Erbil 15°C ھەینی 19 نیسان 15:31

له‌ باسكه‌ی ئه‌مه‌ریكا پۆرتلاند ترایل بلێزێرز و واشنتۆن ویزاردز براوه‌بوون

کوردستان TV
100%

لە خولی باسكەی تیپە پیشەگەرەكانی ئەمەریكای ناسراو بە ئێن بی ئەی، تیپی پۆرتلاند ترایل بلێزێرز سەركەوتنی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێناو بە سەدوشەش خاڵ بەرامبەر بە نەوەدوپێنج خاڵ لە تیپی نیوئۆرلیانز پێلیكانزی میوانداری بردەوە.
 لە نیوەی یەكەمی یاریەكەدا، نیوئۆرلیانز بە پەنجاوحەوت خاڵ بەرامبەر بە پەنجاویەك خاڵ لەپێش میوانەكەی بوو، بەڵام لە نیوەی دووەم یاریزانانی پۆرتلاند ئەم دواكەوتنەیان بۆ سەركەوتن گۆڕی و ڕووبەڕوو بوونەوەكەیان بە جیاوازی یازدە خاڵ بە سوودی تیپەكەیان تەواوكرد.
 بەم ئەنجامەش پۆرتلاند سێیەم یاری لەسەریەك و نۆیەم یاری لەم وەرزەی ئێن بی ئەی بردەوە، لەبەرامبەریشدا، نیوئۆرلیانز شەشەم یاری لەم وەرزەی خولەكە دۆڕاند، یاریزان جێرامی گرانت ڕۆڵی كاریگەری لەم بردنەوەی پۆرتلاند بینی و بیستوحەوت خاڵی لە یاریەكە تۆماركرد، ئەنفێرنی سیمۆنسی هاوكارەكەشی بیستوسێ‌ خاڵی دیكەی بۆ تیپی براوە بەدەستهێنا.
 
لە یاریەكی دیكەی خولی باسكەی پیشەگەرانی ئەمەریكا، تیپی واشنتۆن ویزاردز بە سەدوسێزدە خاڵ بەرامبەر بە سەدوپێنج خاڵ لە تیپی دالاس ماڤریكسی میوانی بردەوە.
 لە ماوەی یەكەمی یاریەكەدا، دالاس بە سیی و چوار خاڵ بەرامبەر بە بیستوهەشت خاڵ لەپێش میواندارەكەی بوو، بەڵام لە سێ‌ ماوەكەی دیكەدا، یاریزانانی واشنتۆن ویزاردز ئاستێكی بەرزیان پێشكەشكردو ڕووبەڕوو بوونەوەكەیان بە جیاوازی هەشت خاڵ بردەوە كە ئەمەش دووەم سەركەوتنی لەسەریەك و شەشەم بردنەوەی تیپەكە بوو لەم وەرزەی ئێن بی ئەی، یاریزان كایل كوزما ڕۆڵی كاریگەری لەم بردنەوەی واشنتۆن ویزاردز بینی و سیی و شەش خاڵی لە یاریەكە تۆماركرد.
 ڕووی هاشیمورای هاوكارەكەشی بیست وسێ‌ خاڵی دیكەی بۆ میواندارەكان بەدەستهێنا، لەو لاشەوە یاریزان سپێنسێر دینویدی سیی و سێ‌ خاڵی بۆ دالاس تۆماركردو تیپەكەشی دووەم یاری لەسەریەك و پێنجەم یاری لەم وەرزەی خولەكە دۆڕاند.
 


                                                     

وه‌رزش باسکە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.