سه‌رۆكی پێشووی فڕاكسیۆنی سه‌در له په‌رله‌مانی عێراق ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئاشكرای كرد كه ڕێبه‌ری ڕه‌وته‌كه‌یان مانی له خواردن و خواردنه‌وه گرتووه تا توندوتیژییه‌كانی عێراق كۆتاییان دێت.
حه‌سه‌ن عه‌زاری سه‌رۆكی پێشووی فڕاكسیۆنی سه‌در له بڵاوكراوه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاندووه: موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در مانگرتنی له خواردن و خواردنه‌وه كردووه تا ئه‌و كاته‌ی توندوتیژییه‌كان و به‌كارهێنانی چه‌ك كۆتاییان دێت.
ڕاشیگه‌یاند: ڕێگه به‌هیچ كه‌س و لایه‌نێك نادرێ به بیانۆی ڕاماڵینی گه‌نده‌ڵكاران ته‌ندوتیژی به‌كاربهێنێ.
نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌م موقته‌دا سه‌در ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در به فه‌رمی وازهێنانی یه‌كجاری له كاری سیاسی ڕاگه‌یاند و فه‌رمانی داخستنی سه‌رجه‌م داموده‌زگا سیاسی و میدیایی و كۆمه‌ڵایه‌تی ڕهوتهكهشی ده‌ركرد، هه‌روه‌ها داواشی له شوێنكه‌وتووانی كرد له هیچ چالاكییه‌كی سیاسی و میدیاییدا ناوی ئه‌و و ڕه‌وته‌كه‌ی نه‌هێنن.
ئه‌مه بووه هۆی تووڕه‌بوونی لایه‌نگر و خۆپیشانده‌رانی ناوچه‌ی سه‌وزی به‌غدای پایته‌خت و فراوانبوونی خۆپیشاندانه‌كان كه دواتر هێرشكردنه سه‌ر باڵه‌خانه‌كانی كۆشكی سه‌لام و سه‌رۆكایه‌تی حكوومه‌ت و چه‌ند داموده‌زگایه‌كی تری حكوومه‌تی لێ كه‌وته‌وه و گرژی و ئاڵۆزییه‌كانیش تا ئێستا درێژه‌یان هه‌یه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.