Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 18:19

لێکگەیشتنێکیان بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان واژۆ کرد

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 08ـی 09ـی 2022 هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانستی و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی  یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن واژۆ دەکەن بۆ دۆزینەوەى هەلى کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ڕایگەیاند: بە ئامانجى بەستنەوەى زیاترى پڕۆگرامەکانى خوێندنى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بە بازاڕى کار و ئاشنابوونى زیاترى قوتابییان بە یاساکانى کار و خانەنشینى دەستەبەرى کۆمەڵایەتى، یاداشتنامەیەکى لێکگەیشتن لەنێوان هەردوو وەزارەتى کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و  خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى واژۆ کرا.

کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەبارەی ڕێککەوتننامەکە ئاماژەی بەوە دا کە بەپێى خاڵەکانى یاداشتەکە هەماهەنگى دەکرێت لەنێوان (بەشەکانی بەکارخستنی بەڕێوەبەرایەتیەکانى کار)ـى سەر بە وەزارەتى کار لەگەڵ (سەنتەرەکانی گەشەپێدانی کار-CDC)ی زانکۆکانی کوردستان بۆ تۆمارکردنى ناوى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگەکان بۆ مەبەستی ڕاهێنان و دۆزینەوەى هەلى کار لە کەرتى تایبەت بۆ دەرچووانی بێکار.

هاوکات ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى هەر لەمبارەیەوە گوتی: فراوانکردنی پانتایی خوێندنی تەکنیکی و ڤۆکەیشنەڵ و بەستنەوەی زیاتری پرۆسەی خوێندنی تەکنیکی بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار و داڕشتنەوەی ستراتیجی خوێندنی پیشەیی و تەکنیکی لە کوردستان، لە کارە گرنگەکانى وەزارەتەکەمانە لەم کابینەیە، بۆیە ئیمزاکردنى ئەم یاداشتنامەیە یارمەتیدەرمان دەبێت بەمەبەستى گرنگیدانى زیاتر بە خوێندنى پیشەیى و تەکنیکى.

گوتیشی: ئەنجامدانی کاری هاوبەش بۆ دەستنیشانکردنی کارامەییە پێویستەکان (Skill needs) و کەلێنی کارامەیی (Skill Gaps) و گونجاندنی لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و ئاراستەی گەشەکردنی ئابووری کوردستان، هەروەها هەماهەنگی بۆ بەدواداچوونی دەرچووان بە مەبەستی کۆکردنەوەی زانیاری لەبارەی ڕێژەی دەستکەوتنی کار و هەڵسەنگاندنی ئاستی پەیوەندی کاری دەرچووان بە پسپۆڕی و کارامەییەکانیانەوە خاڵى سەرەکى نێو یاداشتەکەن.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژە بەوە دەدات کە بەشێکى دیکەى یاداشتنامەى لێکگەیشتنى نێوان هەردوو وەزارەت بریتییە لە: هاندانی توێژەران لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی دەربارەی کاریگەرییەکانی جێبەجێکردنی (یاسای کار و یاسای خانەنشین و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران) لەسەر بازاڕی کار و گەشەکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان، هەروەها ڕەخساندنی دەرفەتی ڕاهێنان بۆ قوتابییانی زانکۆ پۆلیتەکنیکییەکان بەمەبەستى سوود وەرگرتن لە وەرشەکانى ڕاهێنانى پیشەیی سەر بە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى و هاندانی دەرچووانى زانکۆکانی هەرێمى کوردستان بۆ بەشداریکردن لە خولەکانى ڕاهێنانى پیشەیی و خولەکانى بەهێزکردنى تواناکان بۆ ئامادەکردنى گەنجان تاوەکو بتوانن دوای دەرچوون بە پڕۆژەوە بچنە ناو بازارى کار.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.