وەزیری سەدر ئەمڕۆ شەممە 13ـی 08ـی 2022 داوای خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات و دەڵێت، بە خۆپیشاندانی ملیۆنی بیسەلمێنن شوێن بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران نییە.
ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: ئەمە دوا بانگەوازمە؛ دوای دابەشبوونی خۆپیشاندانەکان بەسەر دوو بەرەدا، پێویست بوو بزانم زۆرینە لەگەڵ کام بەرەیە و هاوسۆزی فراوانتری بۆ گەلی عێراق هەیە دوور لە لایەنگری.
ڕاشیگەیاند: ئەم گوتارە ئاراستەی گەلی خۆشەویستی عێراق دەکەم، بە خێڵ، مەزهەب، ژن، پیر و منداڵ دەکەم، بانگهێشتتان دەکەم بۆ چاکسازی لەپێناو عێراق، تاوەکو ڕزگاری بکەن و نەبن بە نێچیرێکی ئاسانی گەندەڵی، نادادپەروەری، میلیشیا و پاشکۆی حزبە گەندەڵەکان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "لێتان بێهیوا نیم، ئەوە دوا هەلە، لە ڕێگەی خۆپیشاندانێکی یەکگرتوو، ئاشتیانە و ملیۆنی، لە هەموو پارێزگا، ناوچە، گوند و گەڕەکەکانی عێراقەوە، تەنانەت لە هەموو کوچە و ماڵێکەوە بەرەو گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدای پایتەختی خۆشەویست بەڕێکەون، بۆ پشتگیریکردن لە برایانی ناڕازی لەپێناو چاکسازی عێراقی لە عێراقی خۆشەویست."
دووپاتی کردۆتەوە کە بەم ڕێپێوانە ملیۆنییە و بە هەڵگرتنی ئاڵای عێراق و ئاڵای چاکسازی و ڕزگاری و بە دەنگە بەرزەکانتان تەختی خراپەکاران دەهەژێنن.
وەزیری سەدر ئاماژەی بەوەش داوە کە با پەیامێکی ملیۆنی بۆ هەموو جیهان بنێرین کە عێراق لەگەڵ چاکسازییە؛ چاکسازی لەگەڵ عێراقە، شوێن بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران نییە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.