Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 06:31

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاو کرایەوە

کوردستان TV
100%

بە سەرپەرشتی سەرۆکی ئەنجوومەن، ئەمڕۆ چوارشەممە 06ـی 07ـی 2022  ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و تاوتوێی چەند پرسێکی گرنگ کرا.

بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزارەتی ناوخۆ  لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ سەبارەت بە بەرەوپێشچوون و ڕێوشوێنی جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە داخستنی شوێنەکانی فرۆشتنی چەک و دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێمۆڵەت لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.

وەزیری ناوخۆ وردەکاری پێوبستی سەبارەت بە ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی فەرمانەکە بۆ نەهێشتنی چەکی بێمۆڵەت، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران خستەڕوو. وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بە هەنگاوەکانی وەزارەت دا بۆ جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک لە هەرێمی کوردستان ژمارە 2ـی ساڵی 2022 و بڕگەکانی ڕەشنووسی ئەو ڕێنماییانەشی خستەڕوو کە وابڕیارە وەزارەتەکەیان دەری بکات بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاسای نوێی چەک بە ئاڕاستەی داماڵینی چەکی بێمۆڵەت و ڕێکخستنەوەی مۆڵەتپێدان و بەرگرتن لەو توندوتیژیانەی بەهۆی چەکەوە ڕوودەدەن.

سەرۆک وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە دەبێ بە هەموو شێوەیەک، ڕووبەڕووی تاوانکاران ببینەوە و کۆتایی بە دیاردەی چەکهەڵگرتن لە دەرەوەی یاسا و بەبێمۆڵەت بهێنین، بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ تاوانکاری و توندوتیژی دابنرێت.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەدا، ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای نوێی کار، لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵاتی خرایەڕوو.

سەرۆک وەزیران، وێڕای دەستخۆشیکردن لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵاتی و هەموو وەزارەت و لایەنە بەشداربووەکان لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسایەکە، ئاماژەی بە گرنگیی هەبوونی ئەم پڕۆژەیاسایە کرد کە یەکێک بوو لە هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەی نۆیەم، بە ئامانجی ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی کار لە نێوان کرێکاران و خاوەنکاران، لەسەر بنەمای نوێ و پاراستنی مافەکانی هەر یەکێکیان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و یەکسانی ڕەگەزی و بە تایبەتی پاراستنی مافی کرێکاران و تەندروستی و سەلامەتی پیشەییان و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلیکاری زیاتر  و جێگرتنەوەی کرێکارانی بیانی بە دەستی کاری ناوخۆیی و داڕشتنەوەی یاساکە لەسەر پێوەرە هاوچەرخەکانی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا یاساکەی ئێستا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی هەشتاکانی سەدەی پێشوو، کە لەسەر بنەمای مەرکەزییەت داڕێژراوە و هێنانەکایەی ئەم یاسا نوێیە، پێویستییەکی حەتمی بوو بۆ قۆناغی ئێستا.

 

سەبارەت بە گرنگی پڕۆژەیاسای کار، جێگری سەرۆک وەزیران کە سەرپەرشتی لیژنەی وەزاریی ئامادەکردنی ئەم پڕۆژە یاسایەی دەکرد، سوپاسی وەزارەتی کار و  کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی پلاندانان و هەموو ئەو لایەنانەی کە بەشداربوون لە داڕشتنی ئەم یاسایە کرد و گوتی: ئەم یاسایە یەکێکە لە یاسا هەرە گرنگەکان و یاسایەکی سەردەمیانەیە و کۆڵەکەی برەودانە بە ئابووریی و بازاڕ وکەرتی تایبەت و بەهاوکاری ڕێکخراوی جیهانی کار و پشتبەست بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان داڕێژراوە و هەموو بنەماکانی مافی مرۆڤ و یەکسانی ڕەگەزی تێدا پارێزراوە. گوتیشی: لەڕێی ئەم یاسایەوە، بەشێوازێکی ڕێکخراوتر و باشتر مامەڵە لەگەڵ کرێکاری بیانی دەکرێت و مافەکانیان پارێزراوتر دەبێت لەگەڵ ڕەچاوکردنی مافەکانی کرێکاری خۆماڵی لە پرسی دابینکردنی هەلیکار بۆ دەستی کاری خۆماڵی و ڕێکخستنی گرێبەستی کار و کاتەکانی دەوامکردن و مۆڵەت وەرگرتن، بەتایبەتیش مافی منداڵ و ژن پارێزراوتر دەبێت. هەروەها ئاماژەی دا بە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی کە تەواوکاریی یاسای کارە و کاری باشی لەسەرکراوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت.

ئەنجوومەنی وەزیران بە کۆی دەنگ پڕۆژەیاسای نوێی کاری پەسەند کرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان کرا بۆ تەشریعکردنی.

بڕگەی سێیەم، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پوختەی ڕاپۆرتی دارایی هەرێم بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 سەبارەت بە داهاتی نەوتی و نانەوتی و خەرجییەکانی (بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان ، خەرجییەکانی نەوت و گاز، پشتیوانیی حکوومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا و کڕینەوەی وزە لەو وێستگانەی کەرتی تایبەت لە بواری کارەبا و دابینکردنی بەنزین بە نرخی پاڵپشتی)، هەروەها قەرزەکانی پەیوەندیدار بەنەوت. ئەم بابەتانە لە لایەن ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەن و کەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت خرایەڕوو.

ئاماژە بەوە درا کە وێڕای ئەوەی کابینەی نۆیەم تووانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواوی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022ـی دابین بکات کە خەرجیی تێکڕایی مانگانەی مووچە 900 ملیار دینارە، لە کاتێکدا حکوومەت فیدراڵی بۆ  شەش مانگی ساڵی 2022، دەبووایە ترلیۆنێک و 200 ملیار بنێرێت بەڵام تەنیا دوو مانگی لەمساڵەدا ناردووە کە تەنیا 400 ملیار دینارە. بەڵام حکوومەتی هەرێم، هەموو مانگێک مووچەی تەواوی دابەش کردووە. جگە لە دابینکردنی مووچە، لە ماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم و لە سێ ساڵی ڕابردووشدا و تا دەگات بە ئێستا بڕی زياتر لە ملیار و نیوێک دۆلاریش لە قەرزە کۆنەکان دراوەتەوە. هەروەها حکوومەت پارەشی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و پێشینەی پڕۆژەکانی پلانی وەبەرهێنانیش خەرج کردوە و هیچ جۆرە قەرزێکی نوێش نەکراوە.

ئەمانە سەرەڕای دابینکردنی گاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بۆ شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2022 بەهای ئەو غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دابینکراوە بۆ ئەو وێستگانە بە پارە بڕی 566 ملیۆن دۆلار بووە، ئەمە سەرەڕای خەرجیی کڕینەوەی وزەی کارەبا لەو وێستگانە کە لەو شەش مانگەدا، 516 ملیۆن دۆلار بووە لەسەر حکوومەتی هەرێم، بەڵام بە نرخێکی ڕەمزی پاڵپشتییکراو، کارەبا بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە، هەروەها پاڵپشتیکردنی نرخی بەنزین و دابینکردنی بە 800 دینار بۆ یەک لیتر بۆ هاووڵاتییان، لە کاتێکدا لەسەر حکوومەتی هەرێم 1200 دینار کەوتووە ، ئەمە جگە لە غازی ماڵان کە ئەویش بە نرخی پاڵپشتیکراو دابین دەکرێت.

لە بڕگەی چوارەم، هەنگاوە دەستووری و دادوەریی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر گوشاری ناڕەوا و نادەستووریی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لەلایەن سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران خرایەڕوو.

ئاماژە بەوە درا کە بەداخەوە حکوومەتی فیدراڵیی، بە نادەستوریی بڕیاری ڕاگرتنی خەرجکردنی بەشە بوودجەی هەرێمی داوە، لە هەمانکاتدا گوشاری ناڕەواش دەکات تا ڕێگربێت لەو داهاتەی کە هەرێم خۆی دەستی دەکەوێ لە داهاتیی نەوتیی و ناوخۆیی خۆی، کە هیچ ئەرکێکی دارایی لەسەر حکومەتی فیدڕاڵیی دروست نەکردووە.

ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان نابێت و بە هەموو ڕێگەیەکیش، داکۆکی لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و ملکەچی هیچ فشار و هەڕەشەیەکی حکوومەتی فیدراڵی نابێت کە دەیەوێت مافەکانی خەڵکی کوردستان پێشێل بکات.

هاوکات ئەنجوومەنی وەزیران جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکاتەوە لەگەڵ بەغدا، لەناویشیاندا کێشەکانی پەیوەست بە نەوت و گاز لە سەر بنەمای دەستوور کە دەکرێ لە ڕێگەی دەرکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی پشتبەست بە دەستوور، کە ماف و ئەرکەکانی هەر لایەنێک دیاری بکات، چارەسەر بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.