Erbil 11°C شەممە 03 کانونی یەکەم 05:03

یونیسێف: لەسەدا 40ی تووشبووانی كۆلێرا لە هایتی منداڵن

کوردستان TV
100%

رێكخراوی یونیسێف سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، منداڵان لەسەدا 40ی تووشبووانی كۆلێرا لە هایتی پێكدەهێنن.
مانوێل فۆنتێن، بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەكانی رێكخراوی یونیسێف، لە كۆتایی سەردانەكەی بۆ هایتی كە چوار رۆژی خایاند، رایگەیاند: كۆلێرا و بەدخۆراكی هۆكاری زیادبوونی ژمارەی گیانلەدەستدانی منداڵانن لە هایتی.
گوتیشی: لە هەر پێنج تووشبووی كۆلێرا لە هایتی، دوو تووشبوو كە دەكاتە لەسەدا 40 منداڵن.
بەپێی نەتەوە یەكگرتووەكان لە هەر 10 تووشبووی كۆلێرا لە هایتی، نۆ حاڵەت لەو ناوچانە تۆماردەكرێن كە منداڵان تیایدا بەدەست بەدخۆراكی توندەوە دەناڵێنن.
ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەكگرتووەكان هەروەها گوتی: لە هایتی لەئێستادا، سێ مەترسی لەسەر ژیانی منداڵان هەیە كە بریتین لە بەدخۆراكی، كۆلێرا و توندوتیژی چەكداریی.
بەڕێوەبەری نووسینگەی پرۆگرامە فریاگوزاریەكانی یونیسێف، لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا، سكچوونی توند و رشانەوە منداڵ وشك و لاواز دەكات تا ئەو رادەیەی كە رەنگە پێش پێدانی چارەسەری پزیشكی پێویست گیان لەدەست بدەن.
لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كۆلێرا لە هایتی لە دووی تشرینی یەكەمەوە، وەزارەتی تەندروستیی هاتیی كە ژمارەی دانیشتوانی نزیكەی 11 ملیۆن كەسە، 20 حاڵەتی گیانلەدەستدان و زیاتر لە 10 هەزار و 600 حاڵەتی تووشبوونی تۆماركردووە.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.