Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 18:43

تێچووى نەشتەرگەرى دڵ لە هه‌رێمی کوردستان 10%ى تێچووى هەمان نەشتەرگەرییە لە دەرەوەى وڵات

کوردستان TV
100%


 وەك هەمیشە لە كابینەی نۆیەم گرنگییەكی تەواو بە كەرتی تەندروستی دراوە. خەریکە لە زۆرینەى شارەکانى کوردستان سەنتەری تایبەت بە دڵ دەکرێتەوە. حکومەتى هەرێمی کوردستان هەروەک بابەتە تەندرووستییەکانى دیکە، گوژمەی تایبەتی و پێداویستی تایبەتی پزیشكی بۆ چارەسەری ئەو سەنتەرانەى دڵ داناوە تا بارگرانیى ماددى نەکەوێتە سەر هاووڵاتیان.

سەنتەری دڵ لە شاری دهۆك، لە ساڵی ٢٠١١ دامەزراوە و ساڵ بە ساڵ خزمەتی زیاتر پێشكەش بە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكات. ئەو خزمەتگوزارییانەش چەند بەشێكی جیاواز دەگرێتەوە وەک، پشكنینی نەخۆشی دڵ لە ڕێگەی (ئیكۆ، هێڵكاری دڵ، كارەبایی دڵ، بووژانەوە، قەستەرە، تیشك و ستی سكان)، لەگەڵ چارەسەری نەخۆشییەكانی دڵ بە قەستەرە لەڕێگەی (شەبەكە و باڵۆن)، هەروەها بەشێكی تریشی هەیە کە بەشی نەشتەرگەرییە وەك نەشتەرگەریی كردنەوەی سینگ وەك (چاندنی دەمارەكانی دڵ و دەمەوانە (سەمام) بەشێكیش هەیە تایبەتە بە چارەسەری منداڵان چ بە شێوازی قەستەرە بێت یان نەشتەرگەری دڵی منداڵان، لەبەر ئەوەی هەندێك منداڵ هەن لە سەرەتای لەدایكبوونیانەوە بۆشایی دڵیان هەیە.

بۆ بەدواداچوونیش لەم بارەوە، پێگەی فەرمی حکومەتى هەرێمى کوردستان گفتوگۆیەکی لەگەڵ  دکتۆر "عەلا سالم، پسپۆڕی نەشتەرگەریی دڵ و بەڕێوەبەری سەنتەری ئازادی و نەشتەرگەریی دڵ لە دهۆك" ئەنجام داوە.

لەبارەی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە لە سەنتەرى دڵ لە دهۆک پێشكەش بە هاووڵاتیان دەكرێت، د.عەلا گوتی: "ئەو بڕیارانەی لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوون بۆ نەخۆشی دڵ و چارەسەری سەنتەرەكان و ئیدارەی سەنتەرەكان زۆر سەركەوتوون، ئەو خزمەتانەی لە سەنتەری دڵی كوردستان پێشكەش دەكرێت بە بەراورد بە شارەكانی تری عیراق زۆر باشترە و جیاوازی زۆرە. دەتوانین بڵێن ئاستی چارەسەری نەخۆشیی دڵ لە ئاستی وڵاتانی پێشكەوتووە، چونكە حكومەت سیستەمێكی زۆر ڕێكوپێكی بۆ داناوە و لەگەڵ دابینكردنی پێداویستیی پزیشكی و چۆنیەتی چارەسەری نەخۆشەكان، بەم هۆیەش زۆر نەخۆش لە هەموو پارێزگاكانی عێراق بۆ چارەسەر ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەكەن. جگە لەوەش حكومەت گوژمەیەكی تایبەتی بۆ پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك دابین كردووە بۆ ئەوەی بێ کەموکوڕی بن و پێداویستى و دەرمانیان کەم نەبێت، تا بەردەوام خزمەتی نەخۆشەكان بکرێت.

وەزارەتی تەندروستی، بڕیاری لیخۆشبوونی لە ڕێکەوتى ١٩ حوزەیرانی ٢٠٢٢ پەسەند كردووە و ڕێکەوتى ١٩تەمموزی٢٠٢٢ لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی لە دهۆك گشتاندنی بۆ كراوە. بڕیارێک کە کار لەسەر لێخۆشبوونى تێچووى چەندین جۆر نەشتەرگەرى بۆ هاووڵاتیان دەکات.

 بەڕێوەبەری سەنتەری ئازادی و نەشتەرگەریی دڵ لە دهۆك دەڵێت:"لە هەمان ڕۆژ کە بڕیارەکەمان پێ گەیشت، ڕاستەوخۆ جێبەجێمان كرد. یەكەم نەخۆشیشمان ٢٤تەمموزی ٢٠٢٢، بێ بەرامبەر چارەسەر كرد. لەو ڕێکەوتە بەدواوە تا ئێستا چارەسەری بێ بەرامبەر بۆ ٧٩ نەخۆش كراوە، واتە بۆ ئەو کەسانەى کە ڕێنمایی و بڕیارەکەى وەزارەتى تەندرووستى دەیانگرێتەوە، بێ بەرامبەر چارەسەر کراون".

بە هۆى زۆربوونى ژمارەى دانیشتوانى هەرێمى کوردستان و گۆڕینى ژیان، نەخۆشی دڵیش لە چاو ساڵانى پێشوو زیادى کردووە و ساڵانە ژمارەیەكی زۆر لە نەخۆش سەردانی سەنتەرەكانی دڵ دەكەن و بە نرخێكی گونجاو و بە باشترین شێوە خزمەت دەكرێن. كۆی گشتی ژمارەی ئەو نەخۆشانەی لە ساڵی ٢٠٢٢ سەردانی سەنتەرى دڵیان لە دهۆک کردووە، (٩,١٥٩) نەخۆش بوون، کە لەم ژمارەیە (٢٦٨) نەخۆشیان نەشتەرگەرى دڵ و (٢٤٠) نەخۆشیان نەشتەرگەری سینگ و بۆڕی خوێن و (١,١٣٦) نەخۆشیان قەستەرە و (٧٩٤) نەخۆشیان شەبەکە و باڵۆن و (٣٣) نەخۆشیان كارەبایی دڵ و (٢٤) نەخۆشیان نازوور و (٦٨٣) پی.سی.ئای و (٥,٤٤٦) نەخۆشیان ئیكۆ و (٥٣٥) نەخۆشیان بووژانەوەی دڵیان بۆ ئەنجام دراوە.

هەرێمى کوردستان و حکومەت خۆى بە قەرزاربارى خانەوادەی شەهیدان دەزانێت و لەم پێناوەیشدا بەدەر لە بوونى وەزارەتێکى تایبەت بە شەهیدان و ئەنفالکراوان کە بەردەوام خزمەتى ئەو دوو خانەوادە گەورەیەى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکات، لە وەزارەتەکانى دیکەیش بە پێى ڕێنمایی خزمەتگوزارى تایبەت و بێ بەرامبەر بۆ کەسوکارى شەهیدان ئەنجام دەدرێت.

لە سەنتەرەکانى دڵ لە هەرێمى کوردستان، ئەم حاڵەتە لەبەرچاو گیراوە، بڕیارى بێ بەرامبەر چارەسەركردن بۆ كەسوكاری پلە یەکى شەهیدان و زیندانیانى سیاسی بۆ نمونە (دایك و باوك و كچ و کوڕی) دراوە، نەخۆشەکە بۆ دڵنیابوون و پشتڕاستکردنەوەى میراتگرییەکە تەنیا لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شەهیدان پەسەندكراوێك و كارتی شەهیدانەکە دەباتە سەنتەرەکان بۆ ئەوەی بێ بەرامبەر چارەسەری تەواویان بۆ بكرێت.

لەسەر پلانی سەنتەری دڵ لە شارى دهۆک، دکتۆر عەلا سالم، باسى لەوە کرد کە پلان و بەرنامەیەكی زۆریان هەیە تایبەت بە بەرەو پێشبردنی چارەسەری نەخۆشی دڵی مندڵان بە هەموو جۆرەكانیەوە و دەڵێت:''چونكە ئەم نەخۆشییە لە چاو نەخۆشى گەورەکان دەگمەنتر و کەمترە، بۆیە پێشینەمان بۆ داناون. لەبەرئەوەی چارەسەری منداڵان لە ئاستێكی بەرز نییە لە هەموو عێراق، بۆیە بە پێویستم زانی ئەو هەنگاوە بگرینە بەر بۆئەوەی بە شێوازێكی زۆر پێشكەوتوو ئەم چارەسەرییە بكەین بۆ منداڵان بۆ ئەوەى بارێکى قورسى دارایی نەکەوێت سەر خێزانەكانیشیان و ڕەوو لە دەرەوەی وڵات نەکەن. چارەسەری هەیە لە وڵاتانی دەرەوە ٢٠ هەزار دۆلاری تێ دەچێت، بەڵام لێرە بە نزیكەی ٣ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار دینار چارەسەر دەكرێت، كەواتە بە ڕێژەی ١٠% كەمتر لەو بڕە پارەیە کە خێزانەکانە لە دەرەوەى وڵات خەرجى دەکەن و بەو بڕە پارەیە ١٠ بۆ ٢٠ نەخۆش چارەسەر دەکرێن.''

بەڕێوەبەرى سەنتەرەى دڵ لە دهۆک گوتى:تا ئێستا مانگانە نزیكەی ١٠ نەشتەرگەریی گەورە بۆ منداڵان ئەنجام دەدرێت بەتایبەت بۆ ئەو شێوانەی بەدەگمەن چارەسەریان هەیە لە دەرەوەی وڵات، بەڵام ئیستا هەمان چارەسەر لە دهۆك و كۆمەڵێك پلانی زۆر باشیش لە بەرنامەماندایە بۆ ساڵی ٢٠٢٣.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.