Erbil 15°C ھەینی 29 ئازار 17:47

زانایانی مەزهەبی سوننە لە ئێران داوا لە حکوومەت دەکەن گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێت

کوردستان TV
100%


زانایانی مەزهەبی سوننە لە خۆرئاوای ئێران داوایان لە ئیدارەی تاران کرد کە سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێت.

بەپێی ئەو گرتانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراونەتەوە لە شارەکانی بۆکان، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و ژمارەیەک شاری دیکە راگەیەندراوی تایبەت خوێندرایەوە کە زانایانی مەزهەبی سوننە واژوویان لەسەر کردبوو.

لەو راگەیەندراوەی کە باسی لێوە دەکرێت، "داوا لە حکوومەت کراوە گوێ لە داواکارییەکانی خەڵک بگرێت".

لەکاتێکدا داوا لە هێزە ئەمنییەکان کرا لە میانی خۆپێشاندانەکاندا، دەست لە بەکارهێنانی چەک هەڵبگرێت، بانگەوازی قەرەبووکردنەوەی زیانە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەو کەسانە کرا کە لە میانی خۆپیشانەکاندا لە ئەنجامی دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکاندا گیانیان لەدەستداوە یاخود برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا، هەروەها ئاماژەی بەوە کراوە کە ئیدارەی تاران سەرەڕای هەموو هۆشدارییەکان، کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکی ناوچەکەی چارەسەر نەکردووە، داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەش کراوە کە لە رووداوەکانی ئەم دواییەدا دەستبەسەر کراون.

 خۆپیشاندانەکانی ئێران

رۆژی 13ی ئەیلوول، پۆلیسی ئیرشادی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" مەهسا ئەمینیی تەمەن 22 ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی ئەمینی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە رۆژی 16ی ئەیلوول لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

مەهسا ئەمینی رۆژی 17ی ئەیلوول لە شاری سەقز بە خاک سپێردرا و دوای رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەش خۆپیشاندان دروست بوو کە لە ماوەیەکی کەمدا، شەپۆلی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان زۆربەی شارەکانی ئێرانی گرتەوە.

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ لە ئێران (HRANA) لەو راپۆرتەی بڵاوی کردوونەتەوە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا، دەیان کەس شه‌هیدبوون و لەنێویاندا قوتابی، منداڵ، هەروەها سەدان کەسیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە دەستگیرکراون.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.