Erbil 15°C پێنجشەممە 18 نیسان 21:09

بۆچی لێدانی سزای هه‌ژمار نه‌كرد.. ناوبژیوان هۆكاره‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات

کوردستان TV
100%

له‌ یارییه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ئینته‌ر میلان و به‌رشه‌لۆنه‌ له‌ شه‌وی ڕابردوو ناوبژیوان لێدانێكی سزای دروستی هه‌ژمار نه‌كرد، ئه‌مه‌ش بووه هۆی تووڕه‌بوونی هانده‌رانی یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ و له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ناڕه‌زایه‌تییه‌كی زۆری لێ كه‌وته‌وه‌.

شه‌وی ڕابردوو له‌ گه‌ڕی سێی قۆناغی كۆمه‌ڵه‌كانی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ی ئیسپانی بووه‌ مێوانی یانه‌ی ئینته‌ر میلانی ئیتاڵی و یارییه‌كه‌شی به‌ ئه‌نجامی 1-0 گۆڵ پێ دۆڕاند.

له‌ خوله‌كانی كۆتایی گێمی دووه‌می یارییه‌‌كه‌دا، سلاڤكۆ ڤینسیچی ناوبژیوان لێدانێكی سزای هه‌ژمار نه‌كرد، دوای ئه‌وه‌ی تۆپ له‌نێو هێڵی سزا به‌ر ده‌ستی دۆمفرێسی به‌رگریكاری یانه‌ی ئینته‌ر میلان كه‌وت.

سانتی ئۆڤاڵ ڕۆژنامه‌نووسی ئیسپانی سه‌باره‌ت به‌ لێدانه‌ سزاكه‌ گوتی: شه‌وی ڕابردوو هه‌ر دوای یارییه‌كه‌ له‌ ژووری خۆگۆڕیندا له‌ سلاڤكۆی ناوبژیوانم پرسی كه‌ بۆچی په‌نای نه‌برده‌ به‌ر بینینی ڤار بۆ دڵنیابوون له‌ لێدانه‌ سزاكه‌، له‌ وه‌ڵامدا ئه‌ویش پێی گوتم كه‌ ناوبژیوانانی ڤیدیۆ و ژووری ڤار پێیان گوتم كه‌ لێدانی سزا نه‌بووه‌.

هه‌ردوو ناوبژیوانی ژووری ڤاڕ له‌ یارییه‌كه‌ی شه‌وی ڕابردوودا بریتی بوون له‌ پۆڵ ڤان بۆكیل و دینیس هیخله‌ر، هه‌رچه‌نده‌ له‌ لێدانه‌وه‌ی ڤیدیۆی یارییه‌كه‌دا به‌ ئاشكرا دیاربوو تۆپ به‌ر ده‌ستی به‌رگریكاره‌كه‌ی یانه‌ی ئینته‌ر میلان ده‌كه‌وێت، به‌ڵان ئه‌و دوو ناوبژیوانه‌ لێدانی سزایان هه‌ژمار نه‌كرد.

هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ بڕیاری دا سكاڵا له‌ یه‌كێتی تۆپی پێی ئه‌وروپا (یوفا) له‌سه‌ر ناوبژیوانانی یارییه‌كه‌ تۆمار بكات.

وه‌رزش

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.