Erbil 15°C چوارشەممە 03 تەمووز 00:47

ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بڵاوکرایەوە

کوردستان TV
100%

ئەنجوومەنی وەزیران ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی خستەڕوو، باس لە ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی کۆلێرا و دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی تاووتوێ دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 06ـی 2022  سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

لەمبارەیەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە دیدارەکەی لە گەڵ دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان دا و لەمبارەیەوە وەزارەت و بەرپرسانی حکوومەتی ڕاسپارد، هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و ڕوونکردنەوە دەربارەی کار وچالاکییەکانی حکوومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن، ئەمەش بەشێکە لە کارنامەی حکوومەت لە ڕووی شەفافیەت و ئاگادارکردنەوەی ڕای گشتی.

ڕاشیگەیاند: دواتر قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای پشتگیریکردنی لە وتەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، پێشنیاری کاراکردنی یاسای مافی دەسکەوتنی زانیاری لە هەرێمی کوردستان  ژمارە 11ـی ساڵی 2013 کرد، ئەویش لە ڕێگەی دەرکردنی ڕێنمایی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە ڕۆژنامەنووسان و هاووڵاتیيان  ڕێک بخرێتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی سکچوونی توند و پەتای کۆلێرا وکۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕوو کە تیایدا بە ئامار و شیکاری، هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پەتاکە و ئامادەکاریی و ڕێکار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەکەی خستەڕوو.

لە ڕاگەیەنراوەکە ئەوەش هاتووە کە ئەنجوومەنی وەزیران، سەرەڕای سوپاس و دەستخۆشی لە وەزارەتی تەندروستی بۆ  کار و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە، پێشنیارەکانی ڕاپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی پەسەند کرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوون لە سەر ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی سەرچاوە و هۆکاری نەخۆشیەکە، بە تایبەتی پاكکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و هوشیارکردنەوەی هاووڵاتیيان لەمبارەیەوە.

هەروەها فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند: پاشان لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، دەرئەنجامی بڕیاری کۆبوونەوەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕوو. سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ کارکردنیان بۆ دابەزاندن و کۆنترۆڵکردنی نرخی سووتەمەنی و پاراستنی کوالێتییەکەی و ڕاشیسپاردن کە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی نرخی سووتەمەنی.

ڕاشیگەیاند: بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە گرنگترین کار و پڕۆژەکانی چاکسازی کە لە لایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم لە سەرەتای دەستبەکاربوونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری کابینەکە و یاسای چاکسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 کە لە لایەن وەزیرەکانەوە خرایە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە، ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی کردەوە لە بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاکسازیی کابینەکە کە بەشێکی گرنگ و سەرەکی بەرنامەی کاری کابینەکەیە.

ئەوەشی خستەڕوو کە لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوە، ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان، تاوەکو بارگرانی نەبوونی بەرهەمە خۆراکیەکان یان گرانبوونیان لە سەر هاووڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبوونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 2022/9/30  وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستووی ڕووەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو ماش) ، شيری منداڵان بە هەموو جۆرەکانییەوە. هەروەها ئاسانکاریی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ دابینکردنی گۆشتی سوور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ گۆشتی سوور تاوەکو 2022/10/17 بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی کەمی لەوەڕگاکان وکەمی ئالیک و تیمەکانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سوود وەرگرتن لەم ئاسانکاریانە و بەرزکردنەوەی نرخەکان.

باسی لەوەش کرد کە لە بڕگەی چوارەمی کۆبوونەوەکە،  ئەنجوومەنی وەزیران دووپاتی پابەندبوونی حکوومەتی بە جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015 کردەوە و بڕیار درا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی داد، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف وکاروباری ئایینی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و سەرۆکی یەکە کارگێڕیەکان، بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی  پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکهاتە جیاکانی هەرێمی کوردستان تێێدا جێگیربوون وڕێگەگرتن لە هەر ڕەفتار وسیاسەتێکی نەرێنی کە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.

فەرمانگە ئاماژەی بەوەش دا کە لە بڕگەی کۆتاییدا، ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی خستەڕوو سەبارەت بە  پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پرۆسەی وردبینی و پێداچوونەوەی سەرجەم قۆناخەکانی پڕۆسەکانی نەوت وگاز لە هەرێمی کوردستان و برەودان بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری وژمارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز  بۆ ڕای گشتی. ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای سوپاس و دەستخۆشی بڕیاری دا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناخەکانی نەوت وگاز و داهات وخەرجیيەکانی، لە دوای چاوخشاندنەوە بە  گرێبەستی خزمەتگوزاریی وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت ، لەڕووی نرخ وتێچووی خزمەتگوزارییەکە و خستنەڕووی ڕاپۆرتی مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت و گاز بۆ ڕای گشتی و فراوانکردنی چالاکیبەکانیيان و دەوڵەمەندکردنی ڕاپۆرتەکانی مانگانە. جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم کرایەوە بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و نوێکردنەوەی یاسا وڕێنمایی و پێوەرەکانی دارایی و وردبینی کارپێکراو لەهەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەکانی ئەم بوارە .

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.