بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر رایدهگهێنێت: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئێستا کوالێتی بەنزینی 800دیناری باشتر کردووە و لە ھەوڵیشدایە ڕێژەکەمان بۆ زیاد بکات بۆ ئەوەی نرخی بەنزین هەرزان بێت، ئەگەر پشکی بەنزینەکەمان زیاد بکرێت، ڕاستەوخۆ نرخەکەیشی هەرزان دەبێت و ھەر بەنزینخانەیەکیش بەنزینی خراپ بفرۆشێت، سزای دەدەین و تەنھا دوێنێ یهكشهممه 17 ى 7 ى 2022، 10 بەنزینخانەمان سزا داوە.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر، ئاری کاکەشین، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگهیاند: خەڵکێک ھەوڵ دەدات بەنزینی خراپ بێنێتە بازارەوە و بە نرخێکی هەرزان بیفرۆشێت، ئێمەش تیمەکانمان بە دوو ئاراستەدا ئیش دەکەن و ڕۆژانە سەردانی بەنزینخانەکان دەکەن و پشکنینیان بۆ دەکەن و ئەگەر کوالێتی خراپ بێت، سزایان دەدەن و ئاراستەکەی دیکەش، ھەر ھاووڵاتییەک گلەیی بکات، تیمەکانمان ڕاستەوخۆ سەردانی بەنزینخانەکە دەکەن و پشکنینی بۆ دەکەن، ئەگەر کوالێتیی بەنزینەکەی خراپ بێت، ڕێکاری پێویستی بەرامبەر دەگرنەبەر.
ئاری کاکەشین گوتیشی: ئەو بەنزینەی حکوومەت بۆ ئێمەی دابین دەکات ڕۆژانە800 ھەزار لیترە و بە800 دینار دەیفرۆشن و کوالێتیشی باشە و باشتریش دەکرێت، کە ئۆکتانەکەی 89 تا 90 زیاترە و پێویستە لە 89 کەمتر نەبێت، ئەگەر نا، وەری ناگرین و بەنزینی 690 دیناریش، 300 ھەزار لیترمان بۆ دابین دەکرێت و ھەوڵ دەدرێت ڕێژەکەمان بۆ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی نرخەکەی هەرزان بێت.
بەڕێوەبەری سووتەمەنیی ھەولێر ڕوونیشی کردەوەتهوه: سزادانی بەنزینخانەکان بەردەوامە و تەنھا دوێنێ بەنزینخانە سزا دراون و حکوومەت بەردەوامیش لە ھەوڵدایە بۆ زیادکردنی بەنزین، بۆ ئەوەی نرخەکەیشی هەرزان بێت، بۆیە داوا لە ھاووڵاتییانیش دەکەین لە ھەر بەنزینخانەیەک زانییان بەنزینی خراپە، پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ ئەوەی بەدواداچوونی بۆ بکەین و سزایان بدەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.