Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 03:57

cnn: هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر خۆپیشاندەرانی ئافرەت و پیاو

کوردستان TV
100%

بە گوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی سی ئێن ئێن كە لەسەر زاری شایەتحاڵانی تایبەت بڵاویكردۆتەوە ، هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر خۆپیشاندەرانی ئافرەت و پیاو و كام ئافرەتیش جوان بێت ئەوە هەڵدەبژێرن.
سی ئێن ئێن لە ڕێگەی چاوپێكەوتنە بەڵگەدارەكانەوە شایەتحاڵی كۆكردۆتەوە كە شێوازێكی ترسناكی دڕندەیی لەلایەن ڕژێمەوە ئاشكرا دەكات لە كاتێكدا توندوتیژی سێكسی و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەركوتكردن و لە هەندێك حاڵەتدا زەوتكردنی خۆپیشاندەران بەكاردەهێنرێت.
لەو بارەیەوە ئافرەتێك بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، لە كاتی دەستبەسەركردنیدا هەم شایەتحاڵی توندوتیژی سێكسی بووە و هەم تووشی توندوتیژی سێكسی بووە. ئاماژەی بەوەشكردووە، كچان هەبوون دەستدرێژی سێكسییان كراوەتە سەر و دواتر گواستراونەتەوە بۆ شارەكانی دیكە،ئەوان دەترسن باسی ئەم شتانە بكەن.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا چەند گرتەیەك لە سۆشیال میدیا دەركەوتووە كە گوایە هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە سەر شەقامەكان دەستدرێژی سێكسی دەكەنە سەر خۆپیشاندەرانی ئافرەت و ڕاپۆرتی توندوتیژی سێكسی دژی چالاكوانان لە زیندانەكاندا دەستی بە دەركەوتن كردووە.
بەهۆی ئەوەی دەستڕاگەیشتن بە میدیاكان لە ناوخۆی ئێراندا بە توندی سنووردار بووە، سی ئێن ئێن چووتە ناوچەكەیەكی نزیك سنووری عێراق لەگەڵ ئێران و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەو شایەتحاڵانەدا كرد كە وڵاتەكەیان بەجێهێشتووە .
هەروەها سی ئێن ئێن چەندین ڕاپۆرتی توندوتیژی سێكسی دژی خۆپیشاندەران پشتڕاستكردۆتەوەو چەندین ڕاپۆرتی دیكەی بیستووە. لانی كەمیش یەكێك لەوانە برینداربوونی سەختی لێكەوتۆتەوەو یەكێكی دیكەشیان دەستدرێژیكردنە سەر كوڕێكی كەم تەمەن بووە. 
هەروەها لە هەندێك لەو حاڵەتانەی كە سی ئێن ئێن ئاشكرای كردووە، دەستدرێژی سێكسی وێنەگیراوە و بەكارهێنراوە بۆ ڕەشبگیریكردنی خۆپیشاندەران و بێدەنگی كردنیان، بەپێی ئەو سەرچاوانەی كە قسەیان لەگەڵ قوربانییەكان كردووە.
جێگای ئاماژەیە تا ئێستا بەرپرسانی ئێران وەڵامی داواكاریی سی ئێن ئێنیان نەداوەتەوە بۆ لێدوان لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی كە لەم ڕاپۆرتەدا باسكراون.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.