ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی رووخانی مەزارگەی قەتارەی ئیمام عەلی رۆژئاوای پارێزگای کەربەلا باشووری عێراق گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە حەوت کەس.
لەمبارەیەوە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تیمەکانیان، تەرمی ئافرەتێک و پیاوێکیان لەژێر داروپەردووی داڕووخانی مەزارگەی قەتارەی ئیمام عەلی لە کەبەرلا دەرھێناوە و ھاتووە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە حەوت کەس لەنێویاندا چوار ئافرەت، دوو پیاو و منداڵێک.
دوێنێ یەکشەممە وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق رایگەیاندبوو کە تا ئێستا چوار تەرم و شەش بریندار لەژێر داروپەردوودا دەرھێنراون.
پێشتریش سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر داوای لە حکوومەتی عێراق کردبوو لێکۆڵینەوەیەکی بەپەلە لە رووداوی رووخانی مەزارگەی قەتارەی ئیمام عەلی لە کەربەلا بکات و ھۆکاری رووداوەکەیش ئاشکرا بکات و رایگەیاند، گەندەڵی مەزارگەکانیشی گرتووەتەوە کە بەھۆیەوە خەڵکی مەدەنی بوونەتە قوربانی ئەو گەندەڵییە.
بەبڕیاری پارێزگاری کەربەلا، نەسیف خەتابی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی ھۆکاری رووداوەکە پێکھێنراوە.
رۆژی شەممە 20ی ئابی2022، گردێک لە مەزارگەی قەتارەی ئیمام عەلی لە کەربەلا رووخا کە بەھۆیەوە تا ئێستا حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکی دیکەیش برینداربوون.
مەزارگەی قەتارەی ئیمام عەلی دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای کەربەلا و ھاووڵاتییانی شیعەمەزھەب لە مانگی موحەڕمدا رووی تێدەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.