به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگریی شارستانی كه‌ربه‌لا ئاشكرای كرد كه گه‌یشتوونه‌ته خاڵه‌كانی كۆتایی ده‌ردانه‌وه‌ی گرده ڕووخاوه‌كه‌ی مه‌زارگه‌ی قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی له پارێزگای كه‌ربه‌لا و ئێستاش به‌دوای دوایین قوربانیدا ده‌گه‌ڕێن كه ته‌رمی كچێكی هه‌رزه‌كاره.
نیوه‌ڕۆی پێرێ شه‌موو له مه‌زارگه‌یه‌كی پیرۆزی شیعه‌كان كه به قه‌تاره‌ی ئیمام عه‌لی ناسراوه و ده‌كه‌وێته دووری 30 كیلۆمه‌تر له باشووری پارێزگای كه‌ربه‌لا، گردێك داڕما و به‌هۆیه‌وه چه‌ند سه‌ردانیكه‌رێكی مه‌زارگه‌كه كه‌وتنه ژێر پاشماوه‌كان، ڕووداوه‌كه گیانله‌ده‌ستدان و برینداری لێ كه‌وته‌وه، هه‌روه‌ها به‌شێكی دیكه‌ش گیریان خواردبووه و تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی هه‌وڵی رزگاركردنیان ده‌دا.
تاهیر حه‌مید به‌ڕێوه‌به‌ری به‌رگریی شارستانی پارێزگای كه‌ربه‌لا ڕایگه‌یاند: ئێستا گه‌یشتووینه‌ته خاڵه‌كانی كۆتایی ده‌ردانه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی مه‌زارگه‌كه. جه‌ختیشی كرده‌وه كه تا ئێستاش تیمه‌كانیان ته‌رمی 7 كه‌سیان ده‌رهێناوه.
ڕاشیگه‌یاند: تیمه‌كانمان له گه‌ڕان و پشكنینه‌كان به‌رده‌وامن و ئێستا به‌دوای دوایین قوربانی ڕووداوه‌كه ده‌گه‌ڕێن كه كچێكی ته‌مه‌ن 14 ساڵه.
هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: تیمه‌كانی به‌رگریی شارستانی ئێستا گه‌یشتوونه‌ته خاڵه‌كانی كۆتایی و ڕێژه‌یه‌كی كه‌م له ده‌ردانه‌وه ماوه كۆتایی به كاره‌كانیان بێنن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه تا ئێستا 4 بۆ 5 مه‌تر خۆڵ و پاشماوه دهردراونهتهوه و هه‌روه‌ها چه‌ندان تاشه‌به‌ردیش ورد و خاش كراون.
جێی باسه وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق دوێنێ یه‌كشه‌م ڕایگه‌یاندبوو كه توانراوه 6 كه‌س له‌ژێر پاشماوه‌كان ده‌ربهێنرێ و له نه‌خۆشخانه‌كانی كه‌ربه‌لا چاره‌سه‌ری پزیشكی‌یان بۆ بكرێ.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.