Erbil 15°C دووشەممە 17 حوزەیران 22:27

مەكتەبی سیاسی pdk: پارتی 76 ساڵە دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە

کوردستان TV
100%

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا رایدەگەێنێت، لە شازدەی ئابی ساڵی 1946، لە نێو تاریكی زوڵم و ڕۆژگاری پڕ لە ستەمی ئەوكات و لە وەرچەرخانێكی مێژووییدا، پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا و سەركێشیی خەباتێكی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاك و نیشتیمان وە ئەستۆ گرت و لەو ساوە تا ئێستا، واتە (76) حەفتاوشەش ساڵە، دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی كوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ.
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە بۆنەی (٧٦) حەفتاوشەشەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان
 هاوڵاتییانی ئازیزی كوردستان خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان كادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارە قەدرگرانەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەمڕۆ شازدەی ئابە، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرهەمدارەكەی گەلەكەمان، كە تیایدا پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا و لە هەمان ڕۆژیشدا ڕێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی لەدایكبوو و چاوی بە ژیان و خەبات هەڵێنا، دەستپێك بە دڵێكی پڕ لە هیواوە، هیوا بەرەو ئاییندەیەكی گەشتر، پیرۆزبایی لە رۆڵەكانی گەل، ڕێزدار سەرۆك بارزانی، نیشتیمانپەروەر و ئازادیخوازان دەكەین. لە شازدەی ئابی ساڵی 1946، لە نێو تاریكی زوڵم و ڕۆژگاری پڕ لە ستەمی ئەوكات و لە وەرچەرخانێكی مێژووییدا، پارتی دیموكراتی كوردستان دامەزرا و سەركێشیی خەباتێكی نەپساوەی لە پێناو ئازادی گەل و خاك و نیشتیمان وەئەستۆ گرت و لەو ساوە تا ئێستا، واتە (76) حەفتاوشەش ساڵە، دەستەویەخە لە سەنگەری پێشەوەی قوربانیدانە و بۆتە ناسنامەی كوردایەتی و قۆناغ دوای قۆناغ، بە پێی هەلومەرج و دەرفەتەكان دەستكەوتگەلێكی فرەلایەنی بۆ گەلی كوردستان وەدەستهێناوە، كە ئەمڕۆ بە شانازییەوە یادیان دەكەینەوە، لەوانە: چارەسەركردنی گرێی سایكۆلۆژیی ژێردەستی و دروستكردنی هیوا بۆ ڕۆڵەكانی گەل؛ هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و قوربانییەكانی و رێككەوتننامەی یازدەی ئادار؛ چۆكدادان بە پیلانی شوومی جەزائیر و شكاندنی نسكۆ و هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی نیشتیمانی، كە بۆ ئەوكات و ئێستایش پڕە لە هێز و هیوا و هەستانەوەی نەتەوەییانە و نیشتیمانییانە؛ داڕشتنی پلان و نەخشەی حەكیمانەی ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی 1991 و ڕابەرایەتیكردنی بەرەی كوردستانی لەلایەن ڕێزدار سەرۆك مەسعود بارزانی و دواتر خاوەندارییەتیی یەكەم مانیفێستی هەڵبژاردنی دیموكراسییانەی گەل، كە سەرۆك مەسعود بارزانی لە وتارە مێژووییەكەیدا لە ڕۆژی 22 ی ئاداری ساڵی 1991 لە شاری كۆیە پێشكەشی كرد؛ شكاندنی سوپای ڕژێمی بەعس لە دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكە؛ بەشداریكردنی لە دامەزراندنی ئەزموونی یەكەمین پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپێخستنی دامەزراوەكانی تری كوردستان و بڕیاری فیدرالیەت؛ بەشداریی كارای لە پرۆسەی ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس و پرۆسەی بنیاتنانەوەی عێراقی نوێ و نووسینەوەی دەستووری عێراق؛ ڕووبەڕووبوونەوەی مەردانەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش و، تاجی دەستكەوتەكانیش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی بوو، كە تا هەتایە مایەی شانازیی نیشتیمانپەروەرانی كوردستانەو، وەك ئەستێرە بە ئاسمانی كوردستانەوە دەدرەوشێتەوە. جەماوەری ئازیزی كوردستان پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سوودوەرگرتن لە جیهانبینیی(مستەفا بارزانی)ی ڕابەری نەتەوە و دامەزرێنەری پارتی، لە ڕۆژی گەشی دامەزراندنییەوە تا ئێستا خەبات دەكات لە پێناو ئاشتی، ئازادی، دیموكراسی، پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و سیاسی و، هەروەسا كار دەكات لە پێناو پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و بووژانەوەی ئابووری و گەشەكردنی كولتووری و فەراهەمكردنی باشترین ژیان بۆ هاوڵاتییان، پێخەمەت ئەو ئارمانجانەیش بەردەوام لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی عێراق لە كار و كۆششدایە بۆ كوردستانێكی بەهێز و ژیانێكی باشتر. هاوڵاتییانی خۆشەویست كادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارانی هێژای پارتی دیموكراتی كوردستان لە كاتێكدا كە ئەم یادە شكۆدارە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین، ناوچەكە و عێراق و كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ ئەركدا تێدەپەڕێت، گرفتە سیاسی و ئابوورییەكان تا دێ هەڵدەكشێن، بۆیە دەبێ هەموومان ڕووەو چارەسەر هەنگاو بنێین، بەرژەوەندییە باڵاكان ببینین و لە پەنجەرە گەورەكەوە سەیری ئەركە هەنووكەیی و هەمیشەییەكان بكەین، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە، ڕووی لە ئاشتی، چارەسەر، یەكریزیی نێوخۆییدایە و، لەگەڵ بەغدایش دەستووری هەمیشەیی عێراق و رێككەوتن و سازان بە بنەمای چارەسەر دەزانێت و لەو پێناوەشدا ماندوو نابێ و هەموو هەوڵە سیاسی و دیبلۆماسییەكانی خۆی دەخاتەوە گەڕ و شێلگیرانە لەو پێناوەدا خەبات دەكات. لەم یادە پیرۆزەدا دروود بۆ گیانی شەهیدانی كوردستان دەنێرین، ئەو شەهیدە سەربەرزانەی بە خوێنی ئاڵی خۆیان كوردستانیان لە بەرزیدا هێشتەوە، بە سەری بەرزەوە لە باڵای پڕ ئیفتیخاری پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان دەڕوانین و سڵاوی شانازییان بۆ دەنێرین. دەرفەتێكی زێڕینە سوپاسی دڵسۆزی و لەخۆبردوویی و ئەمەكداریی سەركردایەتی و كادیر و ئەندام و دۆست و هەوادارانی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین، كە لە سەختیدا پێشمەرگە و لە ئاشتیدا چرا و لە كاتی هەڵبژاردندا دەنگی مسۆگەری سەركەوتنن و ئیرادە بۆ نەوەكان دەگوازنەوە. سەركەوتن بۆ گەلی كوردستان، بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لە پێناو گەلی كوردستان و وەدیهێنانی ئاوات و خەونە لە مێژینەكانی دامەزراوە. شكۆدار بێت (16 ی ئاب)، ڕۆژە مەزن و پڕشنگدار و بەرهەمدارەكەی گەلی كوردستان.
 مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.