Erbil 15°C شەممە 20 نیسان 06:32

دوایین ئامار و دۆخی نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان

کوردستان TV
100%


بە باشتر بوونی دۆخی تەندروستی لە بواری نەخۆشیی ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید١٩)، هاوڵاتيیانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گشتی کەمتر ڤاکسینی کۆرۆنا وەردەگرن و راپۆرتەکانی هەفتانەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژە بە ئاساییبوونەوەی دۆخەکە دەکەن.
د. ئاسۆ حەمید زەنگەنە، بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی خۆراک لە وەزارەتی تەندروستی بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''سەردانی خەڵک بەگشتی بۆ وەرگرتنی ڤاکسین کەم بووەتەوە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە خەڵک ڤاکسینیان وەرگرتووە و لە کاتی ئێستادا ڕێژەی مردن بەم نەخۆشییە زۆر کەم بووەتەوە و جۆرێک لە بەرگری کۆمەڵگایی دروست بووە. ''
د. ئاسۆ ئاماژەشی بە ماوەی بەسەرچوونی ڤاکسینی کۆرۆنا وەک تەواوی دەرمانەکانی دیکە دا و وتی:''ڤاکسینی فایزەر رێکەوتی بەسەرچوونی کەمتر بوو، ئەمەش وای کرد کە ڕێژەیەک لەم ڤاکسینەکان تەلەف ببن و ڤاکسینی (ئەسترازێنیکا)ش زۆر داواکاری لەسەر نەبوو، چەند حاڵەتی نەخوازراو لەسەر ئاستی جيهان روویدا، هەر چەندە زۆر کەمیش بوو، بەڵام حکومەتی فیدراڵ گرێبەستەکەی هەڵپەسارد.

رێژەی تەلەف بوونی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بە هۆی بەسەرچوونی ماوەی بەکارهێنانیان بەم شێوەی خوارەوە بووە:
فایزەر: ٣٢٣٢٠٨
سینۆفارم : ٢٨٢٣٥
ئەسترازێنیکا : ٦٧٤٨٦
کۆی گشتی : ٤١٨٩٢٩

تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٢،٦٨٧،٦١٤ ڤاکسینی دژە کۆڤید١٩ لە رێگەی ئەم چوار دۆزەی خوارەوە بە هاوڵاتیان دراوە:
دۆزی یەکەم: ١،٤٤٨،٩٨٥
دۆزی دووەم: ١،٢٠٤،٠٤٥
دۆزی سێیەم: ٣٤،٥٨٩
دۆزی چوارەم: ٩٥
د. هاژە هوشیار محەمەد، بەرپرسی بەشی کوتان لە وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان سێ جۆر ڤاکسینی دژە کۆرۆنا (فایزە، ئەسترازێنیکا و سینۆفارم) بەردەست بووە، بەڵام لە کاتی ئێستادا تەنیا ڤاکسینی سینۆفارم بەکاردێت و ژمارەیەکی زۆریش بەردەستە و رێکەوتی بەسەرچوونی تا مانگی ئەیلولی ساڵی داهاتووە.
سەرچاوەی ڤاکسینی دژە کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دەزگای کۆڤاکسە کە لە ڕێگەی حکومەتی فیدراڵەوە دەگات.
لە بارەی کوتانی منداڵان لە بەرانبەری کۆڤید١٩، بەرپرسی بەشی کوتان وتی:''بە پێی دوایین ڕێنماییەکان دەکرێت ڤاکسینی دژە کۆرۆنا بە منداڵانی سەرەوەی پێنج ساڵە بدرێت، بەڵام ئێمە لە هەرێمی کوردستان تەنها لە تەمەنی ١٢ ساڵی بە سەرەوە ڤاکسینیان پێ دەدەین، چونکە ئەو جۆرە ڤاکسینەی کە بۆ منداڵان بەکار دێت و لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەردەست نییە.''
بە پێی لێدوانی ئەم دوو پزیشکە، ئێستا دۆخەکە بە پێی ئەو داتایانە کۆ دەکرێنەوە باشە و، بەرزبوونەوەیەکی زۆر کەم لە ڕێژەی تووشبوون بە کۆرۆنا هەیە. خۆشبەختانە حالەتی توند و داخیلکردن بۆ نەخۆشانە و ڕێژەی مردنی لەگەڵ نیە. وەزارەتی تەندروستی بۆ بەرنگاربوونەوەی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو یان هەر گۆڕانکارییەک لەوانەیە لە تەرکیبی جيني ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕوو بدات، لە ئامادەکاری دایە.
بە پێی دوایین ڕاگەیاندراوی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی نەخۆشی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کۆڤید19، لە ماوەی هەفتەیەکدا ٥٨٥٥ پشکنین کراوە و ٢٤٩ کەس بە کۆڤید١٩ تووش بوونە و ٧٠ کەسیش چاک بوونەتەوە. خۆشبەختانە هیچ حاڵەتی مردن لەم ماوەیەدا تۆمار نەکراوە.
لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکنین بۆ ٤،٥٥٥،٤٥٣ کەس کراوە و ٤٦٦،٥٤٢ کەسیش تووش بوونە و ٤٥٨،٦٨٧ تووشبوو چاک بوونەتەوە.
٣٨٧ کەس لە ژێر چارەسەر دان و ٧،٤٦٩ کەسیش بەهۆی کۆرۆناوە گیانیان لە دەستداوە.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.