له‌زۆربه‌ی تراژیدیاكانی شكسپیردا هه‌میشه هێزی شه‌ڕ به‌سه‌ر هێزی خێردا زاڵه، بۆیه له لیرپاشاش دا، به‌چاوی خۆمان مه‌رگی پاشا‌و كچه راستگۆكه‌ی ده‌بینین، كه نه‌یانتوانی كۆتایی به‌غه‌درو خیانه‌ت و ته‌ماعكاری بێنن و دنیا لێو لێوكه‌ن له‌راستگۆیی و خۆشه‌ویستی راسته‌قینه.
شكسپیر لا ته‌نیشتێكی له‌تراژیدیایه‌كدا نیشانداین، كه هه‌ر ته‌نها له‌دایك بووی كۆمه‌ڵگای ئینگڵته‌را یا ئه‌وروپا نین، به‌ڵكو ئه‌مه كولتووری زۆرینه‌ی مرۆڤایه‌تی ئه‌مڕۆیه ، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له‌سنووری وڵاتێك، یا له‌ده‌وروبه‌ری زه‌مه‌نێكدا، نه‌خێر ئه‌مه ده‌رهاوێشته‌یه‌كی بێ سنووره‌و بۆ هه‌موو وڵاتێك و بۆ هه‌موو سه‌رده‌مانێك به‌رده‌وامی هه‌یه.
بۆیه ره‌خنه‌گری به‌ریتانی ( ئه‌دوارد بۆند) ده‌ڵێت: ئه‌م هه‌موو توند‌و تیژی و تاوانكارییه له كۆمه‌ڵگای ئه‌وروپادا شایه‌سته‌ی ریسوا كردنه، چونكه ئه‌وه‌ی هه‌یه مایه‌ی شه‌رمه‌زاری بوونه.
شكسپیر ده‌یه‌وێت بڵێت له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا گوتنی هه‌قیقه‌ت تفت و تاڵه‌و هه‌ندێ جاریش باجی قورسی له‌سه‌ره.
هه‌موو كه‌سێك به‌رگه‌ی هه‌ق په‌رستی ناگرێ، به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی ستایش و پیا هه‌ڵدانی ناڕاست، لای هه‌ندێ كه‌س به‌هه‌ند وه‌رده‌گیرێن و رێزیان لێ ده‌گیرێت .
له‌وه‌ته‌ی تراژیدیای ( لیر پاشا)ی شكسپیر له‌ساڵی 1606 ه‌وه بۆ یه‌كه‌م جار نمایش كراوه، تاوه‌كو ئێستاكه به‌سه‌دان شێواز و له‌لایه‌ن چه‌ندین گه‌وره ده‌رهێنه‌ری شانۆیی و سینه‌مایی له جیهاندا نمایش ده‌كرێت، كه‌چی وه‌ك ئه‌وه وایه كه بۆ یه‌كه‌مجار، لیر پاشا ببیندرێ. كاتی خۆی شكسپیر بیرۆكه‌ی ئه‌م نمایشه‌ی له‌داستانێكی (سبنسر) به ناوی (شاژنی جنه‌كان ) وه‌رگرتووه، كه كولتوورێََكی كۆنی ئینگڵته‌رایه .
شانۆگه‌ریه‌كه سه‌ربورده‌ی پاشایه‌كی به‌ریتانی ده‌گێرَێته‌وه كه كاتی خۆی‌و له‌ته‌مه‌نی لاویتی دا سوارچاكێكی لێهاتوو بووه، به‌ڵام دواتر كه ده‌كه‌ویته ته‌مه‌نه‌وه، بڕیار ده‌دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته و موڵك و سامانه‌ی هه‌یه‌تی، به‌سه‌ر سێ كچه‌كانی( گۆن ریل، ریگن، كۆردیلیا ) دابه‌ش بكات، دا‌واشیان لێ ده‌كات، هه‌ریه‌ك له‌وان هه‌ستی تایبه‌تی خۆی به‌رامبه‌ر به‌و عه‌داله‌تی و خۆشه‌ویستیه‌ی باوكیان ده‌ربڕن.
كچه گه‌وره‌و كچه ناوه‌ندییه‌كه‌ی، به‌زمانێكی لووس ده‌كه‌ونه به‌ر مه‌دح ستایشی خۆشه‌ویستی خۆیان بۆ باوكیان، به‌ڵام كچه بچووكه‌كه‌یان ناتوانێت درۆ له‌گه‌ڵ باوكی بكا‌و ده‌ڵێ خۆشه‌ویستی نێوان من و تۆ ته‌نیا خۆشه‌ویستی كچێك و باوكێكه، ناتوانێت له‌وه‌نده زێتر ستایشی درۆزنانه‌ی باوكی بكات، ئه‌مه‌ش ده‌بێته مایه‌ی توره‌ِبوونی باوكی و وای لێ ده‌كات، كچه‌كه‌ی پێِشكه‌ش به‌پاشای قه‌ره‌نسا بكات و له‌مه‌مه‌له‌كه‌ت به‌ده‌ری نێ .
دواتر كه زه‌مه‌ن دێ و زه‌مه‌ن ده‌ڕوا، درۆ‌و راستیه‌كان ده‌رده‌كه‌ون و هه‌موو شتێ ئاشكرا ده‌بێت، ئه‌و دوو كچه‌ی ده‌سه‌ڵات و موڵكی پاشایان به‌سه‌ردا په‌خش كرا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن، پاشای باوكیان له‌ده‌سه‌ڵات رووت كه‌نه‌وه، پاشان پیلان بۆ له‌ناو بردنی دابنێن .
به‌ڵام كاتێ پاشا پیلانه‌كه‌ی بۆ ئاشكرا ده‌بێ، به‌نهێنی له‌ده‌ست پاسه‌وانه‌كانی كۆشك و پیلانی دوو خوشكه‌كه وه‌ك شێت راده‌كا، تاجێكی په‌ڕه موچه له‌سه‌ر ده‌نێ به‌ده‌م گۆرانیه‌كه‌وه كه‌كه‌س تێی ناگاو ده‌كه‌وێته نێو گیژه‌نه‌ی زریانێكی توند‌و له‌كۆتاییدا له‌گه‌ڵ كچه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی سه‌ر ده‌نێنه‌وه،
ئه‌م تراژیدیایه لای زۆربه‌ی كۆمه‌ڵگاكانی دنیا بیندراوه، به‌ڵام هیچ نمایشێك كۆتایی به لیر پاشا ناهێنێ، به‌ڵكو لیر پاشا به ئایدۆلۆژیایێكی تر‌و فۆرمێكی تر دیسان ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له نوێ ده‌رسێكی تر له بێ نمه‌كی و خیانه‌تكاری و دوو روویی بڵێته‌وه.
بۆیه ( كامه‌ران ره‌ئووف ) په‌نجه‌ی له‌سه‌ر ده‌قێك داناوه، كه له رووی ئایدۆلۆژیا‌و واقیع، هاوكوفه له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆی مرۆڤایه‌تی به‌گشتی و ژیانی كۆمه‌ڵگای كورد به تایبه‌ت، له سه‌رده‌مێكی پڕله ململانێ و سه‌رده‌مێكی پڕ له‌خۆپه‌رستی و خوێن خۆری، له پێناو ده‌سه‌ڵات .
له لایه‌كی تره‌وه(كامه‌ران ) كاراكته‌رێكی بژارده كردووه ، كه ره‌نگه ئه‌و كاراكته‌ره بێت، بتوانێت تێنوویه‌تی مرۆیی و هونه‌ریی ئه‌و به‌ته‌واوی به‌یه‌كه‌وه بشكێنێ .
گرنگ له به‌رجه‌سته كردنی كاراكته‌ری (لیر پاشا) نواندنی جه‌سته‌یی نه‌بوو، گرنگتر له‌وه نیشاندنی دیوی ناوه‌وه‌ی لیر پاشا بوو، به‌هه‌موو زام و رق و غه‌دره ون بووه‌كانی.
دیوی ناوه‌وه‌ی كاراكته‌رێك كه غه‌در شێتی كرد‌و كردی به كه‌سێك به زیندوویی مه‌رگی خۆی به چاوان ببینی.
بۆیه گرنگ بۆ ئه‌كته‌ر ئه‌وه نیه، ئه‌داو فۆرمێكی گوزارشت به‌خشت بداتێ، گرنگتر له‌وه ئه‌وه‌یه ئه‌و ئه‌كته‌ره ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێ ناخی ئه‌و كاراكته‌ره‌ت له سه‌ر شانۆدا بۆ هه‌ڵڕێژێ.
تا ئه‌كته‌ریش به‌ر له بینه‌ر ژانی ئه‌و كاراكته‌ره نه‌گوازێته‌وه ناو رۆحی خۆی ، وه‌ك گواستنه‌وه‌ی خوێنی كه‌سێك بۆ كه‌سێكی تر، ناتوانێت كارێك بكات ، دڵنیا بێت له‌وه‌ی تۆ وه‌ك ئه‌كته‌ر خیانه‌تت له كاراكته‌ره‌كه‌ت نه‌كردووه، یا راستگۆ بوویت له‌گه‌ڵیدا.
له‌و حاڵه‌تانه‌یه هه‌ندێ كاراكته‌ر مۆركێكی ئه‌به‌دی به‌رووی ئه‌كته‌رێكه‌وه ده‌لكێنن، كه تا مردن و دوای مردن، هه‌ندێ كاراكته‌ر ده‌بنه شوناسی هه‌ندێ ئه‌كته‌رو پێی ده‌ناسرێنه‌وه، وه‌ك شوناسی زۆربا بۆ ئه‌نتۆنی كوین .
ناسینی (لیر پاشا) ته‌نیا له‌به‌سه‌رهاته تراژییه‌كه‌ی دانیه، به‌ڵكو له‌ناسینی خودی (لیر پاشا ) خۆیه‌تی، له‌رووه مرۆیی و سایكۆلۆژی و ئه‌خلاقی و ئایدۆلۆژیه‌كه‌یه‌وه، بۆیه كه ده‌چیته به‌رگی لیر پاشا، ده‌بێت به‌رگه‌ی ئه‌و بروسكه ده‌رونیه‌ت گرتبێ، كه وه‌ك مرۆڤ له ره‌گو ریشه‌وه هه‌ڵی كێشاوی، تا له زیندانی كۆشكه‌كه‌ت مابیت، پاڵت پێوه ده‌نێن به‌ره‌و روخانی ده‌روونی..
بینه‌ر به‌حاڵه‌تێكی نا سه‌قامگیر ده‌تبینی، هه‌ست ده‌كا مرۆڤێكی ئاسایی نیت، وه‌ك كه‌سێكی خۆپه‌رست و هه‌ڵچوو ده‌رده‌كه‌وێ، بڕیاره‌كانت راگوزارو به‌په‌له‌ن، به‌شێوازێكی نامه‌سئولانه و نا عه‌قلانیه‌ت بریار ده‌ده‌یت ، هه‌موو شتێ به‌ره‌و شێواندن ده‌چیت...
كامه‌ران به‌و شێوه‌یه لیر پاشامان نیشان ده‌دات و ئه‌و حاڵه‌ته ده‌روونیه‌مان بۆ ئاماده ده‌كات، له لیر پاشا چاوه‌ڕوانی ده‌كه‌ین.
بۆیه بینه‌ر له‌سه‌ره‌تادا رقی له‌هه‌ڵسوو كه‌وتی نامه‌سئولانه‌ی لیر پاشا ده‌بێته‌وه، به‌ڵام دواتر هه هه‌ست ده‌كات ئه‌و پاشایه غه‌دری له‌خۆی كردووه و به‌رهه‌می هه‌ڵه‌كانی وه‌رده‌گرێته‌وه، به له ده‌ست دانی ده‌سه‌ڵات و بێ نمه‌كی كچه‌كانی به‌هۆی ئه‌و ته‌مه‌عكارییه‌ی به‌رچاوی گرتوون، ورده ورده بینه‌ر سۆز ده‌یگرێ و ئاواتی ئه‌وه ده‌وازێ ئه‌وه‌ی روخاوه راست بكرێته‌وه.
ده‌رهێنان
كامه‌ران ره‌ئووف دوای هه‌موو ئه‌و چه‌ند ئه‌زموونه شانۆییانه‌ی له‌گه‌ڵ چیخه‌ف و ستایلی چیخه‌ف نیشانی داین، چ وه‌ك ده‌رهێنه‌ر چ وه‌ك ئه‌كته‌ر، ئه‌مجاره ده‌خزێته سه‌ر شكسپیرو كاراكته‌رێك له‌كاراكته‌ره هه‌ره كاریگه‌ره‌كانمان بۆ به‌رجه‌سته ده‌كات، كه هه‌موو ئه‌كته‌رێك ئاواتی ئه‌وه ده‌خوازێ خۆی له‌و ئه‌زموونه قورسه بدات و یا خود ببێت به‌ئه‌كته‌رێكی به‌شداربوو له( لیر پاشا)دا .
بۆیه پێم وایه بژارده‌ی (لیر پاشا ) بۆ شانۆی كوردی له چه‌ند جه‌مسه‌رێكه‌وه بایه‌خی خۆی هه‌یه.
له رووی پراكتیكییه‌وه بینه‌ری كورد ئاشنا بوونی به‌تراژیدیاو كاراكته‌ره ناوداره‌كانی شكسپیر كه‌مه، ئه‌گه‌رچی له‌واقیع دا هه‌ر خۆی پارچه‌یه‌كه له‌و واقیعه‌و لێواو لێوه له تراژیدیا.
بۆیه بیر كردنه‌وه له (لیر پاشا) بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه گرنگی خۆی هه‌یه .
2.كاراكته‌ری (لیر پاشا) نزیكترین كاراكته‌رێكه له‌رووی شێوه‌و فۆرمه‌وه بۆ (كامه‌ران) به‌تایبه‌ت له رووی ته‌مه‌ن و فۆرمی نواندن، بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی توانا جه‌سته‌یی و فیزیكیه‌كانی له‌و كاراكته‌ره‌دا، كه كاراكته‌رێكی كاریگه‌رو ناخ هه‌ژێنه وفه‌زایه‌كی به‌رفره‌وان بۆ كامه‌ران دروست ده‌كات، كه باشترین تواناكانی به‌رجه‌سته بكات.
3. ئه‌م تێكسته‌و ئامانج و فه‌لسه‌فه‌كانی، گونجاوترین تێكسته بۆ به‌رجه‌سته كردنی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له كۆمه‌ڵگای كوردی دا روو ده‌دا، له‌خیانه‌تكاری و ته‌ماعكاری له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و خۆپه‌رستی دا .
كار كردن له‌تراژیدیاكانی شكسپیر له‌شانۆی كوردی دا به ده‌گمه‌نه وه‌ك شانۆ، مه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێ ئه‌تروحه‌ی قوتابیانی لێ ده‌رچێت، چونكه تا ئێستا شانۆی كوردی به‌هۆی لاوازی زۆر له پێكهاته‌كانی، به‌تایبه‌ت ئه‌كته‌ری پرۆفیشناڵ و پێداویستیه‌كانی شانۆی كلاسیكی له‌رووی جل‌و به‌رگ و دیكۆرو ئیكسسواراتی دیكه خۆی له شكسپیر نادا، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی شانۆی شكسپیری تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، ده‌بێت ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بڕه‌خسێ بۆ به‌رهه‌م هێنانی به‌رهه‌مێكی شانۆیی، به‌ر له‌هه‌مووشیان ئه‌كته‌ری شكسپیریی .
كامه‌ران له‌ده‌رهێناندا له‌رووی فۆرمه‌وه نه‌یتوانیووه له‌و چه‌ند نمایشه جیهانیانه تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌بێت، كه ده‌رباره‌ی لیر پاشا نمایش كراون، به‌ڵكو له‌شێوه‌دا له‌ده‌وری یه‌ك بازنه‌دا ده‌سوڕێنه‌وه، به‌ڵام بۆ شانۆی كوردی شتێكی تازه‌یه، كه بینه‌ری كورد لیر پاشا ببینێ و ئاوێزانی ئه‌و كاراكته‌ره تراژیدیه بێت كه شانۆی جیهانی هه‌ژاندووه.
له به‌شی یه‌كه‌می شانۆگه‌ریه‌كه‌دا سیمای كلاسیكی كۆشك و ته‌لاری ئینگلیزی و جل‌و به‌رگی بنه‌ماڵه‌ی پاشازاده‌كان و ده‌ست و پێوه‌نده‌كانیان، ده‌روازه‌یه‌كه بۆ ره‌سم كردنی شوێن و مۆركه كلاسیكییه‌كه كه تایبه‌تمه‌ندی خۆی پێوه دیاره، پاشان دیكۆری تۆڕه‌كانی جاڵجاڵۆكه هه‌ر زوو ئه‌و هه‌سته‌ت لا گه‌ڵاڵه ده‌كات، كه ئه‌مه شوێنێكه بۆ چنینی پیلان و هێڵه‌كانی تاوانباری، هه‌موو ئه‌وانه‌ش كه‌وتونه‌ته ناو چوارچیوه‌ی ئه‌و تۆڕانه له‌و تاوانكاریانه‌دا تێوه كڵاون و گه‌مه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن له‌رووداوه‌كاندا.
ریتمی نمایشه‌كه له‌ده‌ستپێكی شانۆگه‌ریه‌كه‌دا زۆر هێوره، به‌ڵام دواتر له‌گه‌ڵ به‌ره‌و پێشه‌وه چوونی رووداوه‌كان، به‌ره‌و هه‌ڵكشان ده‌چێ .
بینه‌ر هه‌ست ده‌كات په‌ڕینه‌وه بۆ به‌شی دووه‌م خێرایی پێوه دیاره، چونكه ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵی كورت كردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێ دیمه‌ن و رووداو‌و دیالۆگی داوه، كه له‌بایه‌خی سروشتی نمایشه‌كه كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، چونكه نه‌شوونووما كردنی ململانێكان به‌شێوه سروشتیه‌كه‌ی خۆیه‌وه، هاوسه‌نگی شانۆگه‌ریه‌كه راده‌گرێ‌و ده‌رفه‌تی ده‌سته‌به‌ر بوونی چێژ ده‌پارێزێ.
ده‌رهێنه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات قورسایی خۆی بخاته نێو رووداوه‌كانی دوایی و خۆی له‌دیالۆگه سه‌ره‌تاییه‌كانی نێو كۆشكی پاشایه‌تی رزگار كات و شانۆگه‌ریه‌كه‌ی ته‌واو كورت كردۆته‌وه، زۆر له دیمه‌ن و دیالۆگه‌كانی هه‌ڵگرتووه‌و به خیرایی به‌سه‌ر دیمه‌نه‌كاندا تێپه‌ڕیوه، به‌ڵام كه‌م و زۆرێك بونیاتی درامی نمایشه‌كه‌و كرۆكی روداوه‌كانی پاراستووه.
ده‌رهێنه‌ر پێویستی به‌وه هه‌بوو زێتر له‌سه‌ر مه‌رگه‌ساتی كوشتنی لیر پاشا‌و كچه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی بوه‌ستایه و جه‌ختی له‌سه‌ر سینۆگرافیا بكردایه‌وه، به‌تایبه‌ت موزیك و ره‌نگ كه دیمه‌نه‌كه‌ی وه‌ك پێویست تێر نه‌كرد.
له ده‌ره‌وه‌ی سیناریۆی ده‌قه‌كه ده‌رهێنه‌ر بۆ تێر كردنی دیمه‌نه‌كان پێویستی به‌چه‌ند دیمه‌نێكی درامی هه‌بوو بۆ ده‌وڵه‌مه‌ند كردنی سینۆگرافیا.
دڵنیام ده‌رهێنه‌ر مه‌عریفه‌یه‌كی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و نمایشانه‌ی (لیر پاشا) هه‌بوو، ره‌نگه به‌شێكیش له‌و نمایش و فیلمانه‌ی بینیی بێت كه رۆڵی (لیر پاشا)یان به‌رجه‌سته كردووه، له‌وانه نمایشی گه‌وره ئه‌كته‌ری به‌ریتانی (ئه‌نتۆنی هۆبكنز) كه خاوه‌نی خه‌ڵاتی ئۆسكاره، له‌پێشه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌كته‌ره جیهانیانه‌یه كه سه‌ركه‌وتوانه رۆڵی ( لیر پاشا) ی بینیووه، بینه‌ر هه‌ست ده‌كات كامه‌ران لێك نزیك بوونه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌یه له‌گه‌ڵ (هۆبكنز) له به‌رجه‌سته كردنی كاراكته‌ری لیر پاشادا.
هه‌روه‌ها ئه‌كته‌ری ناسراوی جیهانی (باتشینۆ) بۆ 13 جار رۆڵی لیر پاشای له‌شانۆو سینه‌مادا بینیووه، خۆی ده‌ڵێ به‌ڵام تا ئێستا هه‌ست ده‌كه‌م مافی ته‌واوم به‌و كاراكته‌ره نه‌داوه.
به گشتی شالیر هه‌ر ته‌نها تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك نه‌بوو بۆ كامه‌ران ، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌كته‌ره به‌شداربووه‌كانی خسته به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی سه‌خت.
ئه‌و ئه‌كته‌رانه‌ی بۆ كاراكته‌ره‌كانی لیر پاشا بژارده كرابوون به‌گشتی، هه‌ر یه‌ك له‌وان و به‌رێژه‌یه‌ك تیگه‌یشتنێكی باشیان بۆ كاراكته‌ره‌كانیان هه‌بوو، له‌وانه:
گۆن ڕیڵ (هیرۆ جه‌واد)
كچه گه‌وره‌ی لیر پاشایه، رووی دووه‌می شه‌ڕی ململانێكه بوو له‌گه‌ڵ خێردا
(گۆن رێل) كه داڕێژه‌ری پیلانی كوشتنی باوكیه‌تی، له‌و نمایشه‌دا ده‌بێته هێمای خیانه‌تكاری و ته‌ماعكاری و چاوچنۆكی، به‌مه‌ش سه‌راپای مرۆڤایه‌تی روو به‌رووی
شه‌رمه‌زاری و ره‌شبینی ده‌كاته‌وه.
هیرۆ جه‌واد لایه‌نی دووه‌می هێزی دراماكه‌ی هاوسه‌نگ راگرتبوو به‌رامبه‌ر لیر پاشا و ئاستی ململانێكه‌ی توندتر ده‌كرد، ئه‌و دڵ ره‌قی و ده‌مار گرژیه تونده‌ی نواندنی هێرۆ هه‌رگیز له‌كێش و به‌های هاوسه‌نگی نواندنی ئه‌وی كه‌م نه‌كرده‌وه، به‌ڵكو هه‌موو ریتمه‌كان به شێوه‌یه‌كی سروشتی قه‌دی خۆیان گرتبوو، هه‌موو هێزه داهێنانه‌كه‌ی هێرۆ له‌و بوێری و تێگه‌یشتنه بوو له كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی .
به‌هلول ( ئه‌ژین حه‌مه نوری)
به‌هلول كاراكته‌رێكی هوشیارو عه‌قلی كراوه‌ی پاشا بوو، یه‌كێك بوو له‌كاراكته‌ره هه‌ره نزیك و باوه‌ڕ پێكراوه‌كانی پاشا ، هه‌میشه پاشا گوێڕایه‌ڵی بۆچوونه‌كانی بوو.
ئه‌ژین ـ ئه‌كته‌رێكی لێوه‌شاوه بوو بۆ رۆڵی (به‌هلول) له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ش و لارێكی په‌هله‌وانی و لاستیكی باشی هه‌بوو، له رووی ئه‌داش توانی ئه‌دایه‌كی ستاتیكی جوان به‌رجه‌سته بكات، ئه‌مه‌ش له‌زۆرینه‌ی ئه‌كته‌ره‌كانی تری جیا ده‌كرده‌وه.
كینت ( ئالان هادی)
له‌هاوڕێ نزیكه‌كانی پاشا بوو، به‌هۆی به‌رگری كردن له‌كچه بچوك و دڵسۆزه‌كه‌ی.
لیر و به‌رگری كردن له‌راستی شار به‌ده‌ر كرا.
له تاڵترین ساته‌كاندا به‌فریای پاشا كه‌وت، لایه‌نگیرێكی دڵسۆزی هه‌ق بوو.
بۆ یه‌كه‌مجار ئالان م له‌سه‌ر شانۆدا بینی، له‌ده‌رفه‌تێكی شایه‌سته‌و له‌رۆڵێكی وا گرنگ و له نمایشێكی وه‌ك لیر پاشا.
هه‌ستم ده‌كرد زۆر به په‌رۆشی رۆڵه‌كه‌ی خۆیه‌تی و زۆر به جدی كار بۆ سه‌ركه‌وتنی كاراكته‌ره‌كه‌ی ده‌كات .
ریگن ( رۆژه ئومێد )
كچی ناوه‌ندی پاشا بوو، ئه‌ویش كه‌سی دووه‌م بوو له‌و تاوانبارانه‌ی پلانی كوشتن‌یان بۆ باوكیان دانابوو.
رۆژه به هێمنی كه‌وتبووه ژێر سێبه‌ری خوشكی گه‌وره‌ی، ئه‌و توند‌و تیژیه‌ی پێوه دیار نه‌بووكه له هێرۆدا هه‌بوو، بۆیه كاراكته‌ره‌كه‌ی هاوسه‌نگ بوو.
تۆمای هه‌ژار ( سالار ماهیر )
كوێری لای شكسپیر مانایه‌كی جیاوازی هه‌یه له‌وه‌ی كه‌سێك بینایی له‌ده‌ست بدات، به‌ڵكو لای بینایی مرۆڤ له‌رووناكی مێشك دایه نه‌ك له دیده‌كانی، بۆیه تۆمای هه‌ژار له نێوه‌ندی كۆمه‌ڵگایه‌كدا شوێنێكی بۆ نامێنێته‌وه.
تۆمی هه‌ژار یه‌كێك بوو له‌وانه‌ی به‌نابینایی رێ نیشانده‌ری (لیر پاشا) بوو، له‌كاتێكا پاشا چاو ساغ و تۆماس نابینا بوو.
(ماهیر) وه‌ك ئه‌كته‌ر جه‌سته‌یه‌كی چاپووك و زیندووی درابوێ، له‌سواڵكه‌رێك نه‌ده‌چوو، ده‌بوا لاوازتر‌و بێ هێزتر ده‌ركه‌وتایه‌و له كاراكته‌ره‌كه‌ی نزیكتر بوایه.
كوردیلیا(هیڤی جه‌بار)
كچه بچووكه‌كه‌ی لیر، راستی نه‌گۆڕیه‌وه به‌ماڵی دنیا و تا دوا هه‌ناسه قوربانی به‌خشی له پێناو راستی دا ، كاراكته‌رێكی هێمن، هاوسه‌نگ ، دوور له هه‌ڵچوون.
حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
لیر پاشا و ئه‌زموونێك له‌تراژیدیا
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.