Erbil 18°C چوارشەممە 28 ئەیلوول 06:32

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبووه‌وه‌.. تاوتوێی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی داهاتوویان له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در كرد

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌م سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌ شاری به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌ ماڵی هادی عامڕی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح ئه‌نجام دا و تێیدا تاوتوێی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی داهاتوویان له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در كردووه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌ میدیاییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی سه‌ركرده‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌شێوه‌یه‌كی گشتی گفتوگۆ له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی ئێستای عێراق و دانانی واده‌یه‌ك بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق كراوه‌.

هه‌روه‌ها باس له‌ سه‌ردانی ئه‌و شانده‌ی هێزه‌ سیاسییه‌كان كراوه‌ كه‌ بڕیاره‌ له‌ حه‌نانه‌ له‌ پارێزگای نه‌جه‌ف له‌گه‌ڵ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در كۆببنه‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ ده‌گوترێ موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در ڕه‌زامه‌ندی نیشانداوه‌ له‌گه‌ڵ شاندێكی لایه‌ن و هێزه‌‌ سیاسییه‌كان به‌ سه‌رۆكایه‌تی هادی عامڕی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح كۆببێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی پێشتر چه‌ندجارێك ڕه‌تی كردبووه‌وه‌ هیچ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ئه‌نجام بدات.

میدیاكان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئێستا له‌نێو هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دوو بۆچوون هه‌یه‌، هادی عامڕی و حه‌یده‌ر عه‌بادی پێشنیاریان كردووه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئێستای عێراق له‌ پۆسته‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت تا كاتی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن، له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ نووری مالیكی و قه‌یس خه‌زعه‌لی و عه‌ماڕ حه‌كیم پێداگیری له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی به‌ربژێره‌كه‌یان محه‌مه‌د شیاع سوودانی ده‌كه‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی داهاتووی عێراق.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.