Erbil 15°C شەممە 18 ئایار 18:35

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان: ئاماده‌كاری بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی 171 ڕووفاتی ئه‌نفالكراو له‌ بیابانه‌كانی سه‌ماوه‌ كراوه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا بۆ ڕای گشتی ئاشكرای كرد كه‌ ئاماده‌كاری ته‌واو كراوه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕووفاتی 171 ئه‌نفالكراوی كورد له‌ بیابانه‌كانی سه‌ماوه‌.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ ڕایگه‌یاند: ماوەیەكە لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و قوربانییانی تاوانەكانی جینۆساید و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی، پرسیار دەكرێت لەبارەی ڕووفاتی قوربانییانی تاوانەكانی ئەنفال كە لە گۆڕە بەكۆمەڵەكانی باشووری عێراق زیندەبەچاڵ كرابوون.

ڕاشیگه‌یاند: هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان ئەركی گەڕان بەشوێن چارەنووسی قوربانییانی ئەو تاوانانە و دۆزینەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان و دواتریش هەڵدانەوەیان لەچوارچێوەی تیمی نیشتمانی هەڵدانەوەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانی عێراق، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان ژمارە (5)ی ساڵی 2006، هێنانەوەی ڕووفاتی شەهیدەكانی بۆ كوردستان كردۆتە پێشینەی كارەكانی، لەو چوارچێوەیەشدا لە ساڵی 2019 و لەكاتی دۆزینەوەی ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانی سەماوە و بە دیاریكراوی لەناوچەی (تل الشیخیە)، بەڕێوەبەرایەتی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی وەزارەتمان بەهەماهەنگی دەزگای شەهیدانی عێراق تیمەكانیان ناردە شوێنی گۆڕەكان و بەشداربوون لە هەڵدادانەوەی گۆڕەكان و گواستنەوەی ڕووفاتی (171) شەهیدی جینۆسایدکراو بۆ پزیشكی دادی بەغدا بە مەبەستی ئەنجامدانی شیكاری و گرتنەبەری ڕێكارە یاسایی و زانستییەكان و دواتر هێنانەوەیان بۆ كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: بەڵام بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا (کۆڤید ١٩) بۆ ماوەیەك ئەو كارە دواكەوت و پاش ڕەوینەوەی ئەو پەتایە وەزارەتمان بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری پێویستی ئەنجام دا بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی ڕووفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: جارێكی تر شاندی وەزارەت و پزیشكی دادی هەولێر لە مانگی ئاداری ئەم ساڵدا سەردانی دەزگای شەهیدانی عێراقیان كرد و گفتوگۆ لەسەر ئەم بابەتە كرا و بڕیار درا لە ماوەیەكی نزیكدا لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا ئەو ئەركە نیشتمانییە بگاتە ئەنجام، بەڵام جێی داخە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بەناوی كەسوكاری قوربانییان نامەی ناڕەزاییان لە گەڕاندنەوەی ڕووفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق، كە ڕازی نین بەو ڕێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی ڕووفاتی شەهیدانی گۆرە بەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروست كرد.

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: بۆ ئەم مەبەستە وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆك وەزیران كرد و تیایدا گفتوگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوە كرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستی گەڕاندنەوەی ئەو ڕوفاتانە دەكاتەوە كە ژمارەیان (171) ڕووفاتە و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبێت بۆ هێنانەوەی ئەو ڕووفاتانە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.