Erbil 18°C یەکشەممە 24 تشرینی دووەم 19:02

له‌ هه‌ولێر (هاملێت)ی كوردیم بینی

کوردستان TV
100%


هه‌میشه‌ ده‌ق، یه‌كێك بووه‌ له‌ توخمه‌ سه‌ره‌كییه‌كان  بۆ سه‌ركه‌وتنی هه‌رنمایشێك ،له‌ پاڵ ئه‌میشدا هه‌ردوو توخمی(ده‌رهێنان و نواندن)  به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر هه‌رسێ هاوكێشه‌كه‌ هاوته‌ریب و ململانێی یه‌كتری بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی باشترین ئاست پێشكه‌ش بكه‌ن .
منیش هه‌میشه‌ ووتومه‌ كاتی نووسه‌ر ده‌قێك ده‌نووسێت ئه‌و ده‌قه‌ خاوه‌ن  فه‌لسه‌فه‌ وبیرۆكه‌ی تایبیه‌ته‌ ،كه‌ نووسه‌ر دایڕشتووه‌،بۆیه‌ تێكه‌ڵكێش كردنی ده‌قێك یان دوو ده‌ق ، دروستكردنی ده‌قێكی تر یاخود ده‌ستكاری كردنی ده‌ق به‌ زیاد كردن و كه‌مه‌كردنه‌وه‌ی ده‌ق جگه‌ له‌وه‌ی غه‌در له‌ نووسه‌ره‌كه‌ ده‌كرێت،  به‌راده‌یه‌ك ئه‌گه‌ر یه‌ك ده‌قیش بێت وله‌لایه‌ن دوونووسه‌ره‌وه‌ نووسرابێت له‌ هه‌مان كاتدا زۆرێك له‌ نووسه‌ره‌كان قبوڵی ئه‌وه‌یان نییه‌ ته‌نیا به‌پیتێكیش ده‌ستكاری ده‌قه‌كه‌یان بكرێت بێگومان ئه‌وه‌ش مافێكی سروشتی خۆیانه‌ چونكه‌ نووسینی تێكستی شانۆیی پێویستی به‌ شه‌ونخوونی و ماندووبوونێكی زۆر هه‌یه‌ بۆیه‌ زۆرێك له‌ نووسه‌رانیش هیچ ده‌سته‌واژه‌ی وه‌كو ئاماده‌كردن ده‌ق ، تێرامانی ده‌ق ، خوێننه‌وه‌ی ده‌ق..قبوڵ ناكه‌ن به‌رامبه‌ر ده‌قه‌كانیان به‌كاربێت. 
ئه‌وه‌ی من له‌ نمایشی شانۆیی (هاملێت)ی (ئه‌رسه‌لان ده‌روێش)م بینی هیچ هه‌ستم نه‌كرد كه‌ ئه‌وتێكه‌سته‌ی نمایش له‌ ئاوێزان كردنی دوو ده‌ق بێت یاخود تێكسته‌ی كورت و پوخت كردبێت، به‌تایبه‌تی بۆ كه‌سێك ده‌قی شانۆگه‌ری (هاملێت)ی شكسپیری خوێندبێته‌وه‌ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ ئاماژه‌ی پێبده‌م سه‌ركه‌وتنی هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌ورێش بوو له‌وه‌ی منێك نمایشی (هاملێت)م بینی كه‌ هه‌موو روودا و ململانێ و كه‌سایتیه‌كان و بیرۆكه‌ی شانۆیی شكسپیرم بینی، ئه‌وه‌ش بۆ زیركی و ده‌رهێنه‌ر ده‌گه‌رێته‌وه‌ به‌وه‌ی توانیبووی به‌ شێوه‌یه‌كی زانستی و ئه‌ده‌بی و هونه‌ری بونیادی تێكسته‌كه‌ ،هه‌رله‌ سه‌ره‌تا ،روداو ، ململانێ ، لوتكه‌ ، تا چاره‌سه‌ر بۆ ده‌قه‌كه‌ بكات.
ئه‌گه‌ر باس له‌ نواندنی نمایشه‌كه‌ بكه‌یین ، سه‌رجه‌م ئه‌كته‌ره‌كان له‌ ترۆپكی چه‌مكی شانۆگه‌رییه‌كه‌ی و بیرۆكه‌ فه‌لسه‌فیكه‌ی شه‌كسپیر، گه‌یشت بوون، بۆیه‌ نواندنه‌كه‌یان سه‌ركه‌وتوو،چونكه‌ حاڵی بوون له‌ ناوه‌رۆكی شانۆگه‌رییه‌كه‌ خاڵێكی گرنگه‌ بۆئه‌وه‌ی ئه‌كته‌ر رۆڵی خۆی به‌سه‌ركه‌وتووی به‌رجه‌سته‌ بكات هونه‌رمه‌ند "سه‌دیق حوسێن"  كه‌ رۆڵی (هاملێت)ی به‌رجه‌سته‌ ده‌كرد به‌جۆرێك له‌ كه‌ساییه‌تییه‌كه‌ حاڵی ببوو وه‌كو ئه‌وه‌ی ستانسلافسكی جه‌ختی له‌سه‌ر كردۆته‌وه‌ له‌رێگه‌ی به‌كار هێنانی ئه‌گه‌ری ئه‌فسوناوی ، ره‌هه‌نده‌كانی سروشتی ، كۆمه‌ڵایه‌تی ،جه‌سته‌یی ، ده‌روونی، هه‌ستی ناوه‌وده‌ره‌وه‌..توانی بووی بچێته‌ نێو قالبی كه‌سایه‌تی هاملێت به‌هیچ جۆرێك هه‌ستم نه‌ده‌كرئه‌وه‌ خودی سه‌دیقه‌ به‌ ڵكوو له‌رێگه‌ی فۆرم ، ده‌نگ،  هێما ،ئاماژه‌ ، جووڵه‌ ، دیالۆژه‌كان ، هه‌ست و سۆزی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌ وه‌ی، گوزارشته‌كان ، جلوبه‌ره‌گ  ، ماكیاژ ..توانیبووی رێك بونیادی كه‌سایه‌تی (هاملێت)مان نیشان بدات  به‌ڵام (هاملێت)ی كوردی لێره‌دا نامه‌وێت باس له‌ دیمه‌نه‌كانی بكه‌م كه‌ئه‌و له‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت ، ته‌نیا باس له‌ دیمه‌ن و نواندنی  دیالۆژی (من هه‌م یانیم) ده‌كه‌م كه‌چه‌ندین ماناو مغزا له‌ خۆده‌گرێت بگره‌ چه‌ندین لێكۆڵنه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ كراوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌چه‌مكه‌كه‌ی به‌ تایبه‌تی له‌رووی فه‌لسه‌فییه‌كه‌ی زۆریك  وای بۆ ده‌چن  كه‌ئه‌مه‌ گوزراشت له‌ بوون و نه‌بوون  یان مردن و ژیان ده‌كات ئه‌وه‌ی زۆر گرنگه‌ ئه‌و مانا فه‌لسه‌فیه‌كه‌ چۆن ئه‌كته‌ر ده‌گه‌یه‌نێته‌ بینه‌ر، هه‌رله‌ رووی ده‌موو دوو تا نواندن ،هێما ،ئاماژه‌  به‌هۆی ئه‌وه‌ی سه‌دیق به‌ ته‌واوه‌تی خزا بووه‌ نێو قالبی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ له‌ هه‌مان كاتدا خوێندنه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر بۆ رۆڵی هاملێت  به‌جوانی  به‌رجه‌سته‌كردبوو بۆیه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ بیرۆكه‌و چه‌مكی (من هه‌م یا نیم)ی گه‌یانده‌ بینه‌ران له‌ بیرمان نه‌چێت كه‌سایه‌تی هاملێت  ئاڵۆزه‌ به‌ تایبه‌تی له‌و كاته‌ی خۆی وانیشانیان ده‌دات كه‌ شێت بووه‌ به‌تایبه‌تی به‌رامبه‌ر به‌خۆشه‌ویسته‌كه‌ی (ئۆڤیلیا)لێره‌دا توانستی سه‌دیق له‌ نواندن گه‌یشته‌ لوتكه‌.
زیاد كه‌ریم  دوو رۆڵی بینی هۆراشیۆ و حیكاتخوانیش بوو كه‌سایه‌تی هۆراشیۆ وه‌كو هاورێیه‌كی وه‌فادار هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵی ئه‌ودا بوو هاملێت تۆڵه‌ی باوكی بكاته‌وه‌  ده‌توانیین بڵین هۆراشی ده‌نگی گه‌لیش بوو ،هه‌ر بۆیه‌ زۆر هانی هاملێتی ده‌دات هه‌نگاوه‌كانی تۆڵه‌كردنه‌وه‌ به‌خێرایی جێبه‌جێ بكات  زیاد كه‌ریم به‌هۆی ئه‌و باگراونده‌ رۆشنبیرییه‌و ئه‌زموونی نواندنی  توانی رۆڵی هۆراشیۆ به‌ جوانی به‌رجه‌سته‌ بكات  ئه‌گه‌ر چی له‌ هه‌ندێك له‌ حاڵه‌تدا به‌تایبه‌تی له‌كاتی دیالۆژه‌كانی له‌گه‌ڵ هاملێت  زۆر ره‌ق  بوو به‌جۆرێك به‌سه‌ر هاملێتی هاواری ده‌كر د وه‌ك ئه‌و هاملێت نه‌ك هۆراشیۆ بێت .
پشكۆ شێخ عه‌لی له‌ رۆڵی پادشایه‌كی هێمن پیلان دارێژ  بۆگه‌یشتن به‌ مه‌رامه‌كه‌ی هه‌موو رێگایه‌كی شرعی و نارشرعی به‌كار هێنا  بۆ ئه‌وه‌ی بگات به‌ عه‌رشی ده‌سه‌ڵات ،به‌ راده‌یه‌كی باش سه‌ركه‌وتوو بوو له‌ به‌رجه‌سته‌ كردنی كاره‌ئه‌كته‌ری پادشا .
ئاواز ئه‌حه‌مه‌د له‌ رۆڵی شاژن (دایكی هاملێت) هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌كی زۆره‌ له‌سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ دووركه‌وتۆته‌وه‌ به‌ڵام تا راده‌یه‌ك له‌ نواندنه‌كه‌ی سه‌ركه‌وتوو بووبه‌تایبه‌تی له‌رێگه‌ی ئاماژه‌ وده‌مووه‌كه‌ی ئه‌وه‌ی مه‌به‌ست بوو ده‌گه‌یشته‌ بینه‌ران ، هه‌رچه‌نده‌ من هه‌ستم ده‌كرد ئاواز ئه‌حمه‌د وزه‌ی نواندنی له‌وه‌ زۆر تره‌ له‌وه‌ی  ئێمه‌ مانان بینیمان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش دا ده‌ست خۆش لێده‌كه‌م .
ریشوان ئه‌حمه‌د له‌ رۆڵی پۆلۆنیۆس ئه‌و باوكه‌ی له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی كچه‌كه‌ی (ئۆڤیلیا) ده‌كاته‌قوربانی ریشوانیش ماوه‌یه‌كی  زۆره‌ له‌ نواندنی سه‌رته‌خته‌ی شانۆ دووره‌ به‌ڵام به‌هۆی هه‌وڵ وكۆششی زۆری له‌به‌كارهێنانی  توانیستی خۆی  جێبه‌جێكردنی پلانی ده‌رهێنه‌ر،توانی تاراده‌یه‌ك باوه‌ڕ به‌بینه‌ران بكات ،كه‌ (پۆلۆنیۆس)-ه‌.
وه‌یلاند سه‌دیق له‌ رۆڵی ئۆڤیلیا ده‌ستی خۆشی لێده‌كه‌م توانی له‌نێوان خۆشه‌ویستی  براو باوكی هه‌روه‌ها عشاق بوونی به‌هاملێت  ببێته‌ قوربانی شێت بوون له‌ كۆتاییشدا گۆڕ دوامه‌نزڵگا بوو ، وه‌یلاند توانی ئه‌و راستگۆی و نه‌رم و نیانی خۆی له‌ كه‌سایه‌تی ئۆڤیلیا بوونی هه‌یه‌ پیشانی بینه‌ران بدات. 
كارمه‌ند خدر له‌رۆڵی لێرتس  هه‌مان هه‌ست سۆزی باوكی(پۆلۆنیۆس) هانی خوشكی خۆی (ئۆڤیلیا) ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری له‌ هاملێت وه‌رگرێت كاتێ باوكی له‌سه‌ر ده‌ستی هاملێت ده‌كوژرێت هه‌موو هه‌وڵێكی ئه‌وه‌یه‌ تۆڵه‌ی خۆی له‌ هاملێت بكاته‌وه‌  كارماند له‌رێگه‌ی جووڵه‌و نواندنه‌كه‌ی توانی كاره‌كته‌ری (لێرتس)ی  شكسپیریمان نیشان بدات.
ئه‌رسه‌لان ده‌روێش له‌ رۆڵی تارمه‌یی ئه‌گه‌رچی راسته‌وخۆ له‌ سه‌ر ته‌خته‌ی شانۆ ده‌رنه‌چوو،ته‌نیا له‌رێگه‌ی داتاشۆ ده‌رچوو، به‌ڵام له‌رێگه‌ی رووناكی ، هێما ، ته‌كنیك ..كه‌ساییه‌تی (ته‌رمایی)مان بینی. 
 ئه‌گه‌ر ئاوڕێكی خێرا له‌ لایه‌نی ده‌رهێنانیش بده‌ینه‌وه‌، وه‌كو زانراوه‌ شانۆگه‌ری (هاملێت)-ی شكسپیر ده‌قێكی كلاسیكه‌، زیاتر له‌ (15) كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌ خۆ ده‌گرێت به‌ڵام  هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌روێش توانی له‌رێگه‌ی (😎 كاره‌كته‌ره‌وه‌ له‌ماوه‌ی (75) خووله‌ك دانمایشێكی جوان و پڕچێژمان پێشكه‌ش بكات ، بێ ئه‌وه‌ی بینه‌ر تووشی وه‌ڕزبوون ببێت  ده‌روێش له‌ نمایشه‌كه‌یدا هه‌ردوو زه‌مه‌نی ئێستاو رابردوو له‌گه‌ڵ یه‌كتری گرێ دابوو به‌تایبه‌تی له‌رووی ململانێی ده‌سڵاتی  كورسی له‌لایه‌ك و ده‌سه‌ڵاتی گه‌لیش له‌لایه‌كی تر وه‌كو زانراوه‌ ئه‌و جۆره‌ شانۆگه‌ریانه‌ پێویستی به‌ پانتاییه‌كی باشی ته‌خته‌ی شانۆ هه‌یه‌ ده‌رهێنه‌ر له‌و پانتاییه‌ بچووكه‌ی كه‌له‌به‌ر ده‌ستی دابوو توانی بووی جوگرافیای ته‌خته‌ی شانۆ به‌شێوه‌یه‌كی زانستی و ئیستاتیكای دابه‌ش بكات له‌ هه‌مان كاتدا له‌رێگه‌ی به‌كارهێنانی سكرین چه‌ند دیمه‌ن و روداوی شانۆگه‌رییه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌كی جوان نیشان داین.. هه‌ڵبژاردنی ره‌نگی جلو به‌رگی سه‌رجه‌م ئه‌كته‌ره‌كان مه‌به‌ست دار و مانای فه‌لسه‌فی زۆر هه‌ڵده‌گرێت ،بۆنموونه‌ ئه‌و كراسه‌ی ئۆڤیلیا هه‌ردوو ره‌نگی سور و ره‌ش پۆشی بوو وه‌كو گوزرارشتكردن له‌ خۆش و ناخۆشی  له‌هه‌مان كاتیش نابێ رۆڵی رووناكی و موزیك و سینۆگرافیا له‌ یاد بكه‌ین كه‌ فاكته‌رو هاوكارێكی باشی سه‌ركه‌وتنی نمایشه‌كه‌ بوون ئه‌وه‌ی گرنگ بوو شوێن په‌نجه‌ و ده‌سه‌ڵاتی  هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌رویش وه‌ك ده‌رهێنه‌ر به‌سه‌رنمایشه‌كه‌دا زاڵ بوو ده‌ست خۆشی له‌ ستاڤی نمایش ده‌كه‌م.
شانۆگه‌ری "هاملێت" نووسینی ولیام جۆن شكسپیر  و ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند ئه‌رسه‌لان ده‌روێش، به‌سوود وه‌رگرتن له‌ هه‌ردوو ده‌قی (هاملێت)ی (هادی  المهدی) و (ممدوح عدوان) .
وه‌رگێرانی ده‌ق : شێرزاد حه‌سه‌ن.
ئه‌كته‌ره‌كان:
سه‌دیق حوسێن – هاملێت ،زیاد كه‌ریم  - هۆراشیۆ، پشكۆ شێخ عه‌لی- پادشا ، ئاواز فه‌رهاد- شاژن، ریشوان ئه‌حمه‌د – پۆلۆنیۆس، وه‌یلان سه‌دیق- ئۆڤیلیا ، كارمه‌ند خدر- لێرتس، ئه‌سه‌رلان ده‌روێش – تارمایی.
هه‌ر بۆ مێژوو پێم باشه‌ ئاماژه‌ به‌ناوی  كاره‌هونه‌رییه‌كان بده‌م كه‌رۆلیان  هه‌بوو له‌ شانۆگه‌رییه‌كه‌دا:
به‌رێوه‌ربه‌ری به‌رهه‌م- ئه‌ندازیار بورهان سابیر، یاریده‌ری ده‌رهێنه‌ر- دانا محه‌مه‌د، به‌رێوه‌به‌ری هونه‌ری – كارزان كه‌مال، لیژنه‌ی به‌رهه‌م – سه‌رهه‌نگ غه‌ریب – دانامحه‌مه‌د، راگه‌یاندن – زیاد كه‌ریم ، ده‌نگبێژی – تریفه‌ كه‌ریمیان، دانانی موزیك- د.ئه‌میر به‌كار- ئه‌مین فقیر، دیزاینی سینۆگرافیا- ئه‌رسه‌لان ده‌روێش، جێبه‌كردنی سینۆگرافیا –پشكۆ عه‌لی – بورهان سابیر –كارزان كه‌مال- كارمه‌ند خدر- ریشوان ئه‌حمه‌د، به‌رگ دروو- ئیبراهیم قوریشی، ماكیاژ- سه‌ید حه‌سه‌ن سه‌ید پوور- له‌یلا مه‌ولوودی، دیزاینی پۆستر- دانا محه‌مه‌د، ڤیدیۆ سكرین- محه‌مه‌د مه‌رزانی ، پرۆمۆ و فۆتۆگراف- زانیار خۆشناو، ئیكسسوار- حسێن زارین ، شوكر عبدوڵڵا، جێبه‌جێكردنی ده‌نگ- كارزان كمال ، جێبه‌جێكردنی داتاشۆ- دانا محمه‌د، په‌یوه‌دییه‌كان – به‌در سنجاوی ، هۆڵ- شیلان ئیبراهیم –سیروان ره‌سوڵ، هاوكاران سه‌ده‌ردین عه‌بدوڵَڵا- هیلال ئیبراهیم – سیڤه‌ر قه‌ساب – سامی عومه‌ر- ئیسماعیل خدر- په‌یوه‌ند به‌سام.
شایانی باسه‌ شانۆگه‌ری (هاملێت) یه‌كه‌مین به‌رهه‌می ده‌زگای رۆشنبیری زانكۆكانی جیهان- تیپی شانۆی ئه‌كادیمی جیهان بوو، به‌ هاوكاری به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر به‌رێوه‌به‌رایه‌تی چالاكی قوتابخانه‌كان له‌ رۆژانی 28و29-5-2022 له‌ هۆڵی چالاكی قوتابخانه‌كانی هه‌ولێر نمایش كرا. 
كامه‌ران حاجی ئه‌لیاس

شانۆ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.