له‌كوردستان به‌گشتی ده‌نگخۆش و ده‌نگ زوڵاڵ و خۆشخوانی ئافره‌تمان زۆره ، هه‌ریه‌كه‌یان به سه‌رده‌م و كاتی خۆی له‌ڕێی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌یه‌وه خزمه‌تی به‌هونه‌ری مۆسیقا و ستران و لاوك و حه‌یران كردووه، سه‌ره‌ڕای نه‌ریته داخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی كورده‌واری و ، بارودۆخی دژواری كوردستان به‌هۆی سیاسه‌تی داگیركه‌رانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و خانمه هونه‌رمه‌نده ئافره‌تانه، بوێرانه‌و ڕچه‌شكێنانه كه‌م تازۆر تێكۆشاون و خه‌باتی هونه‌ریان درێژه پێداوه و، له‌ڕێی ستران و لاوك و سرووده هه‌ست بزوێنه‌كانیانه‌وه سۆزی گوێگررانی كوردیان بزواندووه،
یه‌كێك له‌و خانمه ده‌نگخۆش و هه‌ستبزوێنه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ، خانمێكی ده‌نگخۆشی ئێزیدی له‌ڕێی سروودێكه‌وه ( وه‌ڵاتێ مه كوردستانه) ده‌نگ و سۆزی خۆی گه‌یانده هه‌موو ماڵه كوردێك له‌ته‌واوی كوردستان، ئه‌و سرووده بۆته ناسنامه‌ی خانمه هونه‌رمه‌ند ( ئه‌سلیكاقادر) ه.
ده‌نگێك له‌گوندی ( ئه‌له‌گه‌زه‌وه) بۆ ته‌واوی كوردستان.
ئه‌سلیكا قادر، خانمی سترانبێژو سروودبێژ ، له ڕێكه‌وتی (1/3/1945) له‌گوندی ( ئه‌له‌گه‌ز) ی كوردنشینی ناوچه‌ی ( ئاخبه‌ران) ی وڵاتی ( ئه‌رمینیا) له‌خانه‌واده‌یه‌كی ڕۆشنبیر و هونه‌ر و زانست دۆست له‌دایكبووه. خانه‌واده‌كه‌ی پێكهاتووه له (3 برا و 3خوشك ) هه‌موویان خوێنده‌وارو ڕۆشنبیر و قۆناغه‌كانی خوێندنیان ته‌واوكردووه.
خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر ، قۆناغه‌كانی خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له گوندی ئه‌له‌گه‌ز ته‌واو ده‌كات و هه‌نگاو به‌ره‌و قۆناغی زانكۆ ده‌نێت ، خانمه هونه‌رمه‌ند ده‌ڵێ ( باوكم و دایكم هه‌ردوكیان ڕۆشنبیر بوون زۆر هانیان ده‌داین كه‌بخوێنین هه‌میشه به‌رێزو حورمه‌ته‌وه له‌خوێندن و زانستیان ده‌ڕوانی) (1).
خاتوو ئه‌سلیكاقادر وه‌ك خانه‌واده ئایینزای ئێزدیه ، له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی پێشوو، له كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانی ، سوپای توركیا له‌ڕێكه‌وتی ( 24/4/1915) فه‌رمانی قڕكردن و كۆمه‌ڵكوژیی گه‌لی ئه‌رمه‌نی ده‌ركردو له‌ڕێی سوپاكه‌یی و سواره‌ی (حه‌میدیه) ئه‌وفه‌رمانه‌ی جێبه‌جێكردووه، ئه‌و كۆمه‌ڵكوژییه ته‌نها گه‌لی ئه‌رمه‌نی نه‌گرته‌وه به‌ڵكو زه‌نگێكی ترسناكیش بوو بۆ گه‌لی كورد و ئه‌و ماڵوێرانی و به‌دبه‌ختی و كۆمه‌ڵكوژیی و ڕاوه‌دونانه گه‌لی كوردیشی گرته‌وه، ( ئێمه ئێزیدین كاتی خۆی باوك و دایكم و بنه‌ماڵه‌كه‌مان له‌ترسی كۆمه‌ڵكوژیی له‌لایه‌ن سوپای توركیاوه باكوری كوردستانیان جێهێشتووه‌و بۆ وڵاتی ئه‌رمینیا كۆچیان كردووه ) (2) .
خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر دوای ته‌واوكردنی خوێندنی دواناوه‌ندی ، له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی گوندی ئه‌له‌گه‌ز به‌جێ دێڵن و ڕووده‌كه‌نه شاری ( یه‌ریڤان) پایته‌ختی وڵاتی ئه‌رمینیا، له‌ساڵی (1963 تا 1968) له‌به‌شی زمانی ئه‌رمه‌نی و وێژه‌و زمانی فارسی له‌فاكه‌ڵتی ڕۆژهه‌ڵاتی له‌زانكۆی یه‌ریڤانی ده‌وڵه‌تی ده‌خوێنێ و بڕوانامه‌ی لیسانس به‌ده‌ست دێنێ ، دوای وه‌رگرتنی بڕوانامه‌ی باڵای زانكۆیی بۆماوه‌ی (14) ساڵ مامۆستایه‌تی ده‌كات و وانه‌ی زمان و ئه‌ده‌بیاتی ئه‌رمه‌نی ده‌ڵێته‌وه به‌قوتابییه‌كانی ، دوای ئه‌و ماوه وانه‌بێژی یه له‌به‌رلێهاتوویی و كارامه‌یی له‌كاره‌كه‌ی بۆماوه‌ی (6) ساڵ ده‌بێته سه‌رپه‌رشتیاری پسپۆر له‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی ئه‌رمه‌نستان،له‌دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی جاران ، ئه‌رمینیا وه‌ك وڵاتێكی سه‌ربه‌خۆ خۆی ناساند و ڕه‌گه‌ز په‌رسته‌كان ده‌سه‌ڵات ده‌گرنه ده‌ست ، بارودۆخی وڵات به‌شێوازێكی دیكه ده‌بێت به‌تایبه‌ت بۆ كورده‌كانی ئه‌و وڵاته و دووچاری هه‌ڕه‌شه‌و زوڵم و سته‌م و داپلۆسین ده‌بنه‌وه ، خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر سه‌باره‌ت به‌و بارودۆخه ده‌ڵێت ( هاتن ناكۆكی و دووبه‌ره‌كیان خسته نێوانمانه‌وه گوایه ئێمه ئێزیدین نه‌ك كورد..؟! پرۆفیسۆر ( سه‌عید ئیبۆ) یان كوشت ، رێزمانێك یان به‌ناوی ڕێزمانی ئێزیدی چاپ كرد بۆ خوێندندنی مناڵانمان ، من ملكه‌چی ئه‌و ڕێزمانه نه‌بووم و نه‌مووته‌وه، سه‌رۆك وه‌زیران كه پێنج ساڵ هاوخوێندكار بووین له‌زانكۆ ، ئه‌و له‌ڕشته‌ی زمانی عه‌ره‌بی ده‌خوێند ، وتی (ئه‌وه‌ی حه‌فتا ساڵ چاوه‌ڕوان بووین بیكه‌ین ئێستا كردمان به‌پاككردنه‌وه‌ی ڕیزه‌كانی ئه‌رمه‌ن له‌بێگانه، ئیدی ڕۆژگاری زێرینمان به‌سه‌رچوو و كانی ئه‌ده‌ب و مۆزیكمان چكی كرد و منیش وه‌ك كوردانی تر مایل به‌هه‌نده‌ران بووم) (3).
ئه‌سلیكا قادر و ڕادیۆی كوردی یه‌ریڤان و سروودی وه‌ڵاتێ مه كوردستانه.
سروودی وه‌ڵاتێ مه كوردستانه ، له‌رێی ڕادیۆی كوردی یه‌ریڤانه‌وه، به‌ده‌نگه خۆش و پڕ هه‌ست و جۆش و خرۆشه‌كه‌ی خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر و به‌هاوكاری تیپی مۆسیقا كه‌له‌شاری مۆسكۆ وه چوبوونه یه‌ریڤان بۆمه‌به‌ستی تۆماركردنی سترانی كوردی و ئه‌رمه‌نی تۆماركراوه ، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌وسرووده هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی و به‌رگری له‌ناو خه‌ڵكی كورد زیاتر و كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ست و نه‌ستی گوێگری كورد كرد و بزواندنی سۆزی كوردایه‌تی و گیانی خۆبه‌ختكردن له‌پێناو كوردستاندا ، به‌رله‌وه‌ی ڕۆبچینه ناو چۆنیه‌تی تۆماركردنی ئه‌وسرووده نه‌ته‌وه‌ییه ، بابزانین سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی خانمه هونه‌رمه‌ند و كێ بوون هانده‌رو ده‌ستگیرۆیی ئه‌سلیكاقادر ، كاتێك قوتابی زانكۆ بووه هاتووچۆی ڕادیۆی یه‌ریڤانی كردووه و هه‌واڵ و زانیاریی بڵاوكردۆته‌وه واته په‌یامنێری ڕادیۆ بووه، هه‌روه‌ها له‌ڕێی ڕادیۆ وه هه‌واڵی ئه‌وه‌ی بیستووه كه‌له‌باشووری كوردستان شۆڕشێك به‌ڕابه‌ڕایه‌تی ( مسته‌فا بارزانی) بڵێسه‌ی سه‌ندووه‌و خه‌بات ده‌كات له‌پێناو ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نیشتمانێكی داگیركراو ، به‌بیستنی هه‌واڵه‌كانی شۆرشی كورد هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی زیاتر له‌ناخیدا چرۆ و گه‌شه ده‌كات، دواتر كاریگه‌ری ده‌نگخۆش و ده‌نگبێژانی گونده‌كه‌یی و ناوچه‌كه‌ی ، هه‌روه‌ها ده‌نگی ئه‌وسترانبێژانه‌ی ڕۆژانه له‌ڕادیۆی یه‌ریڤانه‌وه په‌خش ده‌كرا، به‌ڵام له‌هه‌مووان گرنگتر ده‌نگی به‌سۆزی باوكی كاریگه‌ری زیاتری له‌سه‌ر داناوه، ( به‌هۆی دوورخستنه‌وه‌ی مامم بۆ به‌سته‌ڵه‌كستانی سیبیریا ، زۆر شه‌وان له‌ناڵه‌و لاوژه‌ی بابم به‌خه‌به‌ر ده‌هاتم كه‌له‌خه‌مگینی و خه‌فه‌تی مامم ده‌ریده‌بڕی منیش پێوه ده‌سوتام و كاری ده‌كرده سه‌رهه‌ست و هۆشم ، به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیه‌كه‌ی باوكم له‌منیشدا به‌رجه‌سته ببوو) (4) .
به‌ڵام ده‌بێ بپرسین كێ بوو بۆیه‌كه‌مجار ئه‌وبه‌هره ده‌نگخۆشییه‌ی له ئه‌سلیكاقادر دا دۆزییه‌وه و رێنیشانده‌ری بوو تا ده‌نگیخۆشی كپ نه‌كات، له‌ڕێی ئه‌و ده‌نگه زولاڵه‌یه‌وه ستران و لاوك بچڕێت، ده‌بێت هه‌میشه سوپاسگوزاری ئه‌و مامۆستا و هونه‌رمه‌ندانه بین كه به‌رده‌وام له‌خه‌می هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌یاندان و به‌هه‌وڵ و تێكۆشانی به‌رده‌وامیان ده‌گه‌ڕێن ئه‌و ده‌نگه خۆشانه بێننه ناوبواری هونه‌رییه‌وه و بیان ناسێنن، ئه‌و هونه‌رمه‌نده مه‌زنه‌ی كه‌ئه‌و ده‌نگه خۆشه‌ی ئه‌سلیكاقادری ناساند ، هونه‌رمه‌ند ( عه‌گیدی جه‌مۆ 1932_2019) ناسراو به ( میری بلوێر ) بووه ،ئه‌وكاته هونه‌رمه‌ند عه‌گیدی جه‌مۆ كارمه‌ندی ڕادیۆ بووه، ئه‌سلیكا هه‌ربۆخۆشیی سترانێك ده‌خوێنێ و عه‌گیدی جه‌مۆ گوێبیستی ده‌نگی خۆشیی ئه‌سلیكا ده‌بێت و سه‌رسام ده‌بێت به‌و ده‌نگه و پێی ده‌ڵێت ( ده‌نگت زۆر خۆشه‌و خۆت له‌ئێمه شاردۆته‌وه، وه‌ره لای ئێمه هۆنراوه و ئاوازێكت ده‌ده‌مێ به‌ناوی ( وه‌ڵاتێ مه كوردستانه) بیخوێنه.
یه‌كه‌م خانمی كوردبووه له‌ساڵی (1964 _1965) له‌ڕادیۆی یه‌ریڤان سروودی وه‌ڵاتێ مه كوردستانه‌ی تۆماركردووه.
( عه‌گیدی جه‌مۆ ڕێكخه‌ری مۆزیسیۆنی ڕادیۆی كوردی ئه‌رمینیا بوو ، ئه‌و یه‌كه‌مین كه‌س بوو كه‌به‌هره‌ی ده‌نگخۆشیی و ده‌نگبێژی له من دا ئاشكرا كرد و دۆزییه‌وه، ئه‌وكات خوێنكاری زانكۆ بووم ئاپێ عه‌گید داوای لێكردم بچمه ڕادیۆ ، منیش دوای ڕه‌زامه‌ندی باوكم چووم، عه‌گیدی جه‌مۆ شیعر و ئاوازه‌كه‌ی پێ ڕه‌وان كردم ، به‌ڵام له‌تۆماركردنی سڵمان ده‌كرده‌وه له‌به‌ر مه‌ترسیی تێكچوونی په‌یوه‌ندی توركیا و سۆڤیه‌ت و ترسی كه‌ی جی بی و هه‌واڵگری ئه‌رمینیا، چونكه به‌سیخوڕو پیاوی ئیمپریالیزم تاوانبار ده‌كراین ، تا خوا و ڕاستان ڕۆژێكیان به‌خت هێنای شاندێكی مۆزیكی له‌مۆسكۆ ڕا هاتن بۆ تۆماركردنی سترانی كوردی و ئه‌رمه‌نی له‌یه‌ریڤان و به‌هه‌ل زانرا و له‌ساڵۆنی ئۆپێرای مه‌زن ئه‌وه‌شمان تۆماركرد و ترس نه‌ما و ناحه‌زانی كورد و ده‌زگای ئه‌منی و سیاسیه‌كانی ئه‌وێ ڕۆژێ بێداربوونه‌وه تازه ئه‌و گۆرانیه نیشتمانیه بڵاوببۆوه و به‌سه‌ریاندا تێپه‌ڕببوو) (5).
هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر له‌ڕێی ئه‌و سرووده نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له‌ته‌واوی كوردستان ناسرا ، به‌ڵام زۆر مه‌به‌ستم بوو كه بۆ خوێنه‌رانی ئازیزی ڕۆشن بكه‌مه‌وه كه دانه‌ری هۆنراوه‌كه‌و خاوه‌نی ئه‌و میلۆدییه پڕ هه‌سته كوردانه‌یه ده‌بێ كێ بن ..؟!
هه‌رچه‌نده خودی هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر ، به‌خاوه‌نی هۆنراوه‌و ئاوازه‌كه ئاشنا نه‌بووه و نازانێ كێ خاوه‌نیه‌تی، كاتێك چۆته ڕادیۆ هونه‌رمه‌ند (عه‌گیدی جه‌مۆ) پێیداوه كه‌بیخوێنێ ، له‌یه‌كێك له‌دیداره‌كانی كه‌له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند سازكراوه ده‌ڵێت ، له‌به‌رنامه‌یه‌كدا به‌رێزێك به‌ناوی (بژار) نووسه‌ره و له‌وڵاتی (سویسرا) ده‌ژی ،پێوه‌ندی كرد و پێی ڕاگه‌یاندم كه هۆنراوه‌كه هی ( ئه‌نوه‌ر مائی ) یه‌و ئاوازه‌كه‌ش هی ( فه‌خری بامه‌ڕنی) یه، به‌ڵام دڵنیانیم..؟! ، به‌مه‌به‌ستی زیاتر زانیاری وه‌رگرتن و به‌دواداچوون بۆ ڕاستی و دروستی خاوه‌ندارێتی هۆنراوه‌و ئاوازه‌كه له‌ڕێی ته‌له‌فۆنه‌وه پێوه‌ندیم كرد به هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار( كامیران ئیبراهیم ) سه‌رۆكی تیپی مۆسیقای ئه‌له‌كه‌زی ڕۆژئاوای كوردستان،زۆر به‌لوتفه‌وه زانیاریی پێبه‌خشیم و وتی ( سه‌باره‌ت به تێكست و میلۆدی سروودی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ڵاتێ مه كوردستانه، كه‌به‌ده‌نگی خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر وتراوه و ناسراوه ،
(وه‌ڵاتێ مه كوردستانه ، جێ و مه‌سكه‌نی كوردانه
وه‌ڵات ژ مه ڕا ڕۆح و جانه ، میلله‌ت هه‌موو برانه
جێ و مه‌سكه‌نی مه كوردانه، ته‌مام باخ و بێستانه
وه‌ڵات ژ مه ڕا گوڵستانه ، میلله‌ت هه‌موو برانه
وه‌ڵاتێ مه پڕ شیرینه ، مێرگ و چیمه‌ن و زه‌ڤینه
قیزو بوكه وێ ته‌ڤ جڤینه، ئه‌سلێ خودێ ئارینه
كوردستانا مه زه‌ینه‌ته ،جڤاتا وێ پڕ حورمه‌ته
ته‌مام قه‌درو قیمه‌ته ، وه‌ڵاتێ مه جه‌نه‌ته )
ئه‌وه‌نده‌ی من به‌دواداچوونم كردووه سه‌باره‌ت به‌و هۆنراوه‌یه ، له‌ساڵی چله‌كان و په‌نجاكانی سه‌ده‌ی پێشوو نوسراوه، ئه‌و هۆنراوه‌یه خاوه‌نه‌كه‌ی ( مه‌لائه‌نوه‌ر مائی ) یه ، ئه‌م شاعیره پێشمه‌رگه‌بووه له‌شۆرشی ئه‌یلول و له‌ساڵی (1963) شه‌هید بووه، ساڵی (1960) به‌سه‌ردان چۆته ڕادیۆی كوردی یه‌ریڤان ، ئاوازه‌كه‌ش هی هونه‌رمه‌ند( فه‌خری بامه‌ڕنی ) یه ئه‌م هونه‌رمه‌نده ( نابینا ) بووه، ئاوازی بۆداناوه‌و له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا له‌په‌نجاكان خوێندویه‌تی زۆر گه‌ڕام تابه‌ده‌نگی فه‌خری بامه‌ڕنی ده‌ستم بكه‌وێت به‌داخه‌وه بۆم په‌یدا نه‌كرا ، بۆ زانیاری زیاتر سه‌ربه‌ندی هۆنراوه‌كه به‌وشێوه‌ی ئێستا نه‌بووه، به‌ڵكو به‌وشێوه‌یه بووه ( وه‌ڵاتێ مه كوردستانه ، جێ و مه‌سكه‌نی كوردانه
وه‌ڵات ژ مه ڕا ڕۆح و جانه ، كورد و عه‌ره‌ب برانه) .
به‌ڵام كاتێك ئه‌و هۆنراوه‌و ئاوازه گه‌یشتۆته ئه‌رمینیا و به‌تایبه‌ت هونه‌رمه‌ند ( عه‌گیدی جه‌مۆ) كورد‌و عه‌ره‌ب برانه ، لابراوه‌و كراوه به (میلله‌ت هه‌موو برانه) ده‌ستپێكی ئه‌و دابه‌شكردنه مۆسیقیه‌ش هونه‌رمه‌ند عه‌گیدی جه‌مۆ دایناوه، بۆخۆشم له‌ساڵی (2014) به‌نۆته نوسیومه‌ته‌وه) ( 6).
خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر، دوای تۆماركردنی ئه‌و سرووده، له‌ڕادیۆی كوردی یه‌ریڤان به‌رده‌وام ده‌بێت و چه‌ندین سترانی دیكه تۆمارده‌كات ، ئاماژه به‌كتێبی
( سترانێن ڕیتمێك له‌ڕادیۆی یه‌ریڤان) له‌ئاماده‌كردن و نوسینی ( جه‌وادمه‌روانی) له‌لاپه‌ڕه (168 تا 211) تێكست و نۆته‌كانی نووسراون، هونه‌رمه‌ند( 19) سترانی تۆماركردووه وه‌ك ( به‌ژنێ ، به‌هار ویار ، دۆلاڤێ ، هاتنێ هه‌بیم ، هه‌ڤالینۆ وه‌رنه جڤاتێ ، هه‌ی جانێ ، كه‌مانچه، كه‌وێن گوزه‌ل ، كوردستان ، لێ گیدێ ، لۆی له‌من ، نه‌خشێ میرزۆ ، نینك نینرا ته‌مه، ته دزانی ته من ڕا ته‌ڤا جور ، غه‌زالێ ، یارگولێ ، یا وه‌لا كچكه‌و زێر مه‌ینه‌بێ) (7).
خانمه هونه‌رمه‌ند جیا له‌كاری مامۆستایه‌تی و سه‌رپه‌رشتیاریی په‌روه‌رده‌یی و ئه‌ركه هونه‌رییه‌كه‌ی ، له‌سه‌رده‌می داگیركردنی وڵاتی ( ئه‌فغانستان) له‌لایه‌ن یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو، ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك كاری وه‌رگێڕانی كردووه له‌زمانی ڕووسییه‌وه بۆ زمانی (داری) و به‌پێچه‌وانه‌وه، هه‌روه‌ها وه‌ك پێشتر له‌زاری خودی هونه‌رمه‌نده‌وه ئاماژه‌مان پێدا ، دوای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤییه‌ت و هاتنی ڕه‌گه‌زپه‌رسته‌كان له‌وڵاتی ئه‌رمینیا ، ژیان و گوزرانی خه‌ڵك به‌شێوه‌یه‌كی دیكه ده‌بێت و ئازادی بۆ ژیان و بۆكاری هونه‌ری به‌رته‌سك ده‌بێته‌وه و ، چیتر خانمه هونه‌رمه‌ند ناتوانێ وه‌ك پێشوو به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر كاره هونه‌رییه‌كانی ، ناچار ده‌بێت له‌ساڵی (1996) له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌كه‌ی ئه‌رمینیا به‌جێ بهێڵن و له‌وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا ) نیشته‌جێ ببن،
هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكا قادر ، له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا وه‌ك كوردێكی دڵسۆز بۆ خاك و نیشتمان، درێژه به كاروانه هونه‌رییه‌كه‌ی ده‌دات و ، به‌شداری بۆنه نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی یه‌كان و پرۆگرامی كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان ده‌كات،چه‌ندین كۆنسێرتی له‌ئه‌وروپادا پێشكه‌ش كردووه به‌تایبه‌ت به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه.
به‌رده‌وام خوازیاربووه به‌شداربێت له‌و پرۆگرامانه‌ی كه تایبه‌تن به‌كوردستان و خۆشویستنی كوردستانی كردۆته پێشه‌نگی كاروانی ژیانی تایبه‌تی و هونه‌ریی ، یه‌كێك له‌و به‌رنامانه‌ی خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر له‌گه‌ڵ چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی دیاری كورد له‌ساڵی (1999) له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان ( ئارام تیگران، سه‌عید یوسف ، ناسری ڕه‌زازی ، نه‌جمه‌دینی غوڵامی ، دكتۆر جه‌لیل ئازیدو ڕه‌نجبه‌رخۆشناو) به‌رنامه‌كه‌ش تایبه‌ت بووه به‌یكگرتنه‌وه‌ی هونه‌رمه‌ندانی چوارپارچه‌كه‌ی كوردستان له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی كوردستان،
ئه‌سلیكاقادری هونه‌رمه‌ند و عاشق به فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری نه‌ته‌وه‌كه‌ی ، له‌دوای ساڵی (2000) ه‌وه بۆچه‌ندجارێك گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری كوردستان و چه‌ندین به‌رنامه‌و دیداری هونه‌ری له‌لایه‌ن كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كانی ناوه‌وه‌ی وڵات بۆسازكراوه‌و خۆشحاڵ و به‌خته‌وه‌ربووه كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه وڵات و له‌ناو هاوزمانه‌كانی خۆیدایه، له‌یه‌كێك له‌دیداره‌كانی كه‌له‌كه‌ناڵی ( ڤین تیی ڤی ) له‌گه‌ڵیدا سازكراوه، ده‌بێت ئه‌وه‌ش بڵێین له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و چاوپێكه‌وتن و دیدارانه‌دا پێشه‌نگی سترانه‌كانی، سروودی ( وه‌ڵاتێ مه كوردستان) بووه و خوێندوویه‌تی و دڵی جه‌ماوه‌ر و بینه‌رانی خۆش و سه‌رسام كردووه، له‌ودیداره‌دا خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكا قادر سه‌باره‌ت به‌ناوی كوردستان و زمانی شیرینی كوردی ده‌ڵێت ( پێویسته له‌سه‌ر هه‌موومان ناوی كوردستان له‌سه‌ر دڵمان بنووسین، هه‌میشه ئه‌و دروشمه بڵێینه‌وه و بڵێین بژی كوردستان، ده‌خوازم میلله‌ته‌كه‌م سه‌ربه‌خۆ بێت وه‌ك میلله‌تانی دیكه، ئه‌وان چۆن ده‌ژین و به‌داخه‌وه ئێمه له‌ناو خوێن و كوشتن و له‌ناوداگیركاریدا ده‌ژین، ده‌خوازم مافی خۆمان به‌ده‌ست بێنین و منداڵه‌كانمان به‌زمانی دایك ، به‌زمانی كوردی په‌روه‌رده‌و فێریان بكه‌ین ) (8).
له‌هه‌نده‌رانیش خانمه هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وام بووه له‌سه‌ر رێگا پیرۆزه‌كه‌ی هونه‌ر و به‌رهه‌می تۆماركردووه و خاوه‌نی دوو ئه‌لبومی هونه‌رییه .
ئه‌م سترانان ولاوكانه‌ی خانمه هونه‌رمه‌ند له‌ناو كتێبه‌كه‌ی ( جه‌واد مه‌روانی) دانییه وه‌ك ( قاسۆ ، گولیزار ،ڕۆم خائنێ ، لێ لێ دایكه، ئه‌م ته‌نێ مانه ، نه‌چه‌ئاڤێ ، كچكه جانێ ، ده‌لال ، بارانه ، ئه‌ڤینا به‌هێڤی ، دێ وه‌ره،هزار ، لاوكی مه‌تینی،كۆچه‌ر و چه‌ندینی تر ) .
خانمه هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكا قادر جیا له‌زمانی دایكی ( زمانی كوردی) شاره‌زایی له‌زمانه‌كانی ( ڕووسی ، ئه‌رمه‌نی ، فارسی ، داری و ئه‌ڵمانی ) دا هه‌یه،
له‌باری ڕامیارییه‌وه ، هونه‌رمه‌ند ئه‌ندامی (29) هه‌مین كۆنگره‌ی پارتی كۆمنیستی ئه‌رمه‌نستان بووه ، هه‌ڵبژێردراوه بۆ په‌رله‌مان و ماوه‌ی (2) ساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بووه تا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یه‌كێتی سۆڤیه‌تی پێشوو وازی له‌كاری په‌رله‌مانتاری هێناوه، له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه خانمه هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی (1968) ژیانی هاوسه‌رگیری پێكهێناوه‌و خاوه‌نی دوو منداڵه به‌ناوی ( ئارمانج و ستێللا ) ، له‌ئێستادا له‌وڵاتی ئه‌ڵمانیا ، له‌ته‌مه‌نی (77) ساڵیدا ده‌ژی.
سڵاو له‌ده‌نگ و هونه‌ری بێخه‌وشی ئه‌و خاتوونه چه‌له‌نگ و ده‌نگخۆشه ، تا كورد و كوردستان بوونیان هه‌بێت سروودی ( وه‌ڵاتێ مه كوردستانه) به‌به‌رزی و پیرۆزی ده‌مێنێته‌وه و به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ی ئه‌سلیكاقادر ده‌درێت به‌گوێی گه‌نج و لاوانی كوردستان.
جه‌مالی ده‌لاك 4/10/2022 هه‌ولێر.
سه‌رچاوه :
و2) به‌نامه‌ی رۆژباش كوردستان ، كه‌ناڵی ئاسمانی ( ڕۆژتی ڤی) پێشكه‌شكردنی ( ئاشتی عه‌لی و عینایه‌ت) له‌واڵی هونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر له‌تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك ڕێكه‌وتی ( 19/6/2016) وه‌رگیراوه.
(3 و4و5) ئه‌سلیكاقادر ، له‌ودیو ئاراسه‌وه بووم نه‌تده‌ناسی ده‌نگم ، تۆزی كوردستان نیشتبوو له‌ڕه‌نگم ، یار و دیار ، كۆمه‌لێك بابه‌ت ده‌رباره‌ی فه‌رهه‌نگی كوردستان له‌ئێران و تۆران، له‌خانه‌قینه‌وه تا لاچین، نوسینی ( جه‌میل مه‌لاقه‌ره) 2019 ، لاپه‌ڕه (47).
(6)په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنی و هه‌روه‌ها وه‌رگرتنی زانیاری له‌رێی تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبوك _ ماسنجه‌ر ، له‌هونه‌رمه‌ند(كامیران ئیبراهیم ) ڕۆژی دووشه‌ممه 3/10/2022 .
(7) كتێبیسترانێن ریتمێك له ڕادیۆی یه‌ریڤان ، نووسین و ئاماده‌كردنی ( جه‌واد مه‌روانی ) لاپه‌ڕه ( 168تا 211).
(8) دیدار له‌گه‌ڵهونه‌رمه‌ند ئه‌سلیكاقادر ، كه‌ناڵی ئاسمانی ( ڤین تی ڤی ) (5/6/2016).
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.