Erbil 15°C شەممە 27 نیسان 08:10

وەزیری پەروەردە زانیاری نوێ سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12 ئاشکرا دەکات

کوردستان TV
100%

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ هەینی 24ـی 06ـی 2022 ڕایگەیاند، قوتابییان دوای دوو کاتژمێر لە وەرگرتنەوەی نمرەکانیان دەتوانن ئەو پەڕەی سۆماییە ببینن کە خۆیان لەسەری وەڵامیان داوەتەوە، جەخت دەکاتەوە کە ئەم پڕۆسەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگمەنە.

ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (کوردستان تیڤی) ڕایگەیاند: هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی تاقیکردنەوەی پۆلی 12 تەواو کراوە، هۆڵەکانی ئەزموونەکان جیاکراونەتەوە، هەروەها ناسنامەی تاقیکردنەوەکان بۆ قوتابییان دروست کراوە و بۆیان نێردراوەتەوە قوتابخانەکانییان.

ڕاشیگەیاند: ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو هەموو پرسیارێک بۆ لێژنەی باڵای ئەزموونەکان لە وەزارەت دەگەڕێتەوە، هەر پەڕەیەکی سۆما پەڕەی پرسیارەکانی تاقیکردنەوەی لەگەڵدا نەبێت نمرەی ئەو قوتابییە ئەژمار ناکرێت، چونکە بۆیەکەمجارە هەر قوتابییەک ناوی تەواوی خۆی لەسەر پەڕەی پرسیارەکان هەبێت، جگە لەوەی لەسەر پەڕەی سۆماش هەیە.

باسی لەوەش کرد کە "بۆ یەکەمجارە پەڕەی سۆما (وەڵامدانەوە) وێنەی قوتابی لەسەرە، ئەمە ئاسانکاری بۆ پڕۆسەکە دەکات، شەفافیەت و دادپەروەری بەدی دەهێنێت."

ئالان حەمە سەعید ئەوەشی خستەڕوو کە "لەبەر دۆخی گەرما و دروستنەبوونی قەرەباڵخی و ئاسانگەیشتنی مامۆستایان و قوتابییان بە هۆڵەکانی تاقیکردنەوە، تاقیکردنەوەکان کاتژمێر 07:30ـی بەیانی ئەنجام دەدرێن و لە هەفتەیەکدا دوو رۆژ ( دووشەممە و پێنجشەممە )، پێویستە قوتابییان پێش ئەو وادەیە لە هۆڵەکان ئامادەبن."

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوە دا کە "تەنیا لێژنەی دانانی وەڵامە نموونەییەکان مافی دانانی وەڵامی نموونەیی هەیە کە لە پارێزگاکانەوە دێن، هیچ مامۆستا و سەرپەرشتیارێک مافی (شیکار و بڵاوکردنەوەی) پرسیارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە هەر کەسێک ئەو کارە بکات سزای کارگێری دەدرێت."

ئاماژەی بەوەش دا کە "لێژنەی دانانی وەڵامی نموونەیی ڕۆژانی تاقیکردنەوە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆ کۆدەبێتەوە بۆ دانانی وەڵامی دروست، جگە لەو وەڵامانەش هیچ وەڵامێکی دیکە بە دروست ئەژمار ناکرێت."

ئالان حەمە سەعید جەختی کردەوە کە "تەنیا لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە کراوە کە قوتابییان ئەو ڕۆژەی نمرەکانیان وەردەگرنەوە، دوای دوو کاتژمێر دەتوانن هەموو پەڕەی سۆماکانیان ببینەوە، ئەوەی کە خۆی وەڵامی لەسەر داوەتەوە و پەبجەمۆری کردووە."

وەزیری پەروەردە جەختیشی کردەوە کە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو پڕۆسەیە تەنها لە یەک دەوڵەت پەیڕەو دەکرێت و ئێمە دووەمین لە بەکارهێنانی."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.