Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 13:48

عێراق لەسەر هێرشەکەی سنووری زاخۆ چەند بڕیارێکی بەپەلە دەردەکات

کوردستان TV
100%

بە سەرپەرشتی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، ئەنجوومەنی وەزاری  بۆ ئاسایشی نیشتمانی لەسەر تۆپبارانەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022ی سەر گوندی پەرخ لە سنووری زاخۆ کۆبووەوە و بڕیار درا، لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە دژی تورکیا تۆمار بکەن.

بەپێی ڕاگەیەنراوی ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەکە بە تووندترین شێوە سەرکۆنەی هێرشەکە کرا و داوا کرا پێشێلکارییەکان بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی بوەستێنرێت و ڕێز لە بنەمای دراوسێیەتی باش بگیرێت.

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە کۆبوونەوەکە چەند بڕیارێکی دا، ئەنجوومەنەکە وەزارەتی دەرەوەی ڕاسپارد بۆ ئامادەکردنی دۆسیەی هێرشە دووبارەبووەکانی تورکیا بۆ سەر سەروەری عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییانی، هەروەها پێشکەشکردنی سکاڵایەک بەپەلە لەمبارەیەوە بە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکان هاتووە، باڵیۆزی تورکیا لە عێراق بانگ دەکرێت و سەرکۆنەکردنی هێرشەکەی پێ ڕادەگەیەنرێت، هەروەها بەرپرسی کاروباری عێراق لە ئەنقەرە بۆ ڕاوێژکردن بانگ دەکرێتەوە، ڕێکارەکانی ناردنی باڵیۆزی نوێ بۆ تورکیا ڕادەگیرێت.

ئەوەش خراوەتەڕوو کە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕاسپێردرا بۆ پێشکەشکردنی ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دۆخی ناوچە سنوورییەکانی عێراق و تورکیا، گرتنەبەری هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ بەرگری لە خۆکردن، هەروەها بەدواداچوون بۆ دۆخی بریندارانی هێرشەکە دەکرێت، کەسوکاری شەهیدانیش قەرەبوو دەکرێنەوە.

باسی لەوەش کردووە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی دەکەین بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم پێشێلکارییانە.

ئاماژەی بەوەش داوە کە داوا لە تورکیا دەکرێت بۆ ئەوەی بە فەرمی داوای لێبووردن پێشکەش بکات و سەرجەم هێزە سەربازییەکانی لە هەموو ناوچەکانی عێراق بکشێنێتەوە.

ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی عێراق جەختی کردەوە کە نابێت عێراق ببێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێکان، ڕەتی دەکاتەوە کە هەر ڕێکخراوێکی تیرۆریستی و هێزێکی چەکداری لەسەر خاکەکەی بمێنێت.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.