سه‌ره‌تای مانگی ئه‌یلولی ئه‌مساڵ (1/9/2022) ڕۆژی پێنج شه‌ممه، گه‌ڕامه‌وه بۆشاری سلێمانی وه‌ك پیشه‌ی هه‌میشه‌یم سه‌ردانی به‌ڕێز ( شوان عه‌بدولڕه‌حمان مارف فه‌قێ وسو ) خاوه‌نی تۆمارگای ( ئۆسكار) ده‌كه‌م،كاتێك به‌خزمه‌تی كاك شوان گه‌یشتم فه‌رمووی دیارییه‌كم بۆداناویت و ده‌زانم ده‌مێكه به‌دوایدا وێڵیت ، دیارییه به‌نرخه‌كه‌ی كاك شوان سیدییه‌كی گۆرانی و مه‌قام به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ند ( ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ) بوو، به‌ڕاستی دیارییه‌كه‌ی زۆر خۆشحاڵی كردم ، چونكه هه‌ركاتێك ناوی ئه‌و زاته دێت ڕاسته‌و خۆ ده‌مان باته‌وه بۆ شه‌قامی (سابونكه‌ران ) و ستۆدیۆ به‌ناوبانگه‌كه‌ی (جوان) كه خاوه‌ن پیشه‌و ده‌ست ڕه‌نگینه‌كه‌ی كاك (ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره) بوو، ئهوئهلبومه هونه‌رییه كه پێكهاتبوو له (9) به‌سته‌و مه‌قام ، كاك شوانی ئۆسكار زه‌حمه‌تی كێشا بوو بهكوالیهتێكی باش له‌سه‌ر سی دی تۆماری كردبۆوه، هه‌رچه‌نده پێشتر خولیام بوو كه بگه‌ڕێم و زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌نده فره به‌هره ده‌ست ڕه‌نگین و شیكپۆش و خۆش مه‌شره‌به كۆبكه‌مه‌وه و به‌حورمه‌ته‌وه یادێكی لێبكه‌مه‌وه، خۆش به‌ختانه له‌ساڵی (1976) وه كه به‌نده ڕێگهپێدراوبووم له‌لایه‌ن خانه‌واده‌كه‌مه‌وه كاربكه‌م و له‌گازینۆی( شاره‌وانی) وه‌ك شاگرد چایچی له‌وێ كارم ده‌كرد، ڕۆژانه به‌سیما و كه‌سایه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌نده نه‌مره له‌به‌رده‌م جامخانه‌كه شیرینه‌كه‌ی ستۆدیۆ جوان شاد ده‌بووم.
به‌ڵام كاتێك باس له‌سه‌ر هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره بكرێت بێشك ده‌بێت گوزه‌رێك به‌ناو شه‌قامه جوانه‌كه‌ی سابونهكهران دا بكه‌یت، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌و شه‌قامه مێژوویه‌كی جوانی هه‌یه و خاوه‌نی ده‌یان كه‌سایه‌تی و خاوه‌ن پیشه‌یه كه‌هه‌ریه‌كه‌یان له‌بواره‌كه‌ی خۆیدا دهستڕهنگینی و دڵسۆزیی و كارامه‌ییان له بواره‌كه‌ی خۆیاندا خستۆته سه‌رخه‌رمانی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی مێژووی شاری سلێمانی.
كاتێك له‌لای ماڵی( ڕه‌شه‌ی كه‌ریمی هه‌یه‌ری قه‌ساب) مه‌به‌ستت بێت به‌ره‌و به‌رده‌ركی سه‌را گوزه‌ر بكه‌یت، چاوت به‌ده‌یان كه‌سایه‌تی به‌هره‌مه‌ند و كه‌سانی دڵسۆز خاوه‌ن پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌كه‌وێت، به‌رله‌وه‌ی بگه‌یته به‌رسه‌را ، دوكانێك به‌هێنده‌ی ( له‌ته نوشته‌یه‌ك) ده‌بێت ( وته‌ی هونه‌رمه‌ندی تابلۆكێش و جواننووس خالید زامدار 1945_ 1987) به‌ڵام له‌ناوه‌رۆكدا ئه‌و دوكانه بچوكه به‌ئه‌ندازه‌ی قه‌یسه‌رییه‌ك گه‌وره‌و فراوان و ده‌وڵه‌مه‌ند، هه‌میشه پێگه‌و مۆڵگه‌ی ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان و شاعیران و نیشتمان په‌روه‌ران بوو، له‌به‌رامبه‌ر دوكانه‌كه‌ی هونه‌رمه‌ندی جواننووس خالید زامدار دیواری ماڵێك ببووه جوانترین و به‌نرخترین ته‌خته‌ڕه‌شی قوتابخانه، ئه‌م هونه‌رمه‌نده دڵسۆزه بۆ خاك و نیشتمان و وێژه‌ی كوردی كردبوویه تابلۆیه‌ك ڕۆژانه وانه و په‌ند و هۆنراوه‌ی شاعیرانی به هه‌سته جواننووسییهكهی خۆبه‌خش و خۆنه‌ویست و دڵسۆزانه ده‌ینووسی و ده‌یدا بهدییهو هه‌ستی ڕێبواران ، زۆرجار له‌سه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته جوان و نیشتمانپه‌روه‌رییه‌ی له‌لایه‌ن پیاوانی ڕژێمه‌وه كه‌وتۆته بهرلێپرسینهوهو ته‌نانه‌ت زیندانیش كراوه ، كاتێك چاو و هه‌ستی ڕێبواران به‌و په‌ند و هۆنراوه جوانانه به‌ڕۆحی نیشتمانپه‌روه‌ریی و هه‌ستی كوردانه تێر ده‌بوو ، هه‌رئه‌وه‌ند چاو له‌سه‌ر ئه‌و دیواره به‌نرخه لاده‌چوو، جامخانهیهك لێوان لێو له‌وێنه‌ی فۆتۆگراف كه‌مێك خوارتر له دوكانه بچوكه‌كه‌ی خالیدزامدارهوه هه‌ست و هۆشیی داگیر ده‌كردیت و قه‌شه‌نگی و جوانی وێنه‌كان كه‌مه‌ندكێشی دهكردیته به‌ر جامخانه‌كه و ده‌بوو له‌وێنه‌ی به‌هادار و دیمه‌نی سروشتی كوردستان وجوانی لادێ و كیژه چاوجوانهكانی وڵات بڕوانی ، له‌به‌رده‌م ده‌رگای جامخانهكهدا پیاوێكی سیما جوان و شیك پۆش و بۆنخۆش و دهمولهبز شیرین ، خۆشه‌ویستی ناس و نه‌ناس ، شانی داوه بهلاشیپانی ده‌رگای جامخانه‌كه و په‌یتا په‌یتا وه‌ڵامی سڵاوی ڕێبوارانی شه‌قامه‌كه ده‌داته‌وه.
هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش ، شانۆكار و نووسه‌ری شانۆ و فۆتۆگرافه‌ر ( ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ) ، خاوه‌نی مێژوویه‌كی پڕ خزمه‌ت له ڕادیۆی كوردی به‌غدا و شاری سلێمانی ، ئه‌م هونه‌رمه‌نده فره هونه‌ره ( ئه‌حمه‌د مه‌حمود مه‌عروف ) ناسراو به ( ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره یان سه‌ید ئه‌حمه‌د) له‌ساڵی (6/6/1930) لهگهڕهكه دێرێنهكهی ( ده‌رگه‌زێن) ی شاری سلێمانی به‌دنیا هاتووه، ناوی دایكی هونه‌رمه‌ند خاتوو ( هه‌یبه‌ت سه‌عیدئاغا) بووه،
نازناوی ( ده‌نگ گه‌وره) له باپیرییه‌وه ناوی ( مه‌لامحه‌مه‌دی ده‌نگ گه‌وره) بووه، ئه‌ویش ئه‌و نازناوه‌ی بۆكهسایهتی و هونه‌ریی خۆی داناوه، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1937) خراوه‌ته به‌رخوێندن و بڕوانامه‌ی قۆناغی سه‌ره‌تایی به‌ده‌ست هێناوه ، به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌به‌ر ژیانی سه‌ختی ئه‌وڕۆژگاره و نه‌داری هونه‌رمه‌ند نه‌یتوانیوه درێژه به‌خوێندن بدات ، به‌ڵكو خراوه‌ته به‌ر كاركردن و ژیانی ڕۆژانه‌ی له‌پێناو دابینكردنی ژیاندا بۆته قوتابخانه‌یه‌ك و ڕۆژانه وانه‌ی زیاتر فێربووه.
هه‌رچه‌نده نه‌یتوانیوه درێژه به‌خوێندن بدات ، به‌ڵام توانیویه‌تی سوود له ژیانی كاركردن وه‌ربگرێت و له‌ده‌وروبه‌ری بڕوانێت ، كه‌سێكی هۆشمه‌ند بووه‌و حه‌زی له‌داهێنان كردووه، له‌ناوه‌ڕاستی ساڵی چله‌كانی سه‌ده‌ی پێشوو له‌نێوان دوكانی ( عه‌لی شێخ فه‌ره‌ج و ده‌رمانخانه‌ی شه‌وكه‌ت ) ی ئێستا ، واته خوار (چایخانه‌ی شه‌عب) دوكانێكی كردۆته‌وه ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا پێی ده‌وترا ( كۆگا) واته ( كۆگای نه‌خشین) ، له‌وكاته‌دا حه‌زو خولیایه‌كی مۆدێرنی هه‌بووه،هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره لهكۆگاكهیدا كاڵای تایبه‌ت به جوانكردن و بۆنخۆش كردنی فرۆشتووه وه‌ك ( كرێمی تایبه‌ت به‌قژ و بۆنی پیاوان و ئافره‌تان) بۆئهوسهردهمه كارێكی نوێ بووه له‌شاری سلێمانی دا، دیاره له‌و كاته‌ی به‌و پیشه‌یه‌وه سه‌رقاڵ بووه حه‌زو خولیای ئاواز‌و گۆرانی هه‌بووبێت ، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك له‌سه‌رئه‌و كاره‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت ، به‌ڵام هۆكاره‌ی نه‌زانراوه له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1950) ڕووده‌كاته شاری به‌غدا و ده‌چێته ڕادیۆی كوردی به‌غدا، بێگومان به‌هه‌گبه‌یه‌كی پڕی هونه‌رییه‌وه له‌ده‌رگای ڕادیۆی كوردی به‌غدای داوه، پرسیارئه‌وه‌یه هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ، ده‌بێت له‌سه‌ره‌تاوه كاریگه‌ری كام لهخۆشخوان و ده‌نگبێژانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی له‌سه‌ربووبێت و ئه‌ویش بهوڕێچكه هونه‌رییه‌دا هه‌نگاوی هه‌ڵگرتووه.!
له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌نگی په‌سه‌ندكراوه‌و یه‌كه‌م به‌رهه‌مێك بۆ هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر ( سیم وایه‌ر) ، مه‌قامی ( گردی سه‌یوان) بووه له‌ڕۆژی یه‌ك شه‌ممه ،ڕێكه‌وتی (1/7/1951) تۆماركراوه،
( ئه‌ی گردی سه‌یوان ، سه‌یوانی سه‌یوان
ئه‌ی گه‌نجی گه‌وهه‌ر ، دیمه‌ن تابه‌سه‌ر لێوان
هه‌رخوا ئه‌زانێ چی له‌دڵت دایه
چه‌ند گوڵ هه‌ڵوه‌ریو له‌ژێر گڵت دایه ) .
له‌شاری به‌غدا و له‌ڕادیۆی كوردی هونه‌رمه‌ند ئاشنا ده‌بێت به‌هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ر و شانۆكار (ڕه‌فیق چالاك 1923_30/11/1973) ئه‌و ناسین و ئاشنابوونه ده‌رگایه‌كی فراوانتر به‌ڕووی هونه‌رمه‌ند دا ده‌كرێته‌وه پێكه‌وه له‌ڕادیۆ كاری هونه‌ری ئه‌نجام ده‌ده‌ن ( دوای ئاشنا بوونی به‌هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك ،به‌یه‌كه‌وه له‌گه‌ڵ كه‌سانی دیكه ( سێهه‌مین ده‌سته‌ی لاسایی كه‌ره‌وه‌ی شانۆی ڕادیۆیی یان پێكهێناوه و تاساڵی 1953 هاریكاربووه)(1).
ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره جیا له كاری گۆرانی و مه‌قامبێژی ، له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا به‌هاوكاری هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی تر ، له‌به‌رئه‌وه‌ی ده‌نگی له‌بار بووه بۆ لاسایكردنه‌وه ، ڕۆڵی لهلاسایكردنهوهی شانۆیی ڕادیۆدا بینیوه، هونه‌رمه‌ند و مامۆستا (باكووری) نوسیویه‌تی ( له‌ساڵی 1947 و دواتر چه‌ند تیپێكی نمایشی ( ته‌مسیل) ڕادیۆیی هه‌ڵكه‌وتن په‌یتا په‌یتا چیرۆكی كورتی كۆمه‌ڵگای كوردهواری نوسیوه، یان وه‌رگێڕاون له‌ئه‌ده‌بی بیانییه‌وه‌و كراونه‌ته شانۆی ڕادیۆیی و په‌خش كراون وه‌ك تیپی ( ساڵح یه‌حیا ) تیپی ( شه‌ماڵ سائیب ) ، تیپی ( ڕه‌فیق چالاك) ، ئه‌كته‌ره‌كان زۆربه‌یان له‌قوتابیانی كورد كه‌وا لهكۆلێجهكانی به‌غداد ده‌یانخوێند ، ڕۆڵیان ده‌بینی و جگه له‌هه‌ندێ موه‌زه‌ف و گۆرانیبێژی ڕادیۆ وه‌ك ( عه‌لی مه‌ردان، تایه‌رتۆفیق ، شه‌ماڵ سائیب ، مه‌عروف حسێن به‌رزنجی ، عیزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ ، مه‌جید سێگردكانی ، ڕه‌ووف كه‌ریم به‌گ ، قادر دیلان و ئه‌حمه‌د مهحموددهنگ گه‌وره) (2).
هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ، وه‌ك گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ندێكی بواری نواندن له‌تیپی هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك دا ڕۆڵی دیار و نه‌خشێكی هونه‌ریی گرنگی به‌رجه‌سته كردووه و پشتیوانیه‌كی گه‌وره‌ی هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك بووه ، توانای ده‌نگی بۆ لاسایكردنه‌وه‌ی ده‌نگی ئافره‌ت و كچی هه‌بووه زۆر به‌باشی ئه‌و ده‌نگانه‌ی لاسایكردۆتهوه یه‌كێك له‌وكاره هونه‌رییانه له ته‌مسیلی ( گڵكۆی تازه‌ی له‌یل) دا و، هه‌روه‌ها چه‌ند كارێكی دیكه‌ی هونه‌ریی نواندن له‌چیرۆكی ته‌مسیلی ڕادیۆیی وه‌ك:
1/ چیرۆكی پیاو نه‌بوو ، نووسینی ( ڕه‌فیق چالاك ) هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ( ده‌نگ گه‌وره ) ڕۆڵی ئافره‌تی بینیوه به‌ناوی ( ڕووناك) ساڵی (1952).
2/ چیرۆكی خه‌سوو ، نوسینی( ئه‌حمه‌د دلاوه‌ر ) هونه‌رمه‌ند ڕۆڵی ( ئه‌خته‌ر) ی بینیوه ساڵی ( 1950).
3/ چیرۆكی باوه‌ژن ، نوسینی( ئه‌حمه‌د دلاوه‌ر ) هونه‌رمه‌ند ڕۆڵی ( به‌هێ) ی بینیوه ساڵی ( 1952).
4/ چیرۆكی ده‌ردی هاری ، نوسینی( ڕه‌فیق چالاك ) هونه‌رمه‌ند ڕۆڵی ( نه‌سرین) ی بینیوه ساڵی ( 1950).
5/ چیرۆكی جه‌ژنتان پیرۆزبێت، نوسینی( ڕه‌فیق چالاك ) هونه‌رمه‌ند لێره‌دا ڕۆڵی كوڕێك به‌ناوی ( هیوا) ی بینیوه ساڵی ( 1952).
6/ چیرۆكی گوڵی خوێناوی ، نوسینی( ڕه‌فیق چالاك ) هونه‌رمه‌ند ڕۆڵی ( نه‌سرین) ی بینیوه ساڵی ( 1952)، هونه‌رمه‌ندو مامۆستای به‌سته‌و مه‌قام (عه‌لی مه‌ردان) ڕۆڵی پاشای بینیوه، له‌م چیرۆكه‌دا هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك سوودی له‌هۆنراوه‌ی ( گوڵی خوێناوی ) گۆرانی شاعیر وه‌رگرتووه و ئاوازی بۆداناوه، ئه‌م چیرۆكه به‌ڕیتم و ئاوازه‌وه ( گۆرانی) پێشكه‌ش كراوه له زمان و هونه‌ری عه‌ره‌ب دا به ( مسرخ غنائی) ناوده‌برێت.
7/ چیرۆكی دڵداریی كوڕه شوان ، هۆنراوه‌ی (كامه‌ران موكری) ، ئاوازی ( ڕه‌فیق چالاك) هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د له‌م چیرۆكه‌دا ڕۆڵی كچێكی به‌رجه‌سته كردووه به‌ناوی ( نازه‌نین) ئه‌م چیرۆكه‌ش به‌گۆرانی له‌ساڵی (1955) له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا پێشكه‌ش كراوه ، چه‌ندین چیرۆكی دیكه .
خودی هونه‌رمه‌ند له‌دیمانه‌یه‌كدا ئاماژه به‌ڕۆڵی ئه‌و تیپه‌و كاریگه‌ریی ئه‌و شانۆی یانه له‌سه‌ر جه‌ماوه‌ر باس ده‌كات ( ئێمه كۆمه‌ڵێك بووین به‌ناوی تیپی ڕه‌فیق چالاك كاری نواندنمان ده‌كرد، هه‌موو ڕۆژانی سێ شه‌ممه عه‌سره‌كه‌ی كاری شانۆیمان تۆمارده‌كرد، ئێواره‌ی ڕۆژی هه‌ینی دووباره ده‌كرایه‌وه ، ئه‌و كاته ئه‌و كاره‌ی ئێمه زۆر شیاو په‌سه‌ند بوو له‌لای خه‌ڵك ، كاتێك دهبیستر ڕۆژی هه‌ینی و كاتی چیرۆكی ته‌مسیلی ڕادیۆیه ، ده‌مان بینی زۆربه‌ی خه‌ڵك له‌ده‌وری ڕادیۆكه كۆده‌بوونه‌وه و به‌عه‌شق و خۆشییه‌وه گوێیان لێ ڕاده‌گرت ) (3) .
تیپی هونه‌ری شانۆیی هونه‌رمه‌ند ڕه‌فیق چالاك پێهاتووه له‌م ئه‌كته‌رانه :
1/ ڕه‌فیق چالاك ، به‌ڕێوه‌به‌ری تیپ ، نووسه‌ر و ئه‌كته‌ر.
2/ ئه‌حمه‌د دلاوه‌ر (1922_3/11/1971) ئه‌ندام و نووسه‌ر
3/ نووری عه‌نبه‌ر ، ئه‌كته‌ر .
4/ ئه‌حمه‌د مه‌حمود (ده‌نگ گه‌وره) گۆرانیبێژ و ئه‌كته‌ر
5/ فایه‌ق چالاك ، ئه‌كته‌ر
6/ عه‌بدوڵڵا ئه‌لعه‌ززاوی ، ده‌رهێنه‌ر (4).
دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و تیپه هونه‌رییه ، هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانی و چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه تۆمار ده‌كات ، له‌ساڵی (1953) ماوه‌یه‌ك بێ كار ده‌بێت و ، به‌دوای كارێك دا ده‌گه‌ڕێت تا ژیانی خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی پێ دابین بكات، هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی گۆشه‌گیر نه‌بووه به‌ڵكو خاوه‌نی په‌یوه‌ندییه‌كی فراوان بووه و له‌ڕێی ئه‌و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه براده‌رێكی هه‌بووه ناوی ( ئیبرایم) بووه شاگردی دووه‌مین وێنه‌گری ئه‌وكاته‌ی شاری بهغدابووه ، وێنه‌گری ( ئه‌رشاك) خاوه‌نه‌كه‌ی ئه‌رمه‌نی بووه، هونه‌رمه‌ند بۆماوه‌ی چوار ساڵ له‌لای كاك (ئیبراهیم) خاوه‌نی وێنه‌گری ( وه‌ته‌ن) ده‌مێنێته‌وه تا به‌ته‌واوی فێری هونه‌ری وێنه‌گرتن ده‌بێت، له‌وسه‌رده‌مه‌دا كاری فۆتۆگرافه‌ری پیشه‌یه‌كی ده‌گمه‌ن و نایاب بووه، دوای دڵنیابوون له‌وه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی باش فێری كاری وێنه‌گرتن بووه ، له‌گه‌ڕه‌كی ( به‌غدادی نوێ _ بغدادالجدیده) دوكانێكی وێنه‌گرتن له‌ساڵی (1957) ده‌كاته‌وه‌و ناوی ده‌نێت وێنه‌گری ( تریزا) خۆی سه‌رقاڵ ده‌كات بهپیشهكهیهو هه‌روه‌ها كاره هونه‌رییه‌كانیشی فه‌رامۆش ناكات ( گۆرانی خوێندن ، نواندن )،
به‌ڕێز ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) به‌وشێوه‌یه باس لهوكاتهدهكات كه‌له‌زمانی خودی هونه‌رمه‌نده‌وه وه‌رگیراوه ( له‌ساڵی 1957 ده‌سته‌یه‌كی دیكه به‌ناوی تیمی ( بێ كه‌س) ه‌وه بۆ نواندنی لاساینامهی ڕادیۆیی پێكه‌وه ناوه و نزیكه‌ی (40) به‌رهه‌مێكیان هه‌بووه)(5).
به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا هونه‌رمه‌ند ده‌بێته ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌ی ( ئاوازی كوردی ) له‌به‌غدا، له‌به‌ر لێهاتوویی و چاپووكی و شاره‌زایی و خۆشویستنی بۆ كاره هونه‌رییه‌كانی له‌ناو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌دا زۆر زوو جێی خۆی ده‌كاته‌وه و سه‌رنجی ده‌وروبه‌ر ڕاده‌كێشێت ، به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی هونه‌رمه‌ند و هاوڕێكانی چه‌ند كارێكی شانۆیی گرنگ و جوان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كێك له‌و شانۆگه‌رییانه كه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ره‌وه زۆر جێگای ده‌ستخۆشیی و ستایش بووه، شانۆگه‌ری( ژیانی قوتابی لهغهریبایهتی ساڵی 1957) بووه، له‌ڕێی ئه‌و كاره هونه‌رییانه‌وه له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی كۆمه‌ڵه‌كه‌وه هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره به( سكرتێری كۆمه‌ڵه‌ی ئاوازی كوردی ) هه‌ڵده‌بژێرن.
له‌نێوانی ساڵی (1950 تا 1958) هونه‌رمه‌ند جیا له‌كاره شانۆیی و نواندنه‌كانی له‌ڕادیۆ ، ئه‌م به‌سته‌و مه‌قامانه‌ی له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا تۆماركردووه، بۆ گۆرانی و مه‌قامه‌كانی سوودی له‌هۆنراوه‌ی شاعیرانی وه‌ك ( مه‌وله‌وی ، ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ، گۆران ،ئه‌خۆل، مه‌دهۆش ،بێ كه‌س و كه‌ریم سه‌عید زانستی ) وه‌رگرتووه.
مه‌قامه‌كانی بریتین له ( مه‌قامی ئای ئای : ئه‌ی گردی سه‌یوان ) (مه‌قامی ڕاست:ستاره‌م شوومهن) (مه‌قامی سه‌با:دڵه‌ی بێ ئارام ) (مه‌قام : ئافره‌ت و جوانی) ( مه‌قام : ئه‌ی باڵابه‌رزی نه‌رم وشل).
به‌سته‌كان ( گوڵی یاخود گوڵاڵه‌ی ، وه‌ره وهرهلانمكه، خانم تۆخانمی ،وه‌ك قومری سه‌رباڵم شینه،گیان و گیان ئازیزه‌كه‌م، گیانی مۆسیقا،یادی دیار ،دڵێ له‌خۆیدا دایم ته‌ڕنه‌بێ،حه‌زم لێكردویت ،په‌ری شێوه‌ی گوڵ ڕووخسار ،خۆشه‌ویسته‌كه‌م ئارامی گیانم و لهنجهولارهكهت ، هێندێ سترانی دیكه‌شی له‌ساڵی 1953 دا گوتووه وه‌ك : ئه‌ی حهریرهو ئاگر بارانه و به‌ختیاریی ، به‌ڵام مه‌خابن له‌ڕادیۆدا نه‌ماون، هێندێ له‌ئه‌وانه شه‌قڵێكی نوێی مۆسیقایان پێوه دیاره شایانی سه‌رنج و نوێكردنه‌وه‌و چڕینن)(6).
هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره به‌پێی وێنه‌یه‌كی خۆی له‌به‌رده‌م دوكانی وێنه‌گره‌كه‌ی خۆی ( تریزا) ساڵی (1961) واته تائه‌و ساڵه له‌شاری به‌غدا درێژه‌ی به‌ژیان داوه، له‌به‌ر باردۆخی سیاسی عێراق و هونه‌رمه‌ندیش جیا له كاری هونه‌ری نواندن و گۆرانیبێژی و فۆتۆگرافه‌ری ، كه‌سێكی نیشتمان په‌روه‌ر و خاوه‌نی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی بووه‌و ، چه‌ندین جار له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئازار دراوه‌و خراوه‌ته به‌ندینخانه، هونه‌رمه‌ند چیتر نه‌یتوانیوه زیاتر درێژه به‌ژیان بدات له‌شاری به‌غدا،له‌ساڵی (1962)ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زێده‌كه‌ی شاری سلێمانی ،
دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌به‌غدا و نیشته‌جێ بوونی له‌شاری سلێمانی ، هونه‌رمه‌ند له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی سلێمانی وه‌ك فه‌رمانبه‌ر داده‌مه‌زرێت ، هه‌ندێك له‌كه‌ل و په‌له‌كانی ستۆدیۆكه‌ی به‌غدای له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێته‌وه بۆ سلێمانی ، له‌وسه‌رده‌مه‌دا له‌سلێمانی چه‌ند وێنه‌گرێكی ناودار هه‌بوون كهبهوپیشهیهو سه‌رقاڵ بوون وه‌ك ( یه‌حیا فه‌نی 1889_9/10/1976) ، ( مه‌حموده فه‌نی باوكی ڕه‌فیقی وێنه‌گر ) ،( شێخ مسته‌فای قه‌ره‌داغی 1922_1991) .
سه‌باره‌ت به‌و ژیانه نوێیه‌ی له‌شاری سلێمانی په‌یوه‌ندیم كرد به‌یه‌كێك لهوێنهگره دێرینه‌كان و هاوڕێی هونه‌رمه‌ند ئه‌ویش خاوه‌نی وێنه‌گری ( یادگار) به‌ڕێز كاك ( عوسمانی حاجی محه‌مه‌د) ناسراو به ( عوسمانی یادگار) پێی ڕاگه‌یاندم ( من له‌ساڵی 1952 تا 1956) شاگردی یه‌حیا فه‌نی ڕه‌سام بووم ، واته ماوه‌ی چوار ساڵ لای مامه‌وه دواتر خۆم دوكانم دانا له ژێر ئوتێل مه‌وله‌وی ، پێشتر كاك ئه‌حمه‌دم ده‌ناسی تابڵێی پیاوی هه‌ست جوان و كاسب و ده‌موو دوو شیرین بوو حه‌زی له‌كاركردن بوو ، به‌رله‌وه‌ی بڕواته به‌غدا و بچێته ڕادیۆ له‌خوار چایخانه‌ی شه‌عب (كۆگا) ی هه‌بوو، ئه‌وسه‌رده‌مه حه‌زی بهشتی نوێ ده‌كرد، لهكۆگاكهیدا كرێمی قژ و بۆنی ماركه‌ی ئه‌و كاته‌ی ده‌هێنایه شاری سلێمانی ، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم له‌سه‌ره‌تای ساڵی (1963) بوو ڕۆژێك هات بۆلام ووتی : بێ كارم و هه‌ندێك كهلو په‌لی وێنه‌گرتنم وه‌ك لاجهرههیهبۆ لێم ناكڕی ، هه‌ردوكمان به‌عه‌ره‌بانه‌ی ( یایلی) ، واته عه‌ره‌بانه‌ی دوو ئه‌سپی چوین بۆماڵیان له‌گه‌ڕه‌كی قه‌زازه‌كان بوون ، كه كه‌لوپه‌له‌كانمان بینی شتێكی وانه‌بوو به‌كه‌ڵكم بێت ، له‌گه‌ڕانه‌وه‌ماندا بۆ دوكان پێم ویت كاكه سه‌ید تۆشارهزایت هه‌یه‌و له‌به‌غدا كاری وێنه‌گرتنت كردووه بۆ نایه‌یت له‌گه‌ڵ مندا كاربكه‌یت ، بهپێشنیارهكهم ڕازی بوو،له‌كاركردندا كردم به هاوبه‌شی خۆم ( شه‌ریك)،ماوه‌ی ساڵێك پێكه‌وه كارمان كرد، له‌ساڵی(1964)خۆی دوكانێكی كردهوهلهشهقامی سابونكه‌ران ناوی نا وێنه‌گری ( جوان) كاك ئه‌حمه‌د پیاوێكی جوان بوو به‌ڕه‌حمه‌ت بێت تاكۆچی دوایشی كرد په‌یوه‌ندیمان هه‌رهه‌بوو ، كه‌سێكی خۆشه‌ویست و شاره‌زا و كارامه بوو له هونه‌ری وێنه‌گرتن دا ) (7).
هونه‌رمه‌ند له‌پاڵ كاری فۆتۆگرافییهكهیدا ،كه ده‌ست ڕه‌نگینی و توانای خۆی و نوێگه‌ری تێدا به‌رجه‌سته كردووه، لایه‌نی هونهرییهكهشیی وه‌ك نواندن و نوسینی شانۆ فه‌رامۆش نه‌كردووه ، به‌ڵام جێی سه‌رنج و پرسیاركردنه له‌بواری هونه‌ری ئاواز‌و گۆرانی دا ته‌نها ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی كهلهڕادیۆی كوردی به‌غدا خوێندوونی، له‌شاری سلێمانی بواری مۆسیقا و گۆرانی فه‌رامۆش كردووه‌و زیاتر گرنگی داوه به‌هونه‌ری شانۆ،
( هونه‌رمه‌ند ئەحمەد دەنگ گەورە، ئەم کەسایەتییە جوانە، لە ساڵی (1969) بوو بە مامۆستا و هاوڕێ و هاوبیرم، کەسێکی تینوو بە هەستی نەتەوەیی، خولیا بە هونەر و جوانی، ماندوونەناس و هەمیشە بێ‌دار بۆ داهێنان، هونەرمەندی ساڵانی چلەکان و پەنجاکانی ئێستگەی کوردی بوو، دەیەها چیرۆکی ئێستگەیی لە رادیۆی بەغدا بەرهەم هێناوە، لەگەڵ رەفیق چالاك و تەها بابان و دڵشاد مەسرەف و ئەو هونەرمەندە کوردانەی ئەو کاتەی ئێستگەی کوردی بەغدا. لە ناوەڕاستی شەستەکاندا لە بەغداوە هاتەوە
بۆ سلێمانی و دوکانی وێنەگرتنی لە شەقامی سابوونکەران (ستۆدیۆ جوان )دانا و، شانبەشانی ئەوە هونەری شانۆی ئەبووژانەوە. دەستەی دامەزرێنەر و داینەمۆی تیپی نواندن و مۆسیقای سلێمانی بوو، ئەوکاتە منیش یەکێك بووم لە ئەندامەکانی، بە ڕێنمایی و توانا و دڵسۆزی ئەم مامۆستا جوانەم هەر لە دەستپێکی کارکردنمەوە، توانی ئەو بەهرەیەی هەم بوو، هونەریانە بیخەمڵێنێت، ئەم بوو فێری کردم هەستی ناوەوەی ئەکتەر چۆن لە نواندندا پیادە ئەکرێت، خۆی لەو کارەدا زۆر بە توانا بوو) (8).
هونه‌رمه‌ند كه‌سێكی دڵسۆز‌و نیشتمان په‌روه‌ر و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ر خۆشه‌ویست بوو، به‌هۆی ئه‌و هه‌ڵوێسته به‌رزه‌ی هه‌یبووه چه‌ند جارێك ئازار دراوه و خراوه‌ته زیندانه‌وه، له‌دیدارێكدا هونه‌رمه‌ند لاپه‌ڕه‌كانی ژیانی هه‌ڵده‌داته‌وه( له‌ساڵی (1981) له‌شاری سلێمانی له‌سه‌ر ڕه‌سم گیرام و درام به ( دادگای شۆڕش _محكمه الثوره) ته‌نها له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند وێنه‌یه‌كم گرتبوو ، وێنه‌ی چه‌ند منداڵێكی جوان به‌جل و به‌رگی كوردییه‌وه زۆرجوان بوون له‌ناو خه‌ڵكدا ڕه‌غبه‌تی په‌یداكردبوو ،ئه‌و وێنانه‌م له‌ناو ستۆدیۆدا ده‌گرت و ئه‌مبرد بۆ به‌غدا له‌وێ ئهمشتهوه، وێنه‌كان له‌بازاڕدا به‌شێوه‌ی كارت ده‌فرۆشرا ، له‌سه‌ر ئه‌و وێنانه منیان گرت) (9).
هونه‌رمه‌ند له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی ئاشنابووه به زیندانه‌كانی ڕژێم ، له‌كارگه‌ی جگه‌ره‌ی شاری سلێمانی شانۆگه‌رییه‌ك پێشكه‌ش ده‌كات به‌ناوی ( نه‌وت نه‌وتی خۆمانه) ڕۆڵی لهوشانۆگهرییهدا بینیوه، له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی لهشانۆگهرییهكهدا بینیویه‌تی، هونه‌رمه‌ند سێ جار خراوه‌ته به‌ندینخانه‌وه.
ئه‌م هونه‌رمه‌نده لێوان لێوه له‌جوانی و به‌ده‌ست و دڵ به‌خشنده‌و میهره‌بان ، وێڕای ئه‌وه خۆی له‌و ڕێگا پیرۆزه‌ی هونه‌ردا تێكۆشاوه ، مه‌به‌ستی بووه ده‌ستی هاوكاری و یارمه‌تی بۆ كه‌سانی دیكه‌ش كهئارهزومهندی هونه‌ری نواندن درێژكردووه ، هونه‌رمه‌ندی شانۆ و دراما ( عومه‌ر دڵپاك) پێوه‌ندیم پێوهكردو زۆر به‌ئه‌مانه‌ته‌وه باسی له‌ڕۆڵی گه‌وره‌ی مامۆستاكه‌ی ده‌كات ( مامۆستای گه‌وره‌مان خوالێخۆشبوو ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ، یه‌كێك بوو لهومامۆستایانهی له (4/2/1969) تیپی نواندنی سلێمانی یان دامه‌زراند، بۆماوه‌ی چه‌ند ساڵێكیش سه‌رۆكی تیپ بوو، ئێمه خوێندكاری ده‌ستی به‌ڕێزیان بووین، یه‌كه‌مین جار ده‌ستی گرتم و سه‌ری خستمه سه‌رشانۆی ئاماده‌یی سلێمانی كوڕان و به‌شداری پێ‌كردم له‌شانۆیی ( له‌سێبه‌ری دڕكا) وه‌ك ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كی ، له‌نوسینی مامۆستای خوالێخۆشبوو( فه‌تاح كاوه) و ده‌رهێنانی مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ، گه‌رچی پێش ده‌ست پێكردنی نمایشی شانۆییه‌كه مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌ستی له‌ده‌رهێنانی كێشایه‌وه و مامۆستا فه‌تاح كاوه خۆی هه‌ستا به‌ته‌واوكردنی دهرهێنانهكه ، مامۆستا ئه‌حمه‌د هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره‌و خۆشه‌ویست و شاره‌زا و به‌سه‌لیقه بوو ) ( 10).
هونه‌رمه‌ند به‌یه‌كجاری له‌بواری گۆرانی و مۆسیقا دوور ده‌كه‌وێته‌وه و، له‌سه‌ره‌تای ساڵی حه‌فتاكانه‌وه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ كاری فۆتۆگرافهرییهكهیدا ، خۆی سه‌رقاڵ ده‌كات به‌كاری نوسین و ئاماده‌كردنی شانۆ بۆ ته‌له‌فزیۆن ، له‌دیارترین دراماكانی وه‌ك ( ده‌رده‌كۆپان و سه‌رینی باداری ) ،
به‌ڕێز ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ) نوسیویه‌تی ( له‌دوا دیمانه‌ی دهمو دووییماندا له (30/7/1998) دا گۆیا (15) ده‌ستنووسی شانۆنامه‌ی دیكه‌ی هه‌یه ،ئه‌ز نازانم چی‌یان لێ هاتووه)(11).
هونه‌رمه‌ند زۆر عاشقی هونه‌ر بووه به‌گشتی و كاری وێنه‌گرتن به‌تایبه‌تی ، هه‌موو ژیانی خۆی تا دواساته‌كانی ژیانی له‌دوكانه‌كه‌یدا به‌ڕێكردووه ، له كاره‌كه‌یدا شاره‌زا و خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری باش بووه ، هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار و په‌یكه‌ر ساز ( عه‌تا قه‌زاز ) له‌وباره‌یه پێی ڕاگه‌یاندم ( كاك ئه‌حمه‌د جیا له‌هونه‌ری گۆرانبێژی و كاری نواندن ، فۆتۆگرافه‌رێكی زۆر باش و به‌توانا بوو، من مامۆستای دووان له‌منداڵه‌كانی بووم، ڕۆژانه له‌به‌رده‌م دوكانه‌كه‌یه‌وه تێده‌په‌ڕیم و ئاشنایه‌تیمان هه‌بوو، به‌رده‌وام له‌دوكانه‌كه‌ی واته ( ستۆدیۆ جوان) ده‌م دیت ، خاوه‌ن سه‌لیقه‌یه‌كی هونه‌ری جوان بوو ، وێنه كاره‌بایی ده‌گرت ، خۆی بۆمه‌به‌ستی جوانتركردنی وێنه‌كه به‌هه‌ستێكی هونه‌ری ( ڕتووشی) ده‌كرد، هه‌ندێك جاریش ڕووناكییه‌كه‌ی زۆر به‌هه‌ستێكی هونه‌ریی له‌سه‌ر وێنه‌كه‌ی داده‌نا ، واته ته‌كنیكێكی هونه‌ری تازه‌ی داهێنابوو ، وه‌ك خۆم وێنه‌م لاگرتووه ، به‌ڕاستی زۆر هونه‌رمه‌ند و لێزان بوو له‌پیشه‌كه‌یدا) (12) .
هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ، له‌گه‌ڵ خاتوو ( هاجه‌ر) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكدێنێ و به‌روبوومی ئه‌و هاوسه‌رگیرییه ( سێ كوڕ‌و كچێك) بووه، به‌ناوه‌كانی ( عه‌زیزه ، ئازاد ، سه‌ربه‌ست و زانا) ، به‌داخه‌وه له‌به‌هاری ساڵی (1991) ( زانا) ی كوڕه بچوكی وه‌ك پێشمه‌رگه‌یه‌كی قاره‌مان له ( چیمه‌ن) له‌شه‌ڕێكی قاره‌مانانه دژ به‌سوپای داگیری حیزبی به‌عس ، شه‌هید ده‌بێت و گیانی پاكی ده‌به‌خشێت به كوردستان ، شه‌هیدبوونی كوڕه بچوكه‌كه‌ی خه‌م و ناسۆرێكی گه‌وره له‌هه‌ناو دڵ و ده‌روونیدا دروست ده‌بێت و زیاتر شه‌كه‌ت و ماندووی ده‌كات ،
ئه‌و هونه‌رمه‌نده به‌رز و ده‌ست ڕه‌نگین و پڕ به‌خششه ، باوكی شههێدێكی كوردستان تا دواساته‌كانی ژیانی ڕه‌نجی دا و زه‌حمه‌تی كێشا و خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی به‌هونه‌ر كرد، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌نه‌بم تا ساڵی (2003) له‌ستۆدیۆ (جوان) دا كاری كرد و ، دواتر دوكانه‌كه‌ی فرۆشت ، به‌داخه‌وه سه‌ید ئه‌حمه‌د یان ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره له‌ڕێكه‌وتی ( 22/12/2004) ، له‌ته‌مه‌نی (74) ساڵیدا بۆهه‌میشه چاوه‌كانی لێك ده‌نێ و ژیانئاوایی له‌هونه‌ر و ستۆدیۆ جوان و شه‌قامه دێرینه‌كه‌ی سابونكه‌ران و خانه‌واده‌و ئازیزانی كرد ، دواهه‌واری گرده‌كه‌ی سه‌یوانی سلێمانی بوو، یاد و یاده‌وه‌رییه‌كانی هه‌موو به‌رزو به‌رێز بێت.
جه‌مالی ده‌لاك 28/9/2022 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه:
( 1 و5 و 6 و 11) مێژووی ڕادیۆی كوردیی به‌غداد (1939_1958) به‌رگی یه‌كه‌م _جزمی یه‌كه‌م ، نووسینی (بابی لالۆ ) كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د ، لاپه‌ڕه (578).
كتێبی مێژووی دامه‌زراندنی ئێزگه ، باكووری ، لاپه‌ڕه (67).
( 3 و 9)دیدار له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ، هه‌ردی به‌هادین ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ( 9/12/2021) به‌ڵام ئه‌ودیداره له‌ساڵی (2001) ئه‌نجامدراوه.
(4)كتێبی گۆرانیبێژه نه‌مره‌كان ( ڕه‌فیق چالاك) به‌رگی دووه‌م ، دانانی (باكووری) لاپه‌ڕه (47).
(7) په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ( عوسمان حاجی محه‌مه‌د خاوه‌نی وێنه‌گری (یادگار) ( 24/9/2022).
(8) هونه‌رمه‌ند حه‌مه‌ڕه‌شید هه‌ره‌س ، تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك له ڕێكه‌وتی ( 28/2/2022).
(10) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه په‌یوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ندی شانۆ و درامای كوردی ( عومه‌ر دڵپاك) سێشه‌ممه (20/9/2022).
(12) له‌ڕێی ماسنجه‌ره‌وه په‌یوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار و په‌یكه‌رساز ( عهتاقهزاز) دووشه‌ممه (19/9/2022).
سوپاس و پێزانینم بۆ هه‌یه‌ك له‌هونه‌رمه‌ندان ( عومه‌ر دڵپاك ، حه‌مه ڕه‌شید هه‌ره‌س ، عه‌تا قه‌زاز و كاك ئازاد باستان كوڕی هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌د ده‌نگ گه‌وره ، بۆزانیاریی و خوێندنه‌وه‌یان بۆ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو ، جه‌مالی ده‌لاك).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.