خۆشحاڵ و سه‌رفرازم میلله‌ته‌كه‌م له‌بواری هونه‌ری مۆسیقادا له‌ته‌واوی كوردستان خاوه‌نی ده‌یان هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیاری ده‌ست و په‌نجه زێڕینی به‌توانایه ، هه‌ریه‌كه‌یان له‌مێژووی پرشنگداری مۆسیقا و گۆرانی كوردی داجێده‌ست و په‌نجه‌یان دیار و دره‌وشاوه‌یه له بواری ئاماده‌كردن و دابه‌شكردن و ئاوازدانان، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه هه‌موو كات پشت و په‌نا و هاوكاری هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ بوون ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هه‌ردوولا خه‌رمانی مۆسیقا و گۆرانی كوردی‌یان ده‌وڵه‌مه‌ند و پڕ به‌رهه‌متر كردووه .
ئه‌و هونه‌رمه‌نده ژه‌نیارانه‌ی ده‌بێت بۆ هه‌میشه شانازییان پێوه بكه‌ین و به‌وپه‌ڕی ڕێز‌و حورمه‌ته‌وه كاره هونه‌رییه‌كانیان به‌رزبنرخێنین و سوپاسگوزاری تێكۆشان و ماندوبوونیان بین هونه‌رمه‌ندانی وه‌ك: ( ولیه‌م یوحه‌ننا ، قادر دیلان ، شه‌وكه‌ت ڕه‌شید ، موشته‌بای میرزاده، ئه‌نوه‌ر قه‌ره‌داخی ، حه‌سه‌نی كامگار ، حه‌سه‌ن و حوسێنی یوسف زه‌مانی ،وریا ئه‌حمه‌د ،سه‌ردار ئه‌حمه‌د، خالید سه‌ركار ، سه‌لاح ڕه‌ووف ، دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید ، زرار مسته‌فا ڕ‌واندزی ، نامدار قه‌ره‌داخی، دلێر ئیبراهیم ، د،عه‌بدوڵلا جه‌مال سه‌گرمه ، عوسمان محه‌مه‌د ئه‌مین ،سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی ، واحید مه‌رجان، باكووری، جان تۆماس ، فره‌نسیس داود ،حه‌سه‌نی نه‌ی ، قاله مه‌ڕه ، ئه‌حمه‌د داوده و ....تاد ) له‌كاتی ئێستادا زۆرێك له قوتابییه سه‌ركه‌وتووه‌كانی ئه‌و مامۆستایانه كه پێشه‌نگ بوون له‌بواری موزیكژه‌نین دا، ئه‌مڕۆ بوونه‌ته مامۆستا‌و ڕابه‌ری مۆسیقا له‌كوردستاندا، وه‌ك مامۆستاكانیان ڕێبوارێكی دڵسۆز‌و به‌ئه‌مه‌كی ڕێگاپیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردینهونه‌رمه‌ندانی وه‌ك ( ئامانج غازی ، زانامه‌حمود هه‌ژار ، سه‌ید ئه‌حمه‌دڕ‌واندزی ، جه‌مال محه‌مه‌د ئه‌دیب ،چه‌تۆنه‌ورۆز ، عادل محه‌مه‌د كه‌ریم، ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو، گۆران كامیل، نیاز نوری ، فاروق باپیر،هه‌ڵبه‌ست سه‌لاح ، ئالان عارف، ئاكۆ عه‌زیز و .....تاد )
یه‌كێكی دیكه له‌و هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگینانه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، هونه‌رمه‌ندێكه كه هه‌موو ژیانی خۆی ته‌رخانكرد له‌پێناو سه‌رخستن و ناساندنی مۆسیقای كوردی، له‌ده‌ستپێكی كاری هونه‌رییه‌وه تا به‌ئه‌مڕۆ ده‌گات، پشت و په‌نا و دڵسۆزی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ بووه ، ئه‌ویش هونه‌رمه‌ندێكی هه‌ست ناسك و خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی به‌رزی هونه‌ری له‌ژه‌نینی ئامێری ( عوود)دا به‌شێوازه تایبه‌تییه‌كه‌ی خۆی ، هونه‌رمه‌ندێكه شاره‌زا له‌ئاوازدانان ، ئاماده‌و دابه‌شكردنی مۆسیقا و دانانی هۆنراوه‌دا،
هونه‌رمه‌ند ( ڕزگار خۆشناو ) ه، ده‌روێشه بێ وێنه‌كه‌ی مۆركی ڕه‌سه‌نایه‌تی ئاوازی كوردی.
له‌دامێنی چیای سه‌فین و له‌هاوینه هه‌واره دڵفڕێنه‌كه‌ی (شه‌قڵاوه) له‌ساڵی (1952) ( ڕزگار حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د) ، ناسراو به ( ڕزگار خۆشناو) له‌و ژینگه پاك و سه‌رنج ڕاكێشه‌ی كوردستان چاوی به‌ژیان هه‌ڵهێناوه،
هونه‌رمه‌ند زاده‌ی خانه‌واده‌یه‌كی تێكۆشه‌ر و عاشق به‌هونه‌ر و كه‌له‌توور و فه‌رهه‌نگی نه‌ته‌وه‌كه‌یه‌تی.
ڕزگار خۆشناو، خاوه‌نی ( شه‌ش برا و یه‌ك خوشكه) ، هونه‌ر بۆته به‌شێكی گرنگ له‌ژیانی خانه‌واده‌كه‌ی دا ، هونه‌رمه‌ند ( ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو) برای هونه‌رمه‌ند ، ئه‌ویش یه‌كێكه له‌هونه‌رمه‌نده دیاره‌كانی كوردستان له‌بواری ژه‌نینی ئامێری ( كه‌مانچه) له‌زۆر وێستگه‌كانی ژیانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناوی برایدا هاوكار بووه.
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ری هونه‌رمه‌ند (ڕزگار خۆشناو) ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو ، له‌قۆناغی خوێندنی سه‌ره‌تایی، هونه‌رمه‌ند خولیا و حه‌زی بۆ مۆسیقا و گۆرانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌ناخیدا چرۆ ده‌كات، كاتێك قوتابی قۆناغی ناوه‌ندی ده‌بێت، كۆرس بووه له‌تیپی قوتابخانه‌كه‌ی ، له‌شه‌قڵاوه هه‌رئاهه‌نگێك سازكرابێت، ڕزگاری مێردمنداڵ به‌عه‌شقه‌وه له‌ده‌ست و په‌نجه‌ی ژه‌نیاره‌كانی ڕوانیوه،له‌قوتابخانه سوودی له‌م مامۆستا هونه‌رمه‌ندانه وه‌رگرتووه( واحید و یه‌حیا مه‌رجان ، فه‌ره‌یدون دارتاش و سه‌ردار زوهدی) فێری مۆسقا بووه و له‌و ته‌مه‌نه‌دا عاشقی ئامێری ( عوود) بووه ، هه‌میشه هه‌ستی كردووه كه ئامێری عوود له‌گه‌ڵ ڕۆحی دا ئاوێته بووه ،ئه‌و حه‌زو خولیا‌و عاشق بوونه به مۆسیقا و ئامێری عوود، كاریگه‌ر له‌سه‌ر ڕزگار خۆشناو داده‌نێ و له‌ته‌مه‌نی (15) ساڵیدا له‌یادی جه‌ژنی نه‌ورۆزی ( 1967) توانیویه‌تی ئاواز بۆ هۆنراوه‌یه‌ك به‌ناوی (به‌هار) و تێكسته‌كه‌ش هه‌ر خودی خۆی نوسیویه‌تی دابنێ ، كه‌واته له‌و ته‌مه‌نه مێردمنداڵییه‌دا په‌روه‌ردگار ئیلهامێكی ئیلاهی پێبه‌خشیوه‌و ڕێگای ڕۆشن كردووه كه‌به‌رده‌وام بێت و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌لاشیرین تربێت.
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو، ماوه‌ی(3) ساڵ، له ساڵی (1967 تا 1970) به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی، دڵسۆزانه به‌شداری هه‌موو بۆنه نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی شۆڕشی ئه‌یلولی له‌ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا له ( گه‌ڵاڵه‌و چۆمان و ناوپردان) وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی موزیكژه‌ن كردووه ، ڕۆژ به‌ڕۆژ توانای هونه‌ری هونه‌رمه‌ند زیاتر گه‌شه ده‌كات و چالاكتر ده‌بێت و كاره هونه‌رییه‌كانی به‌سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجام ده‌دات ، ئه‌و به‌رجه‌سته بوونه‌ی كه‌سایه‌تی و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه گروپێكی هونه‌ری له‌شه‌قڵاوه له‌ساڵی (1968) دابمه‌زرێنن ناوی بنێن ( تیپی مۆسیقای سه‌فین)، له‌لایه‌ن به‌رپرسانی لیژنه‌ی ناوچه‌ی شه‌قڵاوه به‌ڵێنی دابینكردنی ئامێره‌كانی مۆسیقایان پێ ده‌درێت و هاوكاریان بكه‌ن.
هونه‌رمه‌ندانی تیپی مۆسیقای سه‌فین له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیانه‌وه بریتی بوون له هونه‌رمه‌ندان ( مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن قادر ،سه‌رۆكی تیپ بووه و ئامێری كه‌مانچه و عوودی ژه‌نیوه ) (حه‌مید قه‌ساب ژه‌نیاری ئامێری كه‌مانچه‌و ئاوازدانه‌ر ) ، فاروق ساڵح كۆیی، ڕه‌نجبه‌ر خۆشناو ، سابیر سابیر، ئازادمه‌جید عومه‌ر ، بێجان بابه‌جان ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه ئامێری كه‌مانچه یان ژه‌نیوه ) ، ( ڕزگار خۆشناو _ئامێری عوود) ( محه‌مه‌د شێخ _ئامێری ئیقاع) ، ( ئه‌ندراوس _ ئامێری ئۆكۆردیۆن) ، (ئه‌مین سه‌رسپی _ئامێری نای) ،
( نه‌جات جه‌رجیس_ ئامێری كلارنێت) ، ( ڕه‌مزی مه‌هدی حه‌سه‌ن ، سروود و گۆرانیبێژ ) ،( جه‌عفه‌ر حه‌سه‌ن ، گۆرانیبێژی میللی تیپ).
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو دوای ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی خوێندنی ( سه‌ره‌تایی ، ناوه‌ندی و ئاماده‌یی) له‌شاره جوانه‌كه‌ی شه‌قڵاوه ، بڕیارده‌دات كه درێژه به‌خوێندن بدات ، له‌ساڵی (1971) ڕووده‌كاته شاری به‌غداد ده‌بێته قوتابی له‌په‌یمانگای مۆسیقای ڕۆژهه‌ڵاتی له‌سه‌ر ئامێری (عوود)، ماوه‌ی (6) ساڵ له‌په‌یمانگا و شاری به‌غدا ده‌مێنێته‌وه و له‌ساڵی (1977) بڕوانامه به‌پله‌ی ( زۆرباش) به‌ده‌ست دێنێت،
سه‌باره‌ت به‌و ماوه‌یه كه‌له‌به‌غدا ژیاوه، پرسیارم له‌هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو كرد ، ئایا له‌وماوه‌یه‌دا سه‌ردانی ڕادیۆی كوردی به‌غدای كردووه‌و هیچ به‌رهه‌مێكی تۆمار‌و ئاماده‌كردووه ؟
له‌وه‌ڵامدا هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو زۆر به‌ڕاشكاوانه ، باسی ئه‌و ڕۆژانه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه،
( به‌ڵێ ساڵی (1971) له (معهد الدراسات النغمیە العراقی) وه‌رگیرام، ماوەی خوێندن شەش ساڵ بوو له‌و په‌یمانگایه ، ئەو ساڵەی کە پەیمانگاکە کرایەوەو سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن بوو (الدائرە الفنیە) کە ژەنیاری عوودی بەناووبانگ مونیر بەشیر سەرۆکی بوو. من له ساڵی (1977) خوێندنم ته‌واو کرد، بە پلەی زۆر باش(جید جدا) بڕوانامه‌م به‌ده‌ستهێنا، ئەو ماوەیەی لەشاری بەغدا بووم ساڵی (1971) یەکەمین ساڵ پرۆگرامێکی تەلەڤزیۆنیم بۆ (تی ڤی کەرکووک) تۆماركرد، ماوه‌ی دوو ساڵیش پرۆگرامێکم لە ئێستگەی ڕادیۆی کوردی پێشکەش کرد بەناوی (دەمەتەقەیەک دەربارەی نەوت) بەڵام سەبارەت بە کاری هونەری لەوێ من، وەک و گەنجێکی ته‌مه‌ن (19) ساڵی، خوێن گەرم و موریدی ڕێچکەی ڕەسەنایەتی هونه‌ری کوردی، حەزم نەدەکرد لەگەڵ ئەو گرووپە له‌ڕادیۆ کار بکەم کە زۆربەیان عەرەب بوون و ڕوحییەتیان عەرەبی و ژەنیاری لاواز بوون و هەروەها نابینایی ڕێگەی لێ گرتبوون لە سەر نۆتە کار بکەن! بەڵام لەگەڵ ئەوەش چەند جارێک چووم، جارێکیان لەگەڵ هونەرمەندی خوالێخۆشبوو (فوئاد ئەحمەد)، بۆ یەک دوو گۆرانی لەوانە (ئەمیرەکەم) بە موزیکێکی تازە کە خوم بەشداربووم، هەروەها بۆ سێ گۆرانی هونەرمەندو هاوڕێی دێرینم کاک (خەلیل وەندی) گۆرانییه‌كان بریتی بوون له (نامەکەت گەیشت ،، هەی داد‌و بێ داد ،، وەرە وەرە پێشەوە) بەڵام چۆن؟ کە دەچوینە ڕادیۆی کوردی ژەنیاری تیپی موزیکی سولەیمانی هونه‌رمه‌ند(ئەلبێرت عیسا)م لەگەڵ خۆم دەبرد، کە ئەو سەردەمە دووریان خستبۆوه لە بەغدا دەژیا! زۆربەی ژەنیارەکانم دەناردە قاوەو چا خواردنەوە چەند ژەنیارێکی کەم نەبێ وەک: یەک ڤیۆلین ــ ئیبراهیم ناوێک بوو لە هەموان بە تواناتر بوو، ژەنیاری کونترباس کاک (محه‌مه‌د قه‌دری) گۆرانیبێژ بوو، لەگەڵ ژەنیاری ڕه‌زم، بەڵام دوای ساڵی (1974) ئامێری زۆر مۆدێرن لە ستۆدیۆی تۆماری دەنگ بەکاردەهێنران کە ئەگەر تەنها بە یەک ئامیریش تۆمارکرابا زۆر پڕ‌و خۆش و بەتام بوو، هەروەها بۆ هونەرمەندو هاوڕێی تەمەن خوالێ خۆش‌بوو کاک (شێرزاد عەبدولڕەحمان) دوو بەرهەم! ئەو سەردەمە ژەنیاری کوردی بە توانا لە بەغدا زۆر دەگمەن بوون! هونەرمەندی ڕەحمەتی (عەلی مەردان)، ڕۆڵێکی باشی نەبوو کە سەرۆکی لێژنەی هەڵبژاردن و پشکنینی تێکست و ئاواز بوو، ماوەیان بە ئەو ئاوازە کوردیانە نەدەدا کە لە دەرەوەی ئیستگە دەهات و زۆربەی جار بەو کەسەی کە ئاوازەکەی دەهێنا یا دایدەنا، دەیان گووت ئەو ئاوازە بە کەڵک نایەت و یەکێکیان لەو لیژنه‌یه ڕادەسپارد هەندێ جار تێکست و ئاوازێک دابنێ، یا ئاوازێکی تازە بۆ تێکستەکە دابنێ!! ئامانجیش لەوە قازانجی مادی بوو کە دابەش دەکراو بەو جۆرە چەندەها ساڵ کۆمەڵێک کەسی پاره‌پەرست و مافیایی ئەو کارەیان ، یانی بە کوردی تۆ ئاوازێکی کوردیت دەبرد، ئەوان دەیان گووت ئەوە کوردی نیەو، زۆر بە داخەوە لە جیاتی ئەوە، ئاوازێکی عەرەبیان بۆ پارە دادەنا بە ناوی کوردی!) (1)
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی قوتابی په‌یمانگا بووه له‌به‌غدا ، كه‌سێكی كراوه‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانی فراوان بووه له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی و هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی كه‌له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌كێك له‌و هونه‌رمه‌ندانه جیا له چوارچێوه‌ی ژه‌نیار و ئاوازدانان تێپه‌ڕبووه‌و بۆته په‌یوه‌ندییه‌كی برایانه‌و مێژوویه‌كی جوان و پڕ خۆشه‌ویستی له‌گه‌ڵیاندا دروست كردووه، هونه‌رمه‌ند تاوه‌رگرتنی بڕوانامه واته ساڵی (1977) ، به‌شداری چه‌ندین چالاكی هونه‌ری ده‌كات به‌دانان و ئاماده‌كردنی مۆسیقا،
ئه‌م هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێڕینه له‌ساڵی (1976) له‌شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( ئه‌نوه‌ر تاهیر ، ناسراو به مه‌لا ئه‌نوه‌ر 1941_ 14/1/1996) به‌ئامێری ( قانوون) ، ( سه‌ردارئه‌حمه‌د1945_17/3/2019) به‌ئامێری ( فلوت) ، ڕزگارخۆشناو به‌ئامێری (عوود) كاسێتی ( بیبی خانم ) ئه‌وكاسێته بریتی بووه له‌چه‌ند گۆرانی و مه‌قامێك بۆ هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه ( حه‌مه‌جه‌زا 3/2/1949_ 1/10/2010) تۆمارده‌كه‌ن.
له‌ساڵی (1977) ده‌گه‌ڕێته‌وه شاری هه‌ولێر و به هه‌گبه‌یه‌كی پڕ له‌زانیاری زانستی مۆسیقا و هه‌روه‌ها پڕ له‌ووزه و له‌خه‌می پێشخستن و گه‌شه‌كردنی زیاتری هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی بووه، له‌شاری هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند ده‌بێته سه‌رپه‌رشتیاری تیپی مۆسیقای كۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی هه‌ولێر،
له‌دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆشاری هه‌ولێر هونه‌رمه‌ند دیارترین كاری هونه‌ری له‌ڕووی ئاوازدانان وئاماده‌كردنی مۆسیقا له‌و ساڵه‌دا دوو گۆرانی ده‌بێت ،
یه‌كه‌م گۆرانی ( حه‌زم لێكردووی) له‌هۆنراوه‌ی ( حه‌مه عه‌لی مه‌دهۆش) بۆهونه‌رمه‌ند( حه‌مه‌جه‌زا) و دووه‌م گۆرانی ( دوورم له‌یاران ) بۆ هونه‌رمه‌ند ( قادر زیره‌ك 1/7/1954_ 17/7/1981 ) ئه‌م گۆرانییه جیا له‌ئاوازه‌كه‌ی به‌ڵكو تێكسته‌كه‌ش هی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو بووه،
هه‌روه‌ها له‌هه‌مان ساڵدا (1977) شاكارێكی دیكه‌ی هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناو ، به‌رهه‌می ( عیشق و ئازادی ) بوو له هۆنراوه‌ی مامۆستا ( هێمن) بۆ هونه‌رمه‌ند حه‌مه جه‌زا ئه‌نجامی دا، به‌ئامێری عوود به‌شداربووه ، ئه‌و به‌رهه‌مه زۆر به‌زوویی بڵاو بۆوه و ناوبانگی ده‌ركرد له‌نێو هه‌ست و نه‌ست و گوێی بیسه‌راندا جێگه‌ی گرت.
به‌مه‌به‌ستی ئاشنابوون به‌كاره هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو له‌نێوان ساڵانی ناوه‌ڕاستی حه‌فتاكان تا كۆچكردنی به‌ره‌و تاراوگه، په‌یوه‌ندیم به‌یه‌كێك له‌هونه‌رمه‌نده ئازیزه‌كانی شاری هه‌ولێر ، هونه‌رمه‌ند ( نه‌جات مه‌لاجه‌وهه‌ر) له‌وڵاتی ( هۆڵه‌ندا) كرد ، ناسین و یاده‌وه‌رییه‌كانی ئه‌و رۆژانه‌ی به‌وشێوه‌یه بۆگێڕاینه‌وه:
( سه‌ره‌تای ناسینی من له‌گه‌ڵ مامۆستا و هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی (1976) ، دوای ته‌واوكردنی خوێندنی په‌یمانگا له‌به‌غداو گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆشاری هه‌ولێر كار‌و چالاكی له‌گه‌ڵ تیپی ( شانۆی لادێ _ المسرح الریفی) ده‌ستپێكرد، كۆمه‌ڵێك گه‌نج و لاوی ئه‌وكاتی ڕێكخست له‌كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی لقی هه‌ولێر ده‌ستی به‌كارو چالاكی هونه‌ری كرد ، تیپێكی فۆلكلۆری له‌كۆمه‌ڵه‌ی هونه‌ر و وێژه‌ی كوردی و ، هه‌ندێك ئامێری ڕیتمی قه‌باره جیاواز له‌ناو ته‌نه‌كچییه‌كانی هه‌ولێر دروستكرد ، دواتر كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی میللی بۆیه‌كه‌مجار كۆكرده‌وه‌و پرۆڤه‌ی پێده‌كردن بۆ تۆماركردنی كاسێت ، سه‌ره‌تا كۆمه‌ڵێك گۆرانی میللی بۆ هونه‌رمه‌ند ( جه‌لال سه‌عید1953_ 9/12/2013) و ( عوسمان حسێن ) و گۆرانی ( گیانه واشه‌ودره‌نگه) ی بۆ ( موحسین عه‌باس ) و گۆرانی ( گوڵ‌نیشان) ی بۆ ( دلێر ساڵح) یادیان به‌خێر ، له‌سه‌ر شانۆی هۆڵی ( گه‌ل) له‌سه‌ر كاسێتێك بۆ تۆماركردن، من له‌وكاته‌دا به‌ئامێری ( ده‌فزنجان) به‌شداربووم له‌گه‌ڵیاندا، هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید ) جگه له‌گۆرانی گوتن ئامێره‌كانی ( ده‌ف ، زه‌ڕب و ته‌پڵی كوردی) ده‌ژه‌ند ،
پاش نسكۆی شۆڕشی کورد لە ساڵی (1975) و گەڕانەوەی هونه‌رمه‌ندان بۆ شاره‌كان، به‌ڕای من چۆن تۆمارکردن ودەرچوونی گۆرانیەکانی( یاران وەسیەتم) و، ئەوانی تری یەکەم کاسێتی تیپی مۆسیقای سلیمانی، سەرەتای دەسپێکی شۆڕشێكی نوێی هونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی هاوچەرخ بوو لەسلێمانی بەتایبەتی و لە کوردستان بەگشتی، تۆمارکردنی هەردوو گۆرانی (دوورم لەیاران، کە تێکستی خۆی بوو) بۆ قادر زیرەکی ڕەحمەتی و گۆرانی (حەزم لێکردووی) بۆ حه‌مه جه‌زای ڕه‌حمه‌تی، لە ئامادەکردن و مۆسیقا‌و دابەشکردنی مامۆستا ڕزگار خۆشناو بوو، بە ساڵێك دواتر، سەرەتای دەستپێکردنی هەمان شۆڕشی هونەری بوو لەهەولێر لەسەر دەستی مامۆستا ڕزگار خۆشناو،کە باشترین پێناسەن بۆ سەرەتای دەرکەوتن و کارامەیی مامۆستا ڕزگار لەناو خەڵك وهونەری کوردی، کاتێك مامۆستا (ئەنوەر قەرەداخی) لەئاهەنگێكی هەولێر بەرهەمەکانی بینی، بڕیاری دا لە ستۆدیۆی تیپی مۆسیقای سلێمانی ئەو دوو بەرهەمەیان بۆ تۆمار بكات دواییش لەساڵی (1977) مامۆستا ( وریا ئه‌حمه‌د) تیپی هونەری هەولێری بەگەڕو نوێ خستەوەو هەموو مۆسیقا ژەنەکان بە مامۆستا ڕزگاریشەوە، قۆڵی خۆیان لێ هەڵماڵی و باشترین بەرهەمی کوردی جوانیان بۆ تیپی هونەری هەولێرو هونەرمەندە دیارەکانی ئەوکات تۆمار کرد ،بە هونه‌رمه‌ند ( قادر کابانی) ڕەحمەتیشەوه، بنکەی لاوانی هەولێر لە ساڵی هەشتاکان کار‌و چالاکی باشی هەبوو، تیپی شیلانی بۆ دامەزراندن و کۆمەڵێك گۆرانی بۆ تۆمارکردن ، لەگەڵ هونەرمەند حەمە جەزای ڕەحمەتی کاری ئاهەنگی تایبەتی زۆر دەگێراو لەهەموو شارەکانی کوردستان، ژەنینی سۆلۆکانی چێژێکی زۆر‌و تایبەت لە مەقامە ڕەسەنە کوردیەکان هەبوو، كه‌واته مامۆستا ڕزگار چ له‌ناوه‌وه و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ، ڕۆڵێكی دیار‌و به‌رچاوی هه‌بووه له‌خزمه‌تكردنی زۆری به‌مۆسیقا و گۆرانی كوردی ، له‌ڕووی ژه‌نین و دانانی ئاواز و ئاماده‌كردن و تێكستی گۆرانییه‌وه) (2) .
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو له‌پاڵ ئه‌نجامدانی كاره هونه‌رییه‌كانی و به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی بژێوی ژیانی، له‌ساڵی (1978) له ئه‌مینداری ڕۆشنبیری و لاوان له‌شاری هه‌ولێرده‌بێته فه‌رمانبه‌ر.
تیپی هونه‌ری هه‌ولێر و هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ..!
ئه‌م تیپه مۆسیقیه یه‌كێكه له‌تیپه مۆسیقییه‌كانی باشووری كوردستان ، له‌مێژووی هونه‌رییدا توانیویانه گرنگییه‌كی ته‌واو بده‌ن به هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی له‌شاری هه‌ولێر و كوردستان ،له‌دوای به‌یاننامه‌ی (11ی ئاداری 1970) به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی كۆمه‌ڵێك هونه‌رمه‌ندی به‌توانا ( جه‌مال هیدایه‌ت ، یه‌حیا مه‌رجان، سوڵتان عه‌بدوڵڵا، ته‌حسین ته‌ها و سه‌باح عه‌بدولڕه‌حمان) تیپی هونه‌ری هه‌ولێر داده‌مه‌زرێت و ده‌رفه‌تی بۆده‌ڕه‌خسێ مۆڵه‌تی فه‌رمی وه‌ربگرێت به‌ژماره( 713) له( 23/2/1971) ناوده‌نرێت ( تیپی هونه‌ری هه‌ولێر.
هونه‌رمه‌ند رزگار خۆشناو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌نده ده‌ست و په‌نجه زێرینه‌كانی تیپی هونه‌ری هونه‌ری هه‌ولێر، چه‌ند كارێكی مۆسیقا و گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ ئاماده‌ده‌كه‌ن و بۆیه‌كه‌مین جار ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه كه‌پێكهاتووه له (21) گۆرانی ده‌به‌نه ته‌له‌فزیۆنی به‌غداد و به‌شێوه‌ی ڕه‌نگاو ره‌نگ بۆ هونه‌رمه‌ندان ( شه‌هید قادركابان ، محه‌مه‌د جه‌زا ، سه‌لاح محه‌مه‌د ، سامان كه‌ركوكی ، كاوه ژاژڵه‌یی، قادر زیره‌ك ، عاره‌ب عوسمان و ...) تۆماری ده‌كه‌ن ، دوای بڵاو بوونه‌وه‌ی ئه‌وبه‌رهه‌مه هونه‌رییانه بوونه جێی سه‌رنج و خۆشحاڵی بینه‌ران و بیسه‌ران و به‌كارێكی به‌رزو سه‌ركه‌وتوو نێوده‌برا.
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو له‌ڕێی یاده‌وه‌رییه‌كانیه‌وه باسی چالاكییه هونه‌رییه‌كانی ئه‌و ڕۆژانه‌مان بۆ ده‌گێڕێته‌وه به‌ر له‌ڕۆیشتنی بۆ تاراوگه...!
(ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ تیپی هونەری هەولێر لە فیستڤاڵێکی گۆرانی و موزیک لە بەغدا به‌شداربووم به‌ناوی ( فیستڤاڵی سەندیکای هونەرمەندانی هەموو شارەکانی عێراق) کە تیپی موزیکی سولەیمانی و شارەکانی تری عێراقیش بەشداربوون، لە میانێ ئەو ئاهەنگەدا هونه‌رمه‌ند ( ئەنوەر قەرەداغی) داوای لێكردم کە پێکڕان پارچە موزیکێک بژەنین، وەک سیمبۆلێک لە هاووتەبایی دوو شاری گەورەی کوردستان، کە بە داخەوە ڕژێمی ئەو سەردەمە خەریکی دروستکردنی ئاژاوەو دژایەتی و گیروگرفت بوو! منیش بیرۆکەکەم زۆر بە دڵ بوو ، بەڵام بە هونه‌رمه‌ند ئەنوەر قەرەداغی یم گووت؛ له‌به‌رئه‌وه‌ی من ئەندامی تیپی هونەری هەولێرم، دەبێ پرسیان پێ بکەم و بڕواش ناکەم کە ناڕازی بن و ئەگەر ناڕازیش بوون من هەر بەشدار دەبم لەگەڵت، بەڵام کاتێ بابەتەکەم بە کاک وریا ئەحمەد گووت، کە ئەو کات سەرۆکی تیپی موزیکی هه‌ولێر بوو، چاوەڕوانی ئەو وەڵامە نه‌بووم كه پێم بڵێ ..؟! وتی دەبێ کۆبوونەوەی لەسەر بکەین..!! منیش بەڕاستی توڕە بووم لەو وەڵامەی كاك وریائه‌حمه‌د ، منیش وتم باشە ئێوە کۆبوونەوەی بۆ بکەن، بەڵام دەمەوێ شتێک بزانن کە ئەگەر ڕێگەتان پێ دام یا پێ نەدام، من هەر بەشدار دەبم لەگەڵی، چونکە من وەک و کەسێکی ووڵاتپەروەر بە کارێکی باشی دەزانم ..! ئەوە بوو دووای پڕۆڤەیەکی سێ چار خولەکی بە سێ قۆڵی لەگەڵ ڕ‌زم ئەو پارچە موزیكه‌مان زۆر بە هەستێکی کوردایەتی زۆر بەرزو وەک و سروودێک ژەنیوەو ببووه جێگەی ڕەزامەندی گوێ‌گران! بەڵام بە داخەوە، كاتێك كه گه‌ڕامه‌وه هه‌ولێر لە تیپی هونەری هەولێر ده‌ریانكردم...؟!
هەر هەمان ساڵ لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری جەماوەری، سەر بە ئەمینداریەتی گشتی ڕۆشنبیری و لاوان، ده‌گوازرێمه‌وه بۆ بەڕێوەبەرایەتی بنکەی لاوانی هەولێرو لەوێش ده‌ستم بەکاری هونەری کردوەو خولی فێربوونی موزیکم بۆ لاوان کردۆتەوەو، هەروەها لە لایەن ئەمینداریەتی گشتی، ڕاسپێردرام ده‌بێ بچمە بەغدای پایتەخت و بایی زیاتر لە ملیۆنێک دۆلار (بۆ هەموو بنکەکانی لاوانی هەرێمی ئۆتۆنۆمی کوردستان) ئامێری موزیکی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی بکڕم بە تایبەتیش، دەزگای دەنگی سەدادار بەناوی (مۆنتاربۆ)ی ئیتالی و (سنتی سایزەری فارفیزای) تازە، کە یەکەمین جار بوو ئەو ئامێرانە هاتبوونە (کۆگای ئۆرزدیباگ)و منیش بۆ یەکەم جاربووە ئه‌و ئامێرانه‌م هێناوه‌تە کوردستان.
هەر لە بنکەی لاوان لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج کە بریتی بوون لە ( پایەداربه‌رزنجی: فلوت و ڕابەری گڕووپ، عیماد جەمال: سینتی سایزەر، ڕێبوار مستەفا: گیتار، ڕەحمەتی نیاز محەمەد: دڕامز، تاڕیق جەلیل: باس گیتار. لەگەڵ گۆرنیبێژان سەلام محەمەدو سەڵاح نه‌جمه‌دین،
گڕووپێک بە ناوی (تیپی شیلان) دامه‌زراندو ، هەر بۆ ئەو مەبەستەش چەند گۆرانیەکی گەنجانەی بە میلۆدی تازەی زیاتر ڕزمی، کە لە پۆپ و بلوز نزیک بوو، بێ ئەوەی ئەو سەردەمە سەرم لە موزیکی ڕۆژئاوایی دەربچێ، کە تازە دەستپێکی گڕووپە جیهانیەکانی دونیا سەریان هەڵدەدا وەک و (ئابا) (بۆنی ئێم) (بیتلز) کە بە دەگمەن لە (ڕادیۆی مۆنتی کاڕلۆ)و ئێستگەی جیهانی لێدەدران!
لەو گۆرانیانە: نانا مەڕۆ، مەڕۆ مەڕۆ مەڕۆ جێم مەهێڵە جیهان بێ تۆ کز‌و وێڵە، شیعر‌و ئاوازی خۆم بوو ، گۆرانی: ساڵ چوو مەکتەب تەواو بوو شیعر‌و ئاوازی خۆم بوو ،
گۆرانی: نەسرین گیان تازە یاری لە ناو جوانان دییاری، شیعر‌و ئاوازی خۆم بوو ،
گۆرانی: ئەژیم بۆ تۆ ئەزیزم دووری تۆیە من زیزم، شیعر‌و ئاوازی خۆم بوو ،
گۆرانی: بێ وەفا بۆ چی بۆ بەجێت هێشتم لە خۆشەویستیی چیت بۆ نەهێشتم. شیعر‌و ئاوازی خۆم بوو.
کاتێ كه کوردستان یشم به‌جێهێشت لە بنکەی لاوانی هەولێر وەک مامۆستای موزیک، فەرانبەر بووم!) .
ڕزگار خۆشناوی ده‌ست و په‌نجه‌زێرین و خاوه‌ن فره به‌هره‌ی هونه‌ری ، جێ ده‌ست و هه‌سته هونه‌رییه‌كانی له‌لایه‌نێكی دیكه‌ی پێشكه‌وتن و پێشخستنی هونه‌ریدا له‌شاری هه‌ولێر ، ئه‌ویش له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی تیپی هونه‌ری میللی هه‌ولێر دا دیاربووه ، هونه‌رمه‌ند و ئه‌ندامی كۆنی تیپی هونه‌ری هه‌ولێر ( ئازاد سه‌عید مه‌ولود ) ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و ڕۆژگاره‌ی كه هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناو چ ڕۆلێكی دیار و به‌رچاوی هه‌بووه :
( هونەرمەند و مامۆستا ڕزگار خۆشناو لەسەرەتای دروستبوونی تیپی هونەری میللی هەولێر لە ڕێكه‌وتی ( 5/2/1979) وەک سەرۆکی بەشی موزیک لەتیپەکەمان دەست بەکار بوو، بەهەوڵ و کۆششی مامۆستا ڕزگار و هونه‌رمه‌ندانی گۆرانیبێژ و موزیكژه‌نان توانیان ئاوازی شەش تابلۆی هونه‌ری ئامادە بکەن ، یەکێک لە تابلۆ جوان و سەرنج ڕاکێشەکان تابلۆی (نەورۆز) بوو ،مامۆستا ڕزگارخۆشناو ئاوازەکەی بۆ دانا تا ئەم ساته‌وه‌خته‌ش زۆر جار لە ئاهەنگ و بۆنەکان نمایش دەکرێت و بووەتە جێگای سەرنج و خۆشحاڵی جەماوەر، لەزۆر لە ئاهه‌نگ و بۆنەکانی ناوه‌وه‌و دەرەوەی ووڵات نمایش کراوە ، وڵاتانی وه‌ك ( ئەڵمانیاو یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو ، نەمسا ، کۆماری لاتیڤیا و هتد ) ، جێی وەبیر هێنانەوەیە مامۆستا ڕزگار ماوەی شەش مانگ خولێکی فێربوونی الف و بێی مووزیکی بۆ ئەندامانی تیپی هونەری میللی کردەوە کە بەندە یەکێک بوو لەو ئەندامانە زۆر شتی لێوە فێربووین ، وامان لێهاتبوو چەند گۆرانیەکمان عزف دەکرد و فێری هەندێ خوێندنەوەی نۆتەی کردین وەک ژماردنی باڕو ، نیوباڕ کرۆش و، دەبل کرۆش و کلیلەی صۆل، بلانش و هێلەکان و جۆرەکانی ایقاع ، هەروەها ئاوازی بۆ گۆرانی بێژانی تیپەکە داناوە لەکاتی نێوبڕی نێوان تابلۆکان ، وەک گۆرانیبێژان خوالێخۆشبووان( جه‌لال سه‌عید و قادر زیره‌ك)، دەتوانم بڵێم مامۆستا ڕزگار ڕۆڵێكی گرنگ و بەرچاوی هەبوو لە سەرکەوتن و پێشووەچوون و ناساندنی تیپی هونەری میللی هەولێر) (3) .
ڕزگار خۆشناو و ژیانی تاراوگه‌و به‌رده‌وامی له‌هونه‌ردا ...!
له‌مانگی ئه‌یلوولی ساڵی (1980) به‌دواوه ، به‌هۆی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگ له‌نێوان عێراق و ئێران، جه‌نگێكی مه‌ترسیدا و ماڵوێرانی بۆ هه‌ردوو گه‌لی عێراق و ئێران، لای هه‌مووان ئاشكرایه ده‌سه‌ڵاتی حیزبی به‌عس ده‌سه‌ڵاتێكی داپڵۆسێنه‌ر و چه‌وسێنه‌ر و دژ به نه‌ته‌وه‌ی كورد و هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان بوو ، ئه‌و كرداره نامرۆڤانه‌یه‌ی حیزبی به‌عس ده‌رهه‌ق به گه‌لی كورد ،ببووه هۆكار زۆر له كه‌سایه‌تی و نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و هونه‌رمه‌ندان به‌رگه‌ی ئه‌و پاڵه‌په‌ستۆ ده‌روونی و ڕۆحییه نه‌گرن و ، زێدی خۆیان به‌جێ بهێڵن و ڕوو له‌شاخ بكه‌ن و ببه‌نه پێشمه‌رگه‌وه‌و هه‌ندێكی دیكه‌یان ڕوو له‌هه‌نده‌ران به‌ره‌و چاره‌نووسێكی نادیار بكه‌ن ،
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناویش یه‌كێك بوو له‌و هونه‌رمه‌نده به‌هه‌ڵوێستانه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ڕێكه‌وتی ( 12/6/1981) كوردستانی دایك به‌جێبهێڵێ و ڕووبكاته هه‌نده‌ران و له شاری ( گراتس) دووه‌م گه‌وره شاری وڵاتی نه‌مسا بگیرسێته‌وه. له‌گه‌ڵ گه‌یشتنی به‌وڵاتی نه‌مسا، تامه‌زرۆیی ئه‌وه‌بووه كه هاوزمانه‌كانی خۆی له‌وڵات و غوربه‌ته‌دا هاوشێوه‌ی خۆی ده‌ربه‌رده‌ر بدۆزێته‌وه، سه‌ره‌تا په‌نای بردۆته به‌ر ژه‌نینی ئاوازه كوردییه‌كان له‌سه‌ر شه‌قام .
ئه‌م هونه‌رمه‌نده كوردپه‌روه‌ره ، هونه‌ر خۆشه‌ویسته ژیانی نامۆیی و غوربه‌ت نه‌بووه له‌مپه‌ر له‌به‌رامبه‌ریدا و حه‌زو خولیا هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند رزگار خۆشناو كپ بكاته‌وه ، به‌ڵكو له‌هه‌نده‌رانیش به‌هه‌مان گوڕ و تین و پڕ ووزه‌وه درێژه‌ی به‌چالاكی هونه‌ری و گرنگی به‌خوێندنیش داوه، دوای ماوه‌ی له‌دوو ساڵ كه‌متر هونه‌رمه‌ند به‌رهه‌مێكی (15) تراكی سروودی نه‌ته‌وه‌یی بڵاوده‌كاته‌وه ، ...
( یه‌که‌مین به‌رهه‌می هونه‌ریم له نه‌مسا کاسێتێک بوو که ساڵی(1983) به‌ناوی ( كاروان و هیوا) بڵاوكرایه‌وه، ئه‌وكاسێته (15) تراكی له‌خۆده‌گرت، زۆربه‌یان سروودی نه‌ته‌وه‌یی بوون ( ئه‌ی شه‌هیدان ، پێشمه‌رگه‌ین ، ڕێی ئازادی ، ڕێی خه‌باتمان) زیاتر بۆ كورد دروستكرابوو..!
له‌به‌ر که‌م ده‌رامه‌تی ناچار بووم به‌خۆم دیزاینی به‌رگه‌که‌ی بۆ بکه‌م، پێكهاتبوو له‌وێنه‌یه‌كی شارۆچكه‌ی( شه‌قڵاوه) ی دێرین و شوێنی له‌دایكبوونم،
به‌لام کرابووه چوار پارچه‌ی كوردستان و به‌نۆته‌ی ده‌ستپێكی سروودی نیشتمانی كورد( ئه‌ی ڕه‌قیب) ڕازابۆوه‌و..! به داخه‌وه ڕه‌وه‌ندی کورد به ده‌گمه‌ن كاسێته‌كه‌یان لێ ده‌كڕیم، زیاتر خه‌ڵكی نه‌مساوی و بیانی ده‌یان كڕی..!! هه‌ر بۆیه‌ش بڕیارم دا كه به‌رهه‌مه‌كانی دواترم ته‌نها موزیك و گۆرانی بێت ) (4) .
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو بۆزیاتر ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی توانای هونه‌ری و زانستی هونه‌ری خۆی له‌ساڵی (1982) ده‌چێته به‌شی ئاوازدانان له‌ئه‌كادیمیای مۆسیقای گراتس ، له‌ساڵی (1990) بڕوانامه‌ی (دیبلۆم و ماستەر) لە کۆمپۆزیسیۆن وه‌رده‌گرێت .
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی له‌خوێندن له‌وڵاتی نه‌مسا به‌ڵام چالاكی هونه‌ری فه‌رامۆش نه‌كردووه و به‌رده‌وام به‌شداری له بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌كان كردووه به‌گشتی له ته‌واوی ئه‌وروپا و ئه‌مریكاو ئوسترالیا و به‌رنامه‌كانی كه‌ناڵی ئاسمانی ( مه‌د تیڤی) له(برۆكسل) ی پایته‌ختی وڵاتی ( به‌لجیكا) به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان( حه‌مه جه‌زا و ناسری ره‌زازی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی 22/5/1958_ 18/9/2005 )
بۆ هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی كوردی جێی سه‌ربه‌رزییه كه هونه‌رمه‌ندێكی ده‌ست و په‌نجه ڕه‌نگینی كورد، بوێر و ماندوو و خه‌مخۆر و دڵسۆز و پڕ به‌خششی هونه‌ری ئه‌ندامی (سه‌ندیكای هونه‌رمه‌ندانی نه‌مسا) و ئه‌ندامی( ئاوازدانه‌رانی جیهانی) بێت، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ماوه‌ی (25) ساڵ له‌بواری ( چاره‌سه‌ركردن به‌مۆسیقا) له‌یه‌كێك له‌نه‌خۆشخانه‌كانی وڵاتی نه‌مسا كاری كردووه و خاوه‌نی ئه‌زمونێكی زۆره له‌وبواره ده‌روونیه‌دا .
له‌تیپی مۆسیقای (سه‌فین) ه‌وه بۆ گروپی مۆسیقای ( سكۆردیا) ..!
ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی و هه‌نگاو ناونان بۆ دنیای هونه‌ر له‌بناری چیایی سه‌فینه‌وه بۆ به‌غدا و پاشان كرانه‌وه‌و گه‌شه‌كردن له پیره هه‌ولێرێ و دواتر به‌ره‌و هه‌نده‌ران، ئه‌مانه ئه‌و قۆناغه هونه‌رییانه‌ی هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناون و،ده‌هێنێ بۆهه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه خوێندنه‌وه‌یه‌كی تایبه‌ت و گشتگیربكرێت ، هه‌ریه‌ك له‌و قۆناغانه لێوڕێژن له‌به‌خشش و كاری هونه‌ری ، له‌وڵاتی نه‌مسابه‌هه‌وڵی دڵسۆزانه‌ی بۆ هونه‌ر وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی كوردی بنده‌ست به‌هاوكاری چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی نه‌ته‌وه‌جیاوازگروپێكی مۆسیقا داده‌مه‌زرێنن و ناوی ده‌نێن ( سكۆردیا) ،ئه‌م گرووپه مۆسیقییه چه‌ندین كۆنسێرتیان له شاره گه‌وره‌كانی جیهان ئه‌نجام داوه، هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو له‌دیمانه‌یه‌كدا باس له‌سه‌ره‌تای دروستبوونی سكۆردیا ده‌كات و پێمان ده‌ڵێ ..؟
( گروپی مۆسیقای سكۆردیا ، پێكهاته‌ی ناوی كورد و ناوی هاوڕێیه‌كی خۆمه كه له گرووپه‌كه‌دا له‌گه‌ڵمه، ئه‌م گرووپه زۆرێك له‌نه‌ته‌وه جیاجیاكانی تێدا به‌دی ده‌كرێت ، پێكهاتووه له (15) ژه‌نیاری پرۆفیشناڵ ، خه‌ڵكی وڵاتانی تێدایه وه‌ك ( نه‌مسا ، ئه‌ڵمانیا ، ئه‌مریكا ، هۆڵه‌ندا، فه‌ڕه‌نسا ، ئیتالیا ، ئه‌رمینیا ، مۆڵداڤیا ، به‌رازیل، به‌ڵام له نه‌ته‌وه‌ی كورد ته‌نها من و ( هه‌ژار زه‌هاوی) ین، هاوكات تائێستا چه‌ندین كۆنسێرت و ئاهه‌نگی تایبه‌تی جیاجیامان ئه‌نجام داوه كه‌بۆته جێی ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵكی بیانی ، به‌تایبه‌تی ئه‌و ئاوازه كوردییانه‌ی كه‌كلتووری ئێمه‌یه و بۆ بیانیه‌كان ئاماده‌مان كردبووه،ئامانجی گرووپه‌كه‌مان ناساندنی مۆسیقای كوردی یه به‌خه‌ڵكی ئه‌وروپا، له‌به‌رئه‌وه‌شه من له‌هه‌موو كۆنسێرته‌كان به‌جلی كوردی یه‌وه دێمه سه‌رشانۆ ، تا ئه‌وروپییه‌كان له‌ڕێی مۆسیقاوه شاره‌زای كولتوور و فه‌رهه‌نگی كوردی ببن، چونكه به‌بۆچوونی من مۆسیقا ئاسانترین و باشترین ڕێگایه بۆگه‌یشتن به‌دڵی خه‌ڵكی ئه‌وروپا، له‌دوای ته‌واوبوونی هه‌ركۆنسێرتێك ده‌یان خه‌ڵكی دێن و پرسیارم له‌سه‌ر جل و به‌رگ و مۆسیقای كوردی لێده‌كه‌ن، به‌هۆیه‌وه شاره‌زایی و زانیاریی له‌سه‌ر گه‌لی كورد وه‌رده‌گرن ، ئه‌مه‌ش ده‌بێته هانده‌ر و پاڵپشتی بۆ دۆزی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان) (5).
میللەتی کوردە هەموو جیهان لە ڕێگەی مۆسیقا و گۆرانی یه‌وه کە خەڵکی ئه‌وروپی زۆر خولیایەتی! زۆر گرنگە بتوانی بە گۆرانی و مۆسیقای کوردی، زۆربەی پارچە مۆسیقا و تێکست و ئاوازەکان ڕزگار خۆشناو دایده‌نێ ، لەگەڵ بڕگەکانی تری پڕۆگرامی کۆنسێرتەکان وەک( موزیکی کلاسیک، لاتاین، جاز، پۆپ، سۆل هتد) ، دوو تا سێ كاتژمێر دەخاینێ و خەڵک بە تاسەو و تامه‌زرۆییه‌وه گوێی بۆ ڕاده‌گرن!
لە هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناوم پرسی، نهێنی سەرکەوتن و خولیای خەڵکی ئه‌وروپی به‌مۆسیقا و گۆرانی کوردی لە کۆنسێرتەکانی سکوردیا، لە کاتێک ئێوە بە زمانێک گۆرانی دەڵێن کە گوێ‌گران لێی تێ ناگەن، ئه‌و نهێنییه لە چی دایە؟
ڕزگار خۆشناو پێی ڕاگه‌یاندم: من ئەوە بۆ زیاتر لە (41) ساڵ کە لە گڕاتس، دووەم گەورە شاری ووڵاتی نەمسا دەژیم و دەزانم بە چی هەستیان بجووڵێنم و چۆن سەرسامیان بکەم، یەک لە گۆرانیەکانم کە شیعری کاک (لەتیف هەڵمەت)ە، بەناوی (نەورۆز)
بەهار نەورۆزی وا هێنایەوە،
ئاگر لەو کەژە هەڵگیرسایەو ...
ئەوە بۆتە سیمبۆڵی ئەو گرووپە ئەگەر پێشکەشی نەکەین، خەڵک لێمان زوێر دەبێ ڕزمێکی زۆر گەرم کە خەڵک خۆی پێ ڕاناگیرێ لە شوێنی خۆی گەرم دەبێ ، بەڵام لە هۆڵی کۆنسێرت و تەلاری ئۆپێرا کەس ماف بە خۆی نادا هەستێتە سەر پێی و سەما بکا! ڕ‌زم لە زۆربەی گۆرانیەکانی ئەو کۆنسێرتانە زاڵە بەسەر میلۆدیەکان و ئەوە نهێنی سەرکەوتنی من و ژەنیارەکانە لەو کۆنسێرتانە بە تایبەتیش ئامادەکردن و ئەڕەنجمانی لە لایەن هاوڕێی تەمەن (مارکۆس شیڕمەر) پیانۆ ژەنی ژمارە یەکە لە موزیکی کلاسیکی نەمسا، جگە لەوەی پڕۆفیسۆری پیانۆیە لە دانیشتگای هونەر لە گڕاتس و لەسەرتاپای دونیاش کۆنسێرت دەکات.
دوای دوو ساڵی نەکردنی کۆنسێرت بەهۆی کۆڕۆناوه، ڕۆژی (30/6/2022) لە گڕاتس و (1/7/2022) لە (فڕیدریخسهافن) لە ئەڵمانیا، دوو کۆنسێرتی زۆر سەرکەتوومان ئەنجام دا یەکەمیان زیاتر لە (1300) کەس هاتبوون بۆی و سێ مانگ پێش کۆنسێرت بلیتی کۆنسرێت کۆمپلێت فرۆشرابوون. هەموو ئومێدم ئەوەیە ڕۆژێک بەرپرسێکی گەورەی کورد لە کۆنسێرتێکی سکوردیا ببینم..؟! زۆر جار داوەتم کردوون بەڵام نەهاتوون...؟!
هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو به‌هونه‌رمه‌ندێكی خۆنه‌ویست و دڵسۆز‌و خه‌مخۆر و پشت و په‌ناو هاوكاری هونه‌رمه‌ندان ئه‌ژمارده‌كرێت، كاری له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان كردووه ئه‌وكاته‌ی له‌وڵات بووه و هه‌روه‌ها له‌هه‌نده‌رانیش به‌هه‌مان شێوه تائه‌و جێگه‌ی ده‌رفه‌تی بۆڕه‌خسا بێت درێغی نه‌كردووه ، له‌پاڵ كاری ژه‌نینی مۆسیقا ئاواز و تێكستی گۆرانی بۆ هونه‌رمه‌ندان داناوه، ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌ماوه‌ی ژیانی هونه‌ریدا كاری له‌گه‌ڵدا كردوون وه‌ك ( تایه‌ر تۆفیق 1922_20/10/1987) ، فوئاد ئه‌حمه‌د 1932_ 17/8/2004) ،شه‌وكه‌ت تۆفیق، جه‌لال سه‌عید ، قادر زیره‌ك ، حه‌مه‌جه‌زا ، (شێرزاد عه‌بدولڕه‌حمان 1958_8/7/2020) ، جه‌بار ئه‌حمه‌د ، ناسری ڕه‌زازی و مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی، (ته‌حسین ته‌ها25/10/1941_ 28/5/1995) ، (شه‌هید قادركابان 1937_ 28/2/1981 ڕۆژی سه‌رنگومكردنی هونه‌رمه‌ند قادر كابان) ، ئیبراهیم سابیر ، سه‌لاح محه‌مه‌د و عاره‌ب عوسمان).
هونه‌رمه‌ند له‌پاڵ كاری مۆسیقا ژه‌نین و ئاواز و تێكست دانان دا ،خاوه‌نی خامه‌یه‌كی به‌پێزو لێوان لێو له هه‌ستی خه‌مخۆریی بۆ هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندان و ، ناوه‌ناوه له‌سه‌ر كێشه‌و گیروگرفته‌كانی هونه‌ر و هونه‌رمه‌ندانی كورد ده‌نووسێت و له‌ڕۆژنامه‌و گۆڤاره‌كاندا بڵاوی كردوونه‌ته‌وه.
به‌شێك له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند وه‌ك ئاواز‌و تێكست و ئاماده‌كردنی مۆسیقا، ئه‌وبه‌رهه‌مانه له‌ڕێی ده‌نگی هونه‌رمه‌ندانه‌وه خزاونه‌ته گوێ و یاده‌وه‌رییه‌كانمانه‌وه،
1/ گۆرانی ئه‌مان ساقی ، هۆنراوه‌ی ئه‌خته‌ری شاعیر ، خوێندنی هونه‌رمه‌ند قادر زیره‌ك ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناو .
2/ گۆرانی ساڵه‌های ساڵه ...
ساڵەهای ساڵە کە من ئەشقی تۆم
بەهار ئەژمێرم چاوەڕوانی تۆم
پەیمانت دابوو کەهەر بێیتەوە
زۆرت پێ نەچێ بگەڕێیتەوە )
ئه‌م گۆرانیه له‌هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو، خوێندنی هونه‌رمه‌ند سەلام محەمەدو دووایش سەلاح خدر بڵباس.
3/ گۆرانی دوورم له‌یاران ،
( دوورم له‌یاران، دوورم له‌یاران
دوورم له‌خونچه‌و گوڵی به‌هاران
دوورم له‌شارو شاخ و داخه‌كه‌م
دوور له‌خوناوی چه‌م و باخه‌كه‌م)
هۆنراوه و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناو ، خوێندنی هونه‌رمه‌ند قادر زیره‌ك.
4/ گۆرانی شیلانه و ئه‌ی عه‌زیزان و كیژی كوردستان، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، هۆنراوه‌و وتنی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌جه‌زا.
5/ لایه‌لایه، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، هۆنراوه‌ی مه‌دحه‌ت بێخه‌و ، وتنی هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌جه‌زا.
6/ چاوی ڕه‌شی جوانه ، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، وتنی هونه‌رمه‌ند جه‌لال سه‌عید.
7/ گۆرانی بڕواناكه‌م ، هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، خوێندنی هونه‌رمه‌ند مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی.
8/ مه‌قامی ڕاسپارده‌یه‌ك پێش مه‌رگ ، هۆنراوه‌ی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو، خوێندنی هونه‌رمه‌ند قادر زیره‌ك .
(ڕاسپاردەیەک پێش مردن
گیانە کە مردم پێی ڕاگەیێنە
چۆن ڕاتدەسپێرم ئاوای بدوێنە
پێی بڵێ ئەو بوو خۆشەویستەکەم
هیواو ئاواتی کانگای دڵەکەم
گوڵی پشکفتووی باغی دڵم بوو
ئەستێرەی گەشی ئاسمانی من بوو
لە یادی نەچی ڕۆژانی هەینی
بێتە سەر گۆڕم گوڵم بۆ بێنی... درێژه‌ی هه‌یه) .
9/ گۆرانی دڵداریش به‌مۆدیله، ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو ، خوێندنی هونه‌رمه‌ند سابیرعه‌بدولڕه‌حمان.
10/ گۆرانی تۆتۆ ، هۆنراوه‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو و خوێندنی هونه‌رمه‌ند له‌یلا فه‌ریقی.
دیاره ئه‌وه‌به‌شێكی كه‌مه له خه‌رمانه‌ی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ، وه‌به‌پێویستی ده‌زانم خوێنه‌ران و هۆگرانی هونه‌ری ڕزگارخۆشناو ئاشنا بكه‌م به تێكستی سروودێكی نیشتمانی ، كه‌له‌هه‌ناوی هونه‌رمه‌ندێكی كوردی دووره وڵاته‌وه هه‌ڵقوڵاوه ، وڵاته‌كه‌ی گیرۆده‌ی شه‌ڕێكی نه‌گریسی نه‌خوازراوه و یادی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه و ئه‌میش له‌تاراوگه‌وه هه‌ستی خۆی به‌وشێوه‌یه ده‌رده‌بڕێت ، له‌په‌یوه‌ندیم له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو و دڵنیابوون له تێكست و ئاوازی سروودی (ئیمڕۆ جه‌ژنه) كه‌به‌ده‌نگی هه‌ردوو هونه‌رمه‌ندی سروودبێژ خوێندراوه ( مه‌رزیه‌ی فه‌ریقی و ناسری ڕه‌زازی) ، له‌وه‌ڵامدا پێیی ڕاگه‌یاندم :
( ساڵی ۱۹۹٥ـ ۱۹۹٦ ئاهه‌نگی جه‌ژنی نه‌ورۆز بوو له كه‌ناڵی مێدیا تی ڤی له‌گه‌ڵ هاوڕێی خۆشه‌ویستم ناسری ڕه‌زازی و مه‌رزیه خانی کۆچکردوو،له‌كه‌ناڵی ناوبراو بانگهێشتی پرۆگرامێك كرابووین به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه،
ئێمه‌ش هه‌رسێکمان بیرمان له‌وه‌كرده‌وه له‌م كاته‌دا گونجاو نییه ئاهه‌نگ و شایی بگێڕین ، له‌كاتێكدا له‌كوردستان شه‌ڕی براكوژییه و بارودۆخی ناوه‌وه‌ی وڵات زۆر ناخۆش بوو، ئێمه هه‌ر‌سێكمان پێكه‌وه هاوڕا بوین ، كه پرۆگرامه‌كه بگۆڕین و بیكه‌ین به‌سروود خوێندن، بۆیه منیش زۆر به‌خێرایی تێكست و ئاوازێكی نیشتمانیم دانا هه‌ردوو هونه‌رمه‌ند( فه‌ریقی و ڕه‌زازی) ڕاسته‌وخۆ له‌وپرۆگرامه‌دا خوێندیان، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تاکه‌ی به‌وشێوه‌یه:
ئیمڕۆ جه‌ژنه
ئیمڕو جه‌ژنه جه‌ژنه جه‌ژنه ئیمڕو جه‌ژنه!
شاییه‌و ئاهه‌نگ و به‌زمه ئیمڕۆ به‌زمه!
به‌ڵام به چی دڵم خۆش که‌م
بۆ کام برینم هاوارکه‌م
سه‌دان ساڵه له خه‌باتین
که‌چی هێشتاش بێ ووڵاتین
ئه‌و ڕۆژه جه‌ژنی ئێمه دێ کاتێ ئێمه ووڵاتمان بێ
ئه‌وسا جه‌ژنم هه‌بێ و نه‌بێ هه‌موو ڕۆژێکم جه‌ژن ئه‌بێ.
ئه‌و به‌رهه‌مه هونه‌رییانه‌ی ئاماژه‌م پێدا، هه‌ریه‌كه چیرۆكێك هه‌وێنی دروستبوونی تێكست و ئاوازه‌كه‌یه.
هەر لە هەمان کاتدا سروودی (ڕێبواری ڕێی دوور) لە شیعر‌و ئاوازی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو بووه، بۆ ناسرو مەرزیە ئامادە دەکات و ئه‌وانیش ده‌یخوێنن،
(ڕێبواری ڕێیەکی دوورم،
کە نازانم بۆ کوێم دەبا،
تەنها تەپ و تۆزی خۆمە،
لە ڕێی کاروانم لادەبا
هەتا کەینێ وازناهێنن،
ڕکابەری بەرامبەرە،
هەتا ئێستا برسی بوون بوو
، ئێستا برسی بوون و شەڕە!)
په‌یوه‌ندی هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناو له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی به‌گشتی و هونه‌رمه‌ندان حه‌مه جه‌زا و ناسری ڕه‌زازی ..؟!
له‌م یه‌ك دووساڵه‌ی پێشوو له‌ڕێی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و هه‌روه‌ها یه‌ك دووجار له‌هه‌ولێری پایته‌خت به‌خزمه‌تی گه‌یشتم و پرسیاری په‌یوه‌ندی نێوان خۆیی و هونه‌رمه‌ندان به‌گشتی وهونه‌رمه‌ندان حه‌مه جه‌زا و ڕه‌زازیم لێ‌كرد،،
هونه‌رمه‌ند به‌هه‌سته جوانه‌كه‌ی پێی ڕاگه‌یاندم :
من بۆخۆم زاده‌ی ئه‌م كۆمه‌ڵگایه‌م و له‌ناو میلله‌ته‌كه‌ی خۆمه‌وه هه‌ڵقوڵاوم و له‌م ژینگه جوانه‌ی وڵاته‌كه‌مه‌وه فێری ئه‌لف و بێی مۆسیقا بووم، هه‌رله‌سه‌ره‌تای هاتنم بۆ‌نێو دنیا جوان و فراوانه‌كه‌ی مۆسیقا و ئاواز‌و گۆرانی ، هه‌ستم به‌خۆشه‌ویستی كرد بۆ مۆسیقا، بۆزمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتووره‌كه‌م ، بۆ هاوڕێ و هاوڕێ هونه‌رمه‌نده‌كانم په‌یوه‌ندی برایانه‌م له‌گه‌ڵیاندا هه‌بووه و، هه‌میشه ڕێزم لێ‌گرتوون و خۆشم ویستوون، به‌ڵام خۆشم نازانم ئه‌و په‌یوه‌ندییه ڕۆحییه‌ی نێوان من و هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو پێشمه‌رگه و برای دێرینم حه‌مه جه‌زا، په‌یوه‌ندییه‌كی زۆر قوڵ و له‌ڕۆحماندا چرۆی كردبوو، یاده‌وه‌ریی زۆر خۆشمان پێكه‌وه له‌ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات هه‌یه، قسـه خۆشـه‌کانی، یاده‌وه‌ریه‌کانی، مه‌قام و گۆرانیه‌کانی هه‌میشه له یادن و هه‌رگیز له بیرناکرێن! ئێمه ماوه‌یه‌کی زۆر له کوردسـتان و له هه‌نده‌ران پێکڕان کاری هونه‌ریمان ده‌کردو په‌یوه‌ندیمان له بازنه‌ی ژه‌نیارو ئاوازدانه‌ر له‌گه‌ڵ گۆرانیبێژ نه‌مابوو چونکه ئێمه وه‌ک دوو برا بووین!
هه‌ندێ جار له سـه‌عات هه‌شتی ئێواره هه‌تا چاری به‌یانی ڕاهێنان و پڕۆڤه‌مان له سه‌ر مه‌قام و گۆرانی تازه ده‌کرد، چونکه ئێمه هه‌ردووکمان عه‌شقی کوردستان بووین به جۆرێک و هه‌ســـتی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌و سـه‌رده‌مه ئه‌وه‌نده به گوڕ‌و تین بوو که هه‌ستمان به هیلاکی و شـه‌ونخوونی نه‌ده‌کرد.
حه‌مه جه‌زای ڕه‌حمه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه ڕێکۆرده‌رێکی گڕوندیگی مۆدێل ئه‌ڵمانی( تیكه 46) ی هه‌بوو که ئێفێکتی ده‌نگدانه‌وی تیا بوو که ئه‌و کاته شتێکی زۆر ناوازه بوو..! زۆربه‌ی گۆرانی و مه‌قامه‌كان به‌و ئامێره تۆمار ده‌کرد، ساڵی (2001) له شاری گڕاتس سه‌ردانی کردم و به یادی جاران یه‌ک سی دی مه‌قاممان ته‌نها به عوود تۆمار کرد‌و خۆی له شاری ســــوله‌یمانی بڵاوی کرده‌وه!
کاتی خۆی زۆر حه‌زی ده‌کرد بچمه دانیمارک و له یه‌کتر نزیک بین، به‌داخه‌وه ئـه‌و ســه‌رده‌مه وه‌ک و دکتۆری موزیک کارم ده‌کردو نـه‌ده‌کرا واز له کاره‌که‌م بهێنـم! به‌ڵام هه‌ر کاتێک کۆنسـێرتێک یا ئاهه‌نگێکی گه‌وره‌ی هـه‌بوایه ته‌له‌فۆنی بۆ ده‌کردم و منیـش به‌شــداریم ده‌کرد وه‌ک و له به‌رنامه‌کانی ( مێد تی ڤی) که له برۆكسل، پایته‌ختی ووڵاتی به‌لجیک ده‌کرا!
خۆشحاڵم كه‌هه‌رله‌سه‌ره‌تای ڕێبازی هونه‌ری حه‌مه جه‌زا ، یه‌كێك بووم له‌وكه‌سانه‌ی كه‌توانیم پڕبه‌دڵ پشتگیری بكه‌م و یارمه‌تی بده‌م ، توانیمان پێكه‌وه شاكاری هونه‌ری به‌رهه‌م بهێنین و هه‌ر به‌زیندوویی بمێننه‌وه ،هه‌میشه له‌هزر و بیرمه یادی به‌خێر و جێگای به‌هه‌شت بێت و ته‌مه‌ن درێژی
بۆ خانه‌واده‌و هه‌موو منداڵ و نه‌وه‌كانی..!
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت هونه‌رمه‌ند و پێشمه‌رگه و هاوڕێم ناسری ڕه‌زازی ، نزیكه‌ی (40) ساڵه ناسر ده‌ناسم و زیاتر له (30) ساڵه پێكڕان كاری هونه‌ری ده‌كه‌ین ،من تاكه كه‌س بووم له‌شاری هه‌ولێره‌وه له‌مانگی( 9ی ساڵی 1979) چوومه شاری سوله‌یمانی به‌تایبه‌تی بۆ كۆنسێرتی گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند ناسری ڕه‌زازی له‌گه‌ڵ تیپی مۆسیقای مه‌وله‌وی له هۆڵی هوتێل ( حه‌سیب ساڵح) ، من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه حه‌زم له‌و ده‌نگه کوردیه ڕه‌سه‌نه پڕ سۆزه‌ی ڕه‌زازی ده‌کرد، که چه‌ند شێوه‌ده‌نگی باشترین و خۆشترین گۆرانیبێژی کوردی تیدا کۆبویته‌وه وه‌ک:
(حه‌سه‌ن زیره‌ک، عه‌لی مه‌ردان،محه‌مه‌دی ماملێ، تاهیر تۆفیق، حه‌سه‌ن جزیری و زیاتریش).
من کاتێ یه‌که‌مین کاسێتی ڕه‌زازی گه‌یشته باشووری کوردستان ده‌مزانی که له داهاتویه‌کی زۆر نزیک هه‌سپه‌سواری ده‌نگی ئه‌و که‌ڵه هونه‌رمه‌نده سنووره‌کان ده‌به‌زێنێ و ده‌گاته پارچه‌کانی تری کوردستان! زۆر به داخه‌وه ئه‌ویش به هۆی کوردایه‌تی و بوونی به پێشمه‌رگه سه‌رده‌مێک له کاری هونه‌ری پڕفێشیۆناڵ دوورکه‌وته‌وه و بۆی نه‌ڕه‌خسا ئه‌وه‌ی حه‌زی لێ بوو به دڵی خۆی بیکات.
ئێمه پێکڕان سه‌دان ئاهه‌نگ و کۆنسێرتمان پێکڕان کردووه له هه‌موو ئه‌وروپا ، ئه‌مه‌ریکا، که‌نه‌دا، ئوسترالیا، زۆر جاریش له‌به‌ر نه‌بوونی ژه‌نیاری به توانا هه‌ر به دووقۆڵی ئه‌و به‌ده‌نگ و به ده‌ف منیش به عووده‌که‌م زۆر کۆنسێرت و ئاهه‌نگمان ئه‌نجام داوون، هه‌تا ئێستاش خه‌ڵک حه‌زی لێ دەکەن و به باشی باسی ده‌که‌ن! په‌یوه‌ندی من له‌گه‌ڵ ناسرو خانه‌واده‌ی پێشووی به‌ڕه‌حمه‌ت بێ ( مه‌رزیه خان) و هاوسه‌ری ئێستای و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ منداڵ و ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌که‌یان له چارچێوه‌ی گۆرانیبێژو ژه‌نیار ده‌رچووه، ئێمه وه‌ک براو كه‌س و كارین له‌گه‌ڵ یه‌ک! چاک شاره‌زای ڕه‌وشت و حه‌زو جوڵانه‌وه‌ی یه‌کین هه‌ر بۆیه‌ش ساڵی (1989) ماوه‌ی سێ مانگ له کالیفۆڕنیای ئه‌مه‌ریکا شه‌و و ڕۆژ پێكه‌وه بووین بێ ئه‌وه‌ی جارێکیش به‌ڕاستی له‌یه‌ک توڕه‌بین!
له‌و ماوه‌یه‌ی له‌وێ بوین کاسێتی (ده‌لالۆ)مان تۆمارکرد به یارمه‌تی دانی کوڕه‌کانی شێوه‌کاری به‌ناوبانگ مامۆستا خوالێخۆشبوو جه‌مال به‌ختیار، هونه‌رو هاوژینی ڕه‌حمه‌تی،
هه‌میشه خۆشم ویستووه و له‌وماوه دوور‌و درێژه‌ی په‌یوه‌ندیمان زۆر گه‌شت و ڕووداوی خۆشمان پێكه‌وه هه‌یه ، هیوای به‌رده‌وامی و ته‌ندروستی باشی بۆده‌خوازم.
ئه‌وه‌نده ماوه بڵیم و ، ده‌خوازم چرای هونه‌ری هونه‌رمه‌ندی گه‌وره ڕزگار خۆشناو هه‌میشه ڕۆشن و دره‌وشاوه‌تر و له‌گه‌شه‌كردنی به‌رده‌وامدا بێت ، په‌نجه ناسكه‌كانی پڕ ووزه‌تر و به‌رهه‌مدارتربێت، هیوای سه‌ركه‌وتن و سه‌رفرازی زیاتر و ته‌ندروستی باش و ژیانێكی ئارامی بۆ ده‌خوازم و سوپاسگوزاری ئه‌و مێژووه لێوڕێژه له‌به‌خششی هونه‌ری به‌درێژایی ژیانی هونه‌ری به‌خشیویه‌تی به‌نه‌ته‌وه‌كه‌مان.
جه‌مالی ده‌لاك 14/12/2022 هه‌ولێر .
سه‌رچاوه :
(1) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه به هونه‌رمه‌ند ( ڕزگار خۆشناو ) ( نه‌مسا _ هه‌ولێر ) ڕۆژی یه‌كشه‌ممه (4/12/2022).
(2) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه به هونه‌رمه‌ند ( نه‌جات مه‌لا جه‌وهه‌ر ) ( هۆڵه‌ندا _ هه‌ولێر ) ڕۆژی دووشه‌ممه (5/12/2022).
(3) په‌یوه‌ندی له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه به هونه‌رمه‌ند ( ئازاد سه‌عیدمه‌ولود) پسپۆڕ‌و ڕاهێنەری تیپی هونەری میللی سلێمانی و، ئەندامی کۆنی تیپی هونەری میللی هەولێر ،ڕۆژی چوارشه‌ممه (7/12/2022).
(4) تۆڕی كۆمه‌لایه‌تی فه‌یسبوك ، واڵی هونه‌رمه‌ند ڕزگار خۆشناو (29/6/2017).
(5) سایتی چرا ، دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ڕزگارخۆشناو ، دیلان ڕه‌شاد له 17/7/2010، هه‌روه‌ها سایتی ڕووداو ،، هیوا سه‌ڵاح له 12/5/2010) .
سوپاس و ستایشی بێ پایانم بۆهه‌ریه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( ڕزگارخۆشناو ، نه‌جات مه‌لاجه‌وهه‌ر ، ڕه‌نجبه‌رخۆشناو و ئازاد سه‌عید) هاوكارم بوون له‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ی پرسیاره‌كانم و له‌پێدانی زانیاریی ( ج،د).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.