێته‌وه وبه‌گوڕو تینێكی نوێ وه ده‌كه‌وێته‌وه خزمه‌تكردن به‌ئاوازو مۆسیقا و گۆرانی وراتی كۆیه به‌تایبه‌تی و كوردستان به‌گشتی ، هه‌روه‌ها وه‌ك سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی تیپ له‌سه‌ر بنه‌مای پشت به‌ستن به ڕه‌سه‌نایه‌تی له میلۆدی و تێكست و ده‌نگی خۆش و زوڵاڵ ده‌كه‌ونه‌وه خه‌بات و تێكۆشان و چالاكی هونه‌ریی.
هونه‌رمه‌ند وریا قادر ، پێی ڕاگه‌یاندم له‌گه‌ڵ وه‌رگرتنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی تیپ ، منیش وه‌ك هه‌موو ئه‌ندامه ئازیزه‌كانی تیپه جوانه‌كه‌ی باواجی پێكه‌وه به‌وپه‌ڕی خۆشه‌ویستی و خۆنه‌ویستی ده‌ستمان به‌كاری هونه‌ریی كرده‌وه، توانیمان جارێكی دیكه مێژوویه‌كی جوان و پرشنگدار بۆ شاره‌كه‌ی كۆیه‌و كوردستان بنه‌خشێنینه‌وه.
به‌مامۆستا وریا قادرم گووت : بابگه‌ڕێینه‌وه بۆ كاری مامۆستاییه‌كه‌تان ،ماوه‌ی (5) ساڵ له‌گوندی سێ گردكان وانه‌تان به‌قوتابیان وتۆته‌وه، ئایا هه‌رله‌وێ مایته‌وه یان گه‌ڕانه‌وه بۆ كۆیه ،یان گوازرایته‌وه بۆ شوێنێكی دیكه؟
وه‌ڵام : نه‌خێر ڕاسته‌وخۆ نه‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ناو شاری كۆیه ، به‌ڵكو دوای پێنج ساڵ وانه وتنه‌وه، گوازرامه‌وه بۆ ( هه‌رمۆته) ماوه‌ی (20) ساڵی ته‌واو له‌هه‌رمۆته هه‌موو وانه‌كانم به‌قوتابیان وتۆته‌وه له‌گه‌ڵ وانه‌ی (سروود و گۆرانی)، دوای ئه‌و ماوه زۆره ئینجا له ساڵی (1995) گواسترامه‌ته‌وه بۆ ناو شاری كۆیه بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان ، له‌و كاته‌دا هونه‌رمه‌ند و مامۆستا ( سه‌ردار ئه‌حمه‌د) به‌به‌ڕه‌حمه‌ت بێت له‌چالاكی قوتابخانه‌كان سه‌رپه‌رشتیارمان بوو.
باشه مامۆستا ساڵی چه‌ند له‌كاری مامۆستایه‌تی خانه‌نشین بوویت؟
من له ساڵی (2006) له‌كار و وه‌زیفه خانه‌نشین بووم، كاری هونه‌ریی و كاری مامۆستایه‌تیم كه هه‌ردوكیان كارێكی پیرۆزه به‌یه‌كه‌وه هاوته‌ریب هه‌ردووكیانم له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نم هێنا، وه تا ئێستاش ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه بووم ، له‌هه‌موو چالاكییه هونه‌رییه‌كانی تیپ له‌ناو شار و له‌ده‌ره‌وه‌ی شاری كۆیه به‌شداریم كردووه.
مامۆستا وریا به‌رێزتان له‌وماوه زۆره‌ی ژیانی هونه‌ریتان وه‌ك ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه هیچ ئاواز یان ئاماده‌كردنی مۆسیقا بۆ گۆرانی ئه‌نجامتان داوه ؟
به‌ڵێ به‌خۆشحاڵییه‌وه چه‌ندین ئاوازم بۆ گۆرانی و ئۆپه‌رێت داناوه، دواین كاری هونه‌ریم ئاوازێكه بۆ ( بێژه جه‌لال) به‌ناوی ( هه‌واری یاد) له‌هۆنراوه‌ی مامۆستا ( شوان ئه‌حمه‌د) ه له‌م ماوه‌یه‌دا كاری كلیپكردنه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێـت.
ئه‌وانی پێشووم ئه‌وه‌ی بێته‌وه یادم ، گۆرانی ( خه‌زێم بۆ ئیبراهیم سابیر ) ،( دڵداری تازه، هۆنراوه‌ی مامۆستا غه‌ریب پشده‌ری ، گوتنی دیاری به‌رزنجی ) ،( ده‌خیلت بم له‌عوشاقت ، ئه‌وه به‌كۆرس خوێندراوه ) ،( گه‌شتێك بۆ باغی شار و نه‌سرین ده‌مێكه داخت له‌دڵمه،هه‌ردوكیان ئۆپه‌رێتن) ، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێم خاوه‌نی كتێبێكم به‌ناوی ( گوڵه نێرگز) كۆمه‌ڵه هه‌ڵبه‌ستێكه تایبه‌ته به‌منداڵان، هه‌ندێك له‌هه‌ڵبه‌سته‌كان هی خۆمه و ئه‌وانی دیكه هی شاعیرانی وه‌ك ( شوان ئه‌حمه‌د ، مه‌ولود حسێن، محه‌مه‌د داریاس ، مه‌دحه‌ت بێخه‌و ، ڕۆسته‌م حه‌وێزی و جه‌لال جۆبار) به‌خۆشحاڵییه‌وه له‌ساڵی (2007) چاپ كراوه و هه‌موو ئاوازه‌كان خۆم دامناون.
له‌سروود و گۆرانیش ئه‌وانه‌ی ئاوازی خۆمن وه‌ك ( شیرینه ، جه‌ژنی سه‌ری ساڵ ، پێنووس ، ته‌مه‌نم شه‌ش ساڵانه ، منداڵی بچوكم ، نه‌ورۆز ، مافی مرۆڤ، خۆری خه‌بات ، وه‌رزه‌كانی ساڵ، ماسی ، باخچه‌ی ساوایانی كۆیه ، ئێمه قوتابین ، ڕۆژانی هه‌فته ، كه‌روێشك و ئامۆژگاری و ....تاد ) .
سه‌باره‌ت به‌و ماوه دورو درێژه‌پڕ له‌هه‌ورازو نشێوه‌ی ژیان و تێكۆشانی هونه‌ریی، په‌یوه‌ندیم به‌مامۆستاو هونه‌رمه‌ند و ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه ، هونه‌رمه‌ند ( سه‌فین عه‌بدولڕه‌زاق) ه‌وه كرد ، خوێندنه‌وه‌و تێڕوانینی خۆی ده‌رباره‌ی مێژووی هونه‌ریی مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( وریا قادر حه‌سه‌ن) ، هونه‌رمه‌ند سه‌فین عه‌بدولڕه‌زاق پێی ڕاگه‌یاندم :
( هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا قادر له‌ساڵه‌كانی (1957 _1958) كاری كۆرس و مۆسیقای له‌باواجی كۆیه بووه ، یه‌كێك بووه له‌قوتابیه‌كانی مامۆستا ( باكووری) له‌بواری فێركردن و په‌روه‌رده و بواری هونه‌ریی، مامۆستا وریا له‌گه‌ڵ شه‌هید ( جه‌عفه‌ر عه‌بدولواحید) كۆرس بووه، مامۆستا شه‌هید جه‌عفه‌ر گۆرانی گوتووه و مامۆستا وریا كۆرسی بووه له‌نه‌ورۆزی ساڵی 1959 له‌كۆیه.
هونه‌رمه‌ند له‌ژیانیدا گه‌لێك كاری گه‌وره‌و به‌نرخی ئه‌نجامداوه ، له‌بواری مۆسیقا و گۆرانی ، چه‌ندین ئاوازی داناوه به‌تایبه‌ت بۆ منداڵان ، كتێبێكی جوان و خنجیلانه‌ی به‌چاپ گه‌یاندووه‌و پێشكه‌شی منداڵانی كردووه ، هۆنراوه‌و ئاوازه‌كانی تایبه‌تن به‌منداڵان. مامۆستا توانای ئاماده‌كردنی ئۆپه‌رێتیشی هه‌بووه و ئاماده‌ی كردووه، گۆرانی ئاماده‌كردوه‌و ئاوازی بۆداناوه یه‌ك له‌وانه گۆرانیه‌كی فۆلكلۆره كه‌بۆ هونه‌رمه‌ند ( ئیبراهیم سابیر) به‌ناوی ( خه‌زێم و خه‌زێم) ،
له‌لایه‌كی دیكه‌وه مامۆستا وریا له‌ده‌سته‌ی به‌رێوه‌به‌ری تیپی باواجی ده‌ستێكی باڵای هه‌بووه، له‌هه‌یئه‌ی ئیداری و ماوه‌یه‌كیش سه‌رۆكی تیپ بووه،ماوه‌یه‌كیش ژمێریار و به‌رێوه‌به‌ری كارگێڕی تیپ بووه ،زۆر به‌دڵسۆزانه و چالاكانه كاره‌كانی ئه‌نجامداوه، زۆركه‌سێكی پاك و دڵسۆز بووه ، ته‌نانه‌ت له‌كۆڕه‌وی ساڵی (1991) شار هه‌مووی چۆڵی كرد ئه‌و له‌خه‌می تیپدا بوو ، ئه‌وه‌بوو من مامۆستا وریا هه‌موو كه‌ل و په‌له‌كانمان برده ماڵه‌كه‌یی و تا ژیان ئاسایی بۆ وه پاراستنی،
مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وریا كه‌سێكی زۆر گه‌وره‌یه له‌هه‌موو بارودۆخه‌كاندا دڵسۆز‌و خه‌مخۆری تیپ و ئه‌ندامه‌كانی بووه، كه‌سێكی به‌په‌رۆش بووه بۆ هه‌مووان،هه‌تائێستا ئه‌و مامۆستا ئازیزه به‌رده‌وامه له‌گه‌ڵمان ، له‌چله‌ی مامۆستا (باكووری) بانگهێشت كرابووین وه‌ك تیپی باواجی ، ئێمه مامۆستا وریا مان وه‌ك كه‌سێكی گه‌وره‌و ئه‌ندامێكی دێرینی تیپی باواجی و ڕاوێژكاری تیپه‌كه له‌گه‌ڵ خۆماندا هێنامان بۆ شاری هه‌ولێر ، هیوای به‌رده‌وامی و ته‌مه‌ندرێژی و ته‌ندروستی باشی بۆده‌خوازم) (1) .
له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا قادر ،له‌ساڵی (1976) له‌گه‌ڵ خاتوو( دڵنیگاعومه‌ر عه‌بدوڵڵا) هاوسه‌رگیری كردووه و به‌روبوومی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شییه (دوو كچ) بووه.
هونه‌رمه‌ند و مامۆستا وریا قادر له‌شاره جوانه‌كه‌ی كۆیه ده‌ژی و له‌دواین پرسیارم له‌مامۆستا ده‌رباره‌ی تیپی باواجی كۆیه چی ده‌ڵێت و خوێندنه‌وه‌ی بۆئه‌و تیپه كه‌خۆی مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه له‌گه‌ڵیاندا؟
به‌رله‌وه‌ی وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت بده‌مه‌وه ، سه‌ربه‌رزو سه‌رفرازم كه‌له‌م شاره‌دا چاوم هه‌ڵهێناوه ، شاری كۆیه ، مه‌ڵبه‌ند و لانه‌كه‌ی كوردایه‌تی ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و ڕۆشنفكران ، له‌م شاره‌دا له‌دایكبووم خاوه‌نی مارشی نه‌ته‌وه‌كه‌مه ئه‌ویش سروودی ( ئه‌ی ڕه‌قیب) ی دڵداری شاعیره ، خاوه‌نی سروودی (ئه‌ی شه‌هیدان) ئاواز‌و هۆنراوه‌كه‌ی هی مامۆستا ( محه‌مه‌د تۆفیق ووردی) یه كه‌بۆهه‌موو شه‌هیدانی كوردستانی وتووه ،جارێكی دیكه سه‌ربه‌رزم كه‌ڕۆژێك له‌ڕۆژان ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه بووم و ، تائێستاش خۆم به ئه‌ندامی تیپی مۆسیقای باواجی ده‌زانم و بۆهه‌میشه شانازیی پێوه‌ده‌كه‌م ، ماوه‌ی (36) ساڵه ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی تیپی باواجی كۆیه بووم و ئه‌و تیپه بۆمن هه‌موو شتێكه و ژیانمه ، ده‌مه‌وێت لێره‌وه ئه‌وه بڵێم سوپاسگوزاری بۆ هه‌موو ئه‌و هونه‌رمه‌نده خۆشه‌ویستانه‌ی كه جێ ده‌ستیان هه‌بووه له دانانی بناغه و سه‌رخستن و پێشخستنی تیپی باواجی ، هه‌روه‌ها له‌دڵه‌وه هیوای سه‌ركه‌وتن و به‌رده‌وامی بۆئه‌و هونه‌رمه‌نده گه‌نج و لاوانه‌ی ئێستای تیپه ئازیزه‌كه‌م ده‌خوازم و تكاكارم به‌رده‌وام بن و هه‌میشه له‌پێناوگه‌شه‌كردنی زیاتری تیپی باواجی تێبكۆشن و دڵنیام ڕێگاپیرۆزه‌كه‌یان هه‌رده‌م ڕۆشن و فراوان ده‌بێت. جه‌مالی ده‌لاك 28/12/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ( سه‌فین عه‌بدولڕه‌زاق) ، رۆژی دووشه‌ممه (26/12/2022) ( هه‌ولێر _ كۆیه)
سوپاس و پێ‌زانین بۆ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند وریا قادر حه‌سه‌ن، بۆ میوانداریی و كات به‌خشینی پێم بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و دیداره ، یه‌ك دوو جار په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی ( ج ، د) .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.