Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 12:57

سه‌رۆكی حكوومه‌ت تۆپبارانكردنی هاوینه‌هه‌واره‌كه‌ی زاخۆ به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كات

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تۆپبارانكردنی هاوینه‌هه‌واره‌كه‌ی زاخۆ به‌ توندترین شێوه‌ سه‌ركۆنه‌ كرد و ڕایگه‌یاند كه‌ لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە هەماهەنگیدان بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەرفراوان له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چه‌ند تویتێكی له‌باره‌ی تۆپبارانه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ گوندی په‌رخ له‌ زاخۆ بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا گوتی "تۆپبارانکردنی سەرەڕۆییانەی هاوینەهەوارێکی زاخۆ لەلایەن هێزەکانی تورکیا کە چەندین کەسی سیڤل بوونە قوربانی، بە توندترین شێوە سەرکۆنە دەکەم".

سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتیشی "وەزیری تەندروستی د. سامان بەرزنجیم بۆ شوێنی تۆپبارانەکە ناردووە و لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوهدار شێخۆ قسەم کردووە بۆ ئەوەی هەرچی پێویست بێت بۆ بریندارەکان و ئەو خێزانانەی ئازیزەکانیان لەدەستداوە، ئەنجام بدەن".

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها گوتیشی "هێرشکردنە سەر خەڵکی سیڤل، هیچ پاساوێک هەڵناگرێت. ئەم جۆرە ڕووداوانە چەندین جارە دووبارە دەبنەوە ، بۆیە دەبێت ئەم هێرشانە بوەستێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "ئێمە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی لە هەماهەنگیداین بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی ورد و بەرفراوان".

هه‌روه‌ها گوتی "هەرێمی کوردستان، بەردەوام ڕاکێشراوەتە ناو شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە کە زیان و ئازارێکی زۆری بە هاووڵاتیانمان گەیاندووە و دەبێت کۆتایی پێبێت".

له‌ كۆتاییدا مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوخەمی خۆی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان دووپات كرده‌وه.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.