جێگری سهرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆنگرهی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان وتارێكی پێشكهش كرد و تێیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ سهرۆك بارزانی و کۆنگرەی پارتی خواست، ئاماژهی بهوهش دا كه سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ی پارتی، دهبێته مایەی بەهێزبوونی هەموو گەلی کوردستان.
دهقی وتارهكهی نێچیرڤان بارزانی له کۆنگرهی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان:-
جهنابى سهرۆك مهسعوود بارزانى،
هەڤاڵانی بهڕێز،
ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان..
ئەم کاتەتان باش..
لهم ڕۆژهدا هيواى سەرکەوتن بۆ جهنابى سهرۆك، بۆ ههمووتان و بۆ کۆنگرەی پارتيمان دهخوازم. سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ی پارتی، دهبێته سەرکەوتنى هەموو پارتییەک و مایەی بەهێزبوونی هەموو گەلی کوردستانه.
دەمەوێت لێرەدا زۆر سوپاسی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی بکەم بۆ متمانەدانەوەی به من وەک جێگری سەرۆکی پارتی. متمانە و ڕەزامەنديی جهنابيان گەورەترین و گرنگترین هێزە بۆ من لە هەموو ڕوويهکەوە. جهنابی سهرۆك، بەڵێنی ئێمە هەمیشە ئەوە بووە كه دڵسۆزی بیر و باوهڕ و ئامانجەکانی ئێوە بین. هەموو کار و ئامانجەکانی ئێوەش تێکۆشان بووه لەپێناو ئاشتی و ئازادی و پێشکەوتنی کوردستاندا.
جهنابى سهرۆك، ڕەمزی خەبات و بەرخودانی گهلى كوردستانه. كاتێك سەرۆک بارزانی ڕابەرایەتى دهكات، ههموو گەلی کوردستان خۆى بههێز دهبينێت. دڵنيايه لهوهى بەرگری لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی دهكات.
گەلی کوردستان زۆر دەستکەوتی مێژوویی بەدەستهێناوه. سەرۆک بارزانی ڕۆڵی هەرە سەرەکی هەبووە لە بەدەستهێنانی هەموو ئەو دەستکەوتانە بۆ گهلی كوردستان. هەمیشە بەرگری کردووە بۆ پاراستنی هەموو ئەو دەستکەوتانە. لە کاتی فەرماندەییکردنی شەڕی داعشدا، له جياتى ههموو جيهان بەرگری لە بەهاکانی ئازادی و پێکەوەژیان و لێبوردهيى كرد.
دەبێ هەموومان هاوکار و يارمهتيدهرى جەنابی سەرۆک بین بۆ یەکڕیزيی ناوخۆیی هەموو حزب و لایەنەکانی کوردستاندا، چونکە ئامانجی جەنابیان هەمیشە ئەوەیە گەلی کوردستان بە ئاشتی و ئازادی بژیت، تەنیا ئەوەشه کوردستان پێشدەخات.
یەکگرتوویيی ناوخۆیی پارتی، سەرچاوەی هێزى سەرەکییە بۆ ئەندامان و جەماوەری پارتيمان کە هەمیشە باوەڕێکی مەزنیان بە سەرکەوتنی بەردەوامی پارتی هەیه. لەبەر ئەوەش دەبینن پارتی بەردەوام سەردەکەوێت. به ههر نرخێک بێت، دهبێ ئەو یەکگرتووییيە بپارێزین.
لە کۆنگرەی ڕابردوودا گوتم: پارتی دهبێت ببێته حیزبی خاوەن زۆرینەی کوردستان، به هیمهتی ههموو لایهك توانیمان و کردمان. ئێستاش بهردهوام دهبين تاكو بە کاری زیاتر و فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکان، به باشترکردنی گوزهران و ژیانی خەڵکی کوردستان و بەهێزکردنی یەکگرتوویيی هەرێمی کوردستان، ببینە حیزبی خاوەن زۆرینەی تەواو لە کوردستان.
جێگەی دڵخۆشییەکی گەورەیە کە بەشداريی ئافرەتان لە کۆنگرەی 14ی پارتیماندا فروان بووە، بەڵام دەبێ ئەو فراونبوونە لە کاری پارتیدا ڕەنگبداتەوە. دەبێ پارتی زیاتر ڕێگە بۆ بەشداريی ئافرەتان لە کاری حکوومەتدا بکاتەوە. ئافرەتانی کوردستان زیرەک و لێهاتوون، ئافرەتانی پارتی لەو بوارانەدا کە کار و بەرپرسیاريهتيیان گرتووهته ئهستۆ، ئهركى خۆیان بە باشی بهجێگهیاندووه.
دەبێ دەنگ و ڕۆڵی ئافرەتان لەناو پارتیدا زۆر زیاتر بکەین. گۆڕانکاری و چاکسازی یاسایيی زۆرمان کرد بۆ دابینکردنی مافی ئافرەتان، دەبێ هێشتا زیاتریش بکەین. دەبێ ڕۆڵی ئافرەتان لە کۆمەڵگەی کوردستاندا كاراتر بکەین. ئازادیخوازان بەر لە هەمووان، دەبێ ئافرەتان ئازاد بکەن. ئازاديی ژنان لە کوردستان، وڵاتەکەمان و کۆمەڵگەی کوردستان زۆر بەهێزتر و بەرهەمهێنەرتر دەکات.
هەڤاڵانی هێژا..
لە کاتی ئامادەکارییەکانی کۆنگرەدا، گوڕوتینێکی زۆرم لەناو ئەندامانی پارتی بهدی دهكرا. زۆر گرنگە بۆ هەموو ئۆرگانەکانی پارتی درێژە بەو گەرموگوڕییە بدەن. هەروەها دەبێ بە هەموومان ڕێگە خۆش بکەین بۆ دەستپێشخەريی گەنجانی پارتی. نەوەی تازە لەناو پارتیدا خاوەنی بیرۆکە و داهێنانی تازەن، ئەم هزرە تازەیە بە تێکەڵبوون لەگەڵ شارەزایيی خەباتگێڕانی پارتیدا، دەتوانێت پارتی زۆر بەهێزتر بکات.
لەبەرئەوەش ئێمە لە هەموو ئۆرگانەکانی پارتیدا دەبێ ڕێگە بۆ دەستپێشخەرییەکانی لاوانی پارتی خۆش بکەین . لێرەوە بە هەموو کچ و کوڕانی پارتی دەڵێین، مەوەستن و بەردەوام کاری نوێ و داهێنانی نوێ بکەن و پارتی لە هەموو ئاستەکاندا يارمهتيدهرى ئێوە دەبێت. لاوانی پارتی هێزێکی تازەو داهێنەری پارتین و زۆر هیوابەخشن.
بارزانيی نەمر، مێژوویەکی ئەفسانەیی خولقاند، چونکە باوەڕێکی زۆری بە هێزی لاوانی کوردستان هەبوو. بارزانيی نەمر بزووتنەوەکەی بە هێزی لاوانی بارزانی دەست پێ کرد، دوای ئەوەش شۆڕشی سەرتاسەریی کوردستانی بەهێزی لاوانی هەموو کوردستان ههڵگيرساند و درێژهى پێدا.
باوەڕی بارزانيی نەمر و مێژووی خەباتهكهى، هێزێکی گەورە و بەردەوامە بۆ هەموومان. بارزانی باوەڕێکی بەهێزی بە پشتیوانيی خوای گەورە بۆ ستهملێکراوان هەبوو، هەروەها باوەڕی بە هێز و توانای گەلی کوردستان هەبوو.
بارزانی ئەو باوەڕ و توانایەی کردە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی گەورە کە هەموو گهلى كوردستانى خستە جووڵەوە. بەهۆی خەباتی بارزانيی نەمر و پارتييهوه، بۆ یەکەم جار لە مێژووی هاوچەرخی گهلى كوردستاندا دەوڵەتی عێراق لە دەستووری دوای شۆڕشی 14ی تەممووزی 1958دا، کورد و عەرەبی کردە هاوبهش لە عێراقدا، هەروەها ڕێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 بووە گەورەترین بەڵگەنامە کە دەوڵەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دان بە مافەکانی گهلى كوردستاندا بنێت.
ئێمە لە هەموو سەرکەوتنەکانماندا دەبێ خەبات و قوربانيدانی بارزانيی نەمرمان لەبیر بێت. لێرهوه سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی بارزانيی نەمر و کاک ئیدریس و هەموو شەهیدانی پارتی و کوردستان.
بێگومانم هەموومان لەم کۆنگرهيهدا، چاومان لە شوێنی ئەو قارەمان و تێکۆشەرە دێرینانەی نەوەی زێڕینی پارتییە کە لە کۆنگرەکانی ڕابردوودا لەگەڵمان بوون و ئێستا لە ژیاندا نەماون. سڵاو لە گیانی پاکی هەموویان.
ههڤاڵانى خۆشهويست..
پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێكی سەرەکیی کوردستانی عێراقە و یەکێکە لە کاریگەرترین و گەورەترین هێزە سیاسی و جەماوەرییەکانی عێراق، هەروەها جێگەی ئومێدی هەموو گهلى كوردستانه. لەبەر ئەوەش سەرکەوتنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ هەموو کوردستان و عێراق.
ههر لێرهوه جەخت لەسەر ئەوە دەکەینهوه کە پارتی دیموکراتی کوردستان دوای ئەم کۆنگرەیە بە گوڕوتینێکی تازەوە بەرەو چارەسەریی کێشەکان هەنگاو دەنێت. پارتی هەوڵێکی تەواو دەدات بۆ بەهێزکردنەوەی دامەزراوەکان لە هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی کراوە لەسەر باشکردنی بەڕێوەبردن و دۆخى سیاسی له ههرێمی کوردستان.
لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە دەست پێ دەکەین، بەتایبەتیش دەبێت ئەو گفتوگۆیە لەگەڵ هاوبهشهكانمان، یەکێتی و لایهنهكانی دیكه بکەین و کێشەکانی نێوان هەردوولا دهبێت چارەسەر بکرێت. چارەسەرکردنی ئهم کێشەکانه، زۆر پێویستە بۆ بەهێزیی هەرێمی کوردستان.
زۆر پێویستە پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هەموو حیزبەکانی کوردستاندا، کراوە بێت. حیزبەکان لە زۆر قۆناغدا دڵنیا بوون لە پارتی. دەبێ ئەو دڵنیایيیە بەردەوام نوێ بکەینەوە. فراکسیۆنەکانی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگاکان، لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق، دەبێ زۆر بە کراوەیی هەڵسوکەوت و کار لەگەڵ فراکسیۆنەکانی دیکەدا بکەن.
کێشەی گهلى كوردستان کێشەیەکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. پارتی وەک هەمیشە سوورە لەسەر بنەمای نەگۆڕی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەكه، بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵێک دەدات. گهلى كوردستان دەتوانێت سوود لە پێشکەوتنەکانی ئەم سەردەمە وەربگرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی بە شێوەیەکی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی، ئەوەش باشترین و گونجاوترین ڕێگەیە.
بهڕێزان..
پارتی هەر لە ڕۆژی دامەزراندنییەوە، هێزێکی گەورەی بزووتنەوەی سیاسی و دیموکراسيی عێراق بووە. بەهێزيی پارتی لە بەرژەوەنديی هەموو خەڵکی عێراقدا بووە. ئێستاش دواى تهواوبوونى كارهكانى كۆنگره، بە هێزێکی تازەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی عێراق بەشدار دەبین کە کار بۆ بەرژەوەنديی هەموو عێراقییەکان بکەن و جیاکاری لەنێوان نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراقدا نەکەن.
داوا لە حکوومەتی تازەی عێراق دەکەین، هەلی کار و خزمهتگوزاری لە ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق زۆرتر و باشتر بکەن و یارمەتيی کەرتی تایبەت بدەن. ناوچە وێرانكراوهكانی سوننە ئاوەدان بکەنەوە، دۆخی کەرکووک و شنگال و خانەقین و مەخموور ئاسایی بکەنەوە، مادەی 140ی دەستوور وەک خۆی جێبەجێ بکەن و ڕێگە لە پێشێلکردنی ماف و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان بگرن.
ئەگەر بمانەوێت دۆخی عێراق چارەسەر بکەین، نابێ مافى هیچ پێکهاتەیەکی عێراقی پێشێل بكرێت. نابێ هیچ هێزێکی جەماوەریی عێراقی دوور بخرێتهوه. لەبەرئەوەش حکوومەتی عێراق و هەموو هێزە عێراقییەکان دەبێ باوەشێکی گەورە بۆ دانوستاندنی تازە لەگەڵ ڕەوتی سەدر بکەنەوە، چونکە سەدرییەکان هێزێکی گەورەی سیاسی و جەماوەریی عێراقن. بە کردنی عێراق بە دەوڵەتی هەموو پێکهاتە و هێزەکان، به جێبهجێكرنى دهستوور و سيستمى فيدراڵى، دەتوانرێت سەقامگیری و سەروەريی عێراق بپارێزرێت، ئەوەش لە بەرژەوەنديی گهلى كوردستان و هەموو پێکهاتەکانیدايه.
ههڤاڵانى خۆشهویست..
ئهندامانی كۆنگرهی چواردهیهمی پارتی...
لێرهوه دەمەوێت لێرەدا کەسێکی خۆشەویست بۆ پۆستێکی تازەی پارتی دیموکراتی کوردستان بەربژێر بکەم، ئەویش کاک مەسروورە بۆ پۆستى جێگرى دووهمى سەرۆکی پارتی دیموكراتی كوردستان. کاک مەسروور پەروەردەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانییه و کەسێکی زۆر خۆشەویستیش بووه لهلای باوکم كاك ئیدریس.
کەسێکی بەتوانايه. ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتيی پارتی بەر لە هەمووان شایەتن بۆ توانای ئهو بهڕێزه. خزمەتێکی گهورهی سهقامگیری و ئاراميی کوردستانی کردووە، ئێستاش وهك سەرۆک وەزیران، ئهركێكى زۆر قورسى لهسهر شانه كه دهبێ ههموومان بهیهكهوه يارمهتى بدهين بۆ سهركهوتنى لهو ئهركه قورسه كه له ئهنجامدا سهركهوتنی ئهو، سهركهوتنی پارتی دیموكراتی كوردستانه و دهبێت پشتی بگرین و یارمهتی بدهین.
پارتی کار و ئهركى زۆرى لهپێشه، بێگومان من و کاک مەسروور دەمانەوێت پێکەوە بە شەرعییەتی ئێوە، هاوکارییەکی زیاتری جەنابی سەرۆک بکەین. داواتان لێ دەکەم پێشنیازەکەم قبووڵ بکەن.
سەرکەوتن بۆ پارتی، ئەو پارتەی ئاڵای شۆڕشی هەڵکرد.
بژی کوردستان.
پێكهوه لهژێر ڕێبهرایهتیی سهرۆكی نهتهوهییمان سهرۆك بارزانی بۆ دهستكهوتی گهورهتر لهم وڵاته.
زۆر سوپاس بۆ ههموو لایهكتان و بهخێر بێن..
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.