Erbil 15°C یەکشەممە 12 ئایار 13:10

بۆ كارئاسانیی هاووڵاتیيان دوو هێڵی گەرمی پەیوەندیكردن لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران كارا دەكرێن

کوردستان TV
100%


 لە ماوەی ساڵێك و سێ مانگی تەمەنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتيیان بۆ سکاڵا و بەدواداچوونی كارەكانیان، سەردانی ئیدارەی سۆرانیان كردووە.
بۆ كارئاسانیی زیاتر بۆ هاووڵاتیان و ڕاییكردنی كارەكانیان و كەمكردنەوەی قەرەباڵغی لە فەرمانگەكان، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ ئەم مەبەستە دوو هێڵی گەرمی بۆ هاووڵاتیان كارا كرد، كە بریتین لە هەردوو ژمارە تەلەفۆنی:
07507000401
07507000501
لە رۆژی دووشەممەوه‌، 2ی كانوونی دووەمی 2023ـەوە، كە یەكەم رۆژی دەوامی فەرمیی ساڵی نوێ بوو، هێڵەكان كارا كراون.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵگورد شێخ نەجیب، لە لێدوانێكیدا بۆ پێگەی فەرمی حكومەت ئاماژەی بەوە كرد: هێڵەكان ڕۆژانە لە کاتژمێر 9ی بەیانی تا 9ی شەو کراوەن و هەر سکاڵا و داواکارییەک هەبێت وەریدەگرن، هەروەها هەر داوا و سکاڵایەک کە لایەنی پەیوەندیدار بتوانن خۆیان چارەسەری بکەن ئەنجامی دەدەن، ئەوەی دیکە کە پێویستی بە بڕیاری سەرپەرشتیاری ئیدارە هەبێت، دوای كاتی دەوام داواکاری و سکاڵاکان دەبینێت و کاری لەسەر دەكات بەمەبەستی چارەسەر كردنیان.
هەروەها هەڵگورد شێخ نەجیب گوتی: هاووڵاتیان لە هەر شوێنێک کە دەزانن کێشەکەیان چارەسەر ناکرێت، دەتوانن پەیوەندی بەو دوو ‌هێڵە گەرمەوە بکەن و بە هەمان شێوە، ئەو هاووڵاتییانەی کە پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانەوە دەکەن، وەڵامیان دەدرێتەوە و چارەسەرەکەشیان پێدەگوترێت.
دەربارەی میكانیزمی وەرگرتنی پەیوەندیی هاوڵاتییان ڕوونیكردەوە:كە بە شێوەیەكە، ئەو کەسانەی پەیوەندی دەکەن ناو و زانیارییەکانیان تۆمار دەکرێت، وەڵامەکە ئەرێنی بێت یان نەرێنی لەبارەی داوا و سکاڵاکانیانەوە وەڵامیان دەدرێتەوە.
هەروەها سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەوەشی خستەڕوو، بۆ ئەم مەبەستە تیمێكی تایبەت لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئامادەكراوە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوون بۆ داواكارییەكانی هاووڵاتییان، ئەو هێڵە گەرمە زیاتر بۆ ئەو کەسانەیە کە سۆشیال میدیا بەکارنا‌هێنن.


دانانی هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.