Erbil 22°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 07:22

سامانە سروشتییەکان: كۆمپانیاكانی نه‌وت كاره‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕانه‌گرتووه‌

کوردستان TV
100%

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەمڕۆ سێشەممە 28ـی 06ـی 2022 جەختی کردۆتەوە کە پێشێلكارییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق نەک هەر كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان نەكردووە و نابێت، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێ نەكردووە لەكارەكانی ڕابوەستن.

لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان هەنگاوی گەورە و گرنگی ناوە بەرەو بەدامەزراوەیی و ڕاكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی جیهان، بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لەسەر نەخشەی وزەی جیهانی تاوەکو دێت بەهێزتر دەبێت.

ڕاشیگەیاند: هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی (نەوت و گاز و خزمەتگوزاریی نەوتی) و فراوانبوونی وەبەرهێنان و بەردەوامی كاركردنیان لە هەرێمی كوردستان بەڵگەی ڕوون و ئاشكرایە بۆ ئەو سیاسەت و ستراتیژییە سەركەوتووانەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبواری نەوت و گاز پەیڕەوی دەكات.

ئەوەشی خستەڕوو کە لەنێوخۆی هەرێمی كوردستانیش داهاتی نەوت ڕۆڵی گەورەی بۆ دابینكردنی مووچە و بەردەوامی خزمەتگوزارییەكان هەیە، بەرهەمی گازی سروشتی بۆ دابینكردنی سووتەمەنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا بەكار دەهێنرێت، لەكێڵگە و كۆمپانیاكانی نەوت و گازدا سەدان هەلی كار بۆ گەنجەكان دابین كراوە.

وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە سەقامگیریی و ئارامی و پلان و سیاسەتەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری كەرتی نەوت و شەفافییەت لەم سێكتەرە گرنگەدا وای كردووە ناحەزانی گەلی كورد و كوردستانییەكان چاویان بەم دەستكەوتانە هەڵنەیەت و بەردەوام لە پلانی دوژمنكارییانەدا بن بەدەركردنی بڕیاری نادەستووری و سیاسییانە و هێرشی موشەكی، دوا هەوڵ و پیلانیشیان بڕیارە نایاسایی و دوور لە ماددە و بڕگە دەستوورییەكان بوو كە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە  لە غیابی نەبوونی (یاسای نەوت و گازی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ) بوو، بەوەی  فشاری لەسەر كۆمپانیاكانی خزمەتگوزاریی بواری نەوت و گاز كردووە و داوای لێكردوون هەرێمی كوردستان جێبهێڵن.

باس لەوەش دەکات کە ئەم هەنگاوەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ دەستوور و یاسا و پرەنسیبەكانی فیدراڵیەت و عەقڵیەتی ئابووری و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا یەک ناگرێتەوە، ئەم پێشێلكارییە نوێیەی وەزارەتی نەوتی عێراق نەک هەر كاریگەریی لەسەر پڕۆسەی دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەهەرێمی كوردستان نەكردووە و نابێت، بگرە كۆمپانیاكانی وا لێنەكردووە لەكارەكانی ڕابوەستن.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش داوە کە بەكارهێنانی زمانی هەڕەشە و دوژمنكارانە پێشێلكارییەكی ئاشكرای ڕێساكانی پاراستنی وەبەرهێنانی نێودەوڵەتییە، ئەم هەڵسوكەوتە بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراق و كوردستاندا نییە و ناووناوبانگی عێراق لەنێوەندە نێودەوڵەتییەكاندا لەكەدار دەكات و دەیخاتە ژێر پرسیارەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.