Erbil 15°C یەکشەممە 19 ئایار 11:29

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌سه‌ر ئۆپەراسیۆنه‌ دوو ڕۆژه‌ییه‌كه‌ی چیای قەرەچووغ بڵاو كرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند، ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی ‌نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌ چیای قەرەچووغ له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات، ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كه‌ بۆ رەواندنەوەی ئەو مەترسییە ئەمنییانە بووه‌‌ کە کەوتۆتە ناوچە هاوبەشەکانی نێوان هەردوولا.

کاتژمێر 7ی بەرەبەیانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م (19ی تەمووزی 2022) ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی ناوەندی لە ناوچەی چیای قەرەچووغ دەستی پێ کرد، ئۆپەراسیۆنەکە ماوەی 2 رۆژی خایاند و ئەمڕۆ 20ی تەمووزی 2022 کۆتایی پێ هات.

ئامانجی ئەم ئۆپەڕاسیۆنە پاککردنەوە و کێوماڵکردنی تەواوەتی بەشی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای زنجیرە چیای قەرەچووغ بوو لە تیرۆریستان، لەم ئۆپەراسیۆنەدا هێزەکانی پێشمەرگە لیواکانی پیادە و هێزەکانی زێرەڤانی و بەشێک لە هێزەکانی دژەتیرۆر، لە هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش فیرقەکانی 14 و 16 و یەکەیەکی دژەتیرۆری عێراقی بەشدارییان تێدا کرد.

ئۆپەراسیۆنەکە بە دوو قۆناغ بەڕێوەچوو، قۆناغی یەکەم لە باشوری رۆژئاواوە لە دەشتاییەکانەوە بەرەو زنجیرە چیای قەرەچووغ، لە رۆژی یەکەمدا ئەم پرۆسەیە ئەنجامدرا و تیایدا بە تەواوەتی هێزەکان گەیشتنە شوێنەکانی خۆیان و ئامانج لێی کێوماڵکردن و رێگریکردن بوو لەو تیرۆریستانەی کە دەیان ویست لە ناوچە چیاییەکاندا لە کاتی بەڕێوەچوونی قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە لە رۆژی دووەمدا دەربازییان بێت.

قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە، بەهەمان شێوە هێزێکی تایبەتی زێرەڤانی و هێزێکی دژە تیرۆری عێراقی لەسەر زنجیرە چیای قەرەچووغ بەرەو باشوور و باشووری رۆژئاوای زنجیرە چیای قەرەچووغ کێوماڵی ناوچەکەیان کرد.

لە هەردووک قۆناغەکەدا کە دوو رۆژی خایاند هێزی ئاسمانی پشتیوانی و پشتگیری پڕۆسەکە بوون.

ئۆپەراسیۆنەکە بریتی بوو لە خاپوورکردن و وێرانکردنی تەواوی ئەو مۆڵگە و بارەگایانەی کە تیرۆریستانی داعش وەک شوێنی حەوانەوە و خۆ حەشاردان بەکاریان دەهێنا لە زنجیرە چیای قەرەچووغ، لە ئەنجامدا توانرا 51 کیلۆمەتر چوارگۆشە ناوچەیەکی شاخاوی سەخت، بەپانی 17 کیلۆمەتر بە تەواوەتی کێوماڵ بکرێت، دوو تیرۆریست کوژران و دەست گیرا بەسەر کەرەستە و پێداویستی سەربازی و پزیشکی و هەندێک کەرەستەی خواردەمەنی و خەوتنی تیرۆریستان.

لەم ئۆپەراسیۆنەدا فڕۆکە جەنگییەکان توانیان چەند مۆڵگە و ئەشکەوتێک خاپوور بکەن کە تیرۆریستان وەک شوێنی حەوانەوەی خۆیان بە کاریان هێنابوو.

لە کۆتاییدا هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی ناوەندی لە خاڵی بەیەک گەیشتندا سەرکەوتنە گەورەکەیان راگەیاند و بە سڵاوکردن لە یەکتر کۆتاییان بە پڕۆسەکە هێنا.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.