Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 13:48

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو کرایەوە

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 20ـی 07ـی 2022 بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران کۆبوونەوە و چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران کورتەیەکی دەربارەی دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و لوتکەی جەددە بۆ ئاسایش و گەشەپێدان و هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لە بارەی ئەو پەرەسەندنانە خستەڕوو.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا کە بەر لە بەستنی لوتکەی جەددە پەیامێکی ئاراستەی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جۆ بایدن کردووە و تێیدا داوای کرد کە ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی، قوربانیدانەکانی گەلی کوردستانیان لەبیر بێت بەتایبەتی لە شەڕی دژ بە تیرۆر، هەروەها داوای کردبوو دان بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بنرێت لە عێراقێکی فیدراڵدا. لە کۆبوونەوەی سەرۆک بایدنیش لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ئاماژە بە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوسمەتی فیدراڵ کرا و سەرۆک بایدن جەختی لە بایەخپێدانی ئەمەریکا بە هاتنەکایەی عێراقێکی سەقامگیر و یەکگرتوو و خاوەن سەروەری بە هەرێمی کوردستانیشەوە کردەوە.

سەرۆک وەزیران، خواستی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور.

لە بڕگەی دووەمدا، ڕاپۆرتی بەداوداچوونی ئاستی جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵەی تەمەنیدا کە لە لایەن عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون خرایەڕوو.

سەرۆک و جێگری سەرۆک وەزیران، دەستخۆشییان لە فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون کرد بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەرفراوانە، کە بە داتا و زانیاریی وردەوە ئاماژە بە کار و چالاکیی و پڕۆژەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت کراوە، کە دواتر دەخرێتە بەردەستی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی لە هەرێمی کوردستان وبڕیاریش درا ڕاپۆرتەکە ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە كرد کە ئەم ڕاپۆرتە، بەڵگەیەکی ئاشکرایە لە سەر ڕوونی و شەفافیەتی کارکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، گوتیشی چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەموو بوارەکان دەگرێتەوە، ئامانجی سەرەکیشی، فرەچەشنکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.

بڕگەی سێیەم بریتی بوو لە خستنەڕووی پڕۆژەیاسای ( هەمواری یەکەمی یاسای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی کوردستان ) ژمارە ( 14) ی ساڵی 2008 لەلایەن فرسەت ئەحمەد وەزیری داد .

ئەنجوومەنی وەزیران، پڕۆژەیاسای هەمواری یاساکەی پەسەند کرد بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج وتێبینیانەی لەسەر ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسەکە لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران خرانەڕوو بە هەماهەنگیی و ڕاوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی شورای هەرێم، ئەویش بە ئاراستەی دابینکردنی سەربەخۆیی زیاتر بۆ ئەم دامەزراوەیە و پەرەپێدان بە توانا ولێهاتوویی ئەندامانی ئەنجوومەنەکە و داڕشتنەوەی ڕێکار و مەرجەکانی دامەزراندنیان، هەر لە میانەی ئەم بڕگەیەدا، ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە بایەخی قەزای ئیداریی کرد لە هەرێمی کوردستان ، وەک دەسەڵاتێکی جیاواز لە قەزای ئاسایی کە ئەرکی چاودێر دەبینێت  لەسەر مەشروعیەتی بڕیار و ئەو فەرمانانەی لە دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە دەردەچن، هەروەها بۆ فەراهەمکردنی بواری تانەدان لە ڕێکار وبڕیارە کارگێڕییەکان و پێشکەشکردنی ڕاوێژ وسەرنج لە لایەن ئەنجوومەنەکە بۆ دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم و داڕشتنەوە و لێ وردبوونەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسا و پەیڕەوەکان و یەکلاییکردنەوەی کێشە وناکۆکیەکانی کارگێڕیی نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکانی حکوومەت.

دواتر وەزیری ئەوقاف وکاروباری ئایینی پشتیوان سادق و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، کورتەیەکیان دەربارەی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان و بەشداریان لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی وەزاریی ئازادی ئایین و بیروڕا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا خستەڕوو کە لەسەر بانگهێشتی فەرمیی حکوومەتی بەریتانیا بانگهێشت کرابوون و دەرفەتێک بوو بۆ خستنەڕووی کولتووری مرۆڤدۆستیی و بەیەکەوەژیانی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان لە هەرێم و میوانداریکردن و لەباوەشگرتنی هەرێم بۆ پەنابەر و ئاوارە و لێقەوماوانی بەشەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ بە پێکهاتەی ئایینی ونەتەوەیی جیاوازەوە.

لە دوا بڕگەی کۆبوونەوەکەدا، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی لە بەرەوپێشچوونەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری سەرۆکی حکوومەت بۆ نەهێشتنی چەکی بێ مۆڵەت وهەرچی زوو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ئاگادارکردەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.