Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 16:51

هاووڵاتیانی ئێران بەبۆنەی شكستی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیانەوە لەمۆندیالدا ئاهەنگیان گێڕا

کوردستان TV
100%

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە میانی یارییەكانی جامی جیهانیی 2022دا، بە ئەنجامی 1-0 بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەمریكا شكستی هێنا، خەڵكی رژانە سەر شەقامەكان و بەبۆنەی شكستی هەڵبژاردەی وڵاتەكەیانەوە، ئاهەنگیان گێڕا.
بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوونەتەوە لە شارەكانی تاران، قوروە، رەشت، گورگان، جوانڕۆ، ئەردەبیل، ورمێ، سنە، مەریوان، دەزفول، ئەهواز، زەنجان، مهاباد، سەقز و كامیاران خەڵك رژاونەتە سەر شەقامەكان و بە گوتنەوەی دروشم و هەڵدانی یاری ئاگرین، خۆشحاڵی خۆیان بەرامبەر شكستی هەڵبژاردەی ئێران، دەربڕیوە.
ئەو هاووڵاتییانەشی لە هۆڵەكانی كۆنفڕانس، سینەما و كافێكانی تاران بەكۆمەڵ سەیری یارییەكەیان دەكرد، بەهۆی شكستی هەڵبژاردەی ئێرانەوە بەدڵتەنگی گەڕانەوە ماڵەكانیان و ئەو ئاهەنگانەشی بڕیاربوو دوای سەركەوتنی هەڵبژاردەی ئێران ساز بكرێن، هەڵوەشانەوە.
ئەو كەسانەی دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمنی دەستیان بە خۆپیشاندان كرد، داوایان كرد بوو كە یارییەكانی ئێران لە مۆندیالی قەتەر، بایكۆت بكرێن و هاووڵاتییان تەماشایان نەكەن، ئەگەر هەڵبژاردەی ئێرانیش بردییەوە، ئاهەنگ ساز نەكەن.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.