Erbil 23°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:15

سەرۆکی حکوومەت لەگەڵ بەڕێوەبەری دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان كۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمارەیەکی زۆر لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئەوەیە گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە لەگەڵ ڕاگەیاندن و لە ڕێگەی ئەوانیشەوە لەگەڵ خەڵکی کوردستان بکەین بۆ بەرچاوڕوونی و خستنەڕووی زانیاری و ڕوونکردنەوەی هەڵوێستی حکوومەت لەبارەی چەندین بابەتی گرنگ.

سەرۆکی حکوومەت داوای لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرد کە هاوکار و یارمەتیدری حکوومەت بن بۆ سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. ئاماژەشی بەوە دا کە ڕاگەیاندن ئەرکێکی پیرۆز و گرنگی هەیە و پێویستە بە بەرپرسیارییەتییەوە ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

 سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەبڕین و ڕەخنەگرتن دەکات بۆ چاکسازی و باشترکردن و بەرەوپێشبردنی بارودۆخی کوردستان. بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستە ڕاگەیاندن داکۆکیش لە پرسە نیشتمانییەکان و دەسکەوتەکان بکات کە لە ئەنجامی قوربانیدانێکی زۆری خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.

سەرۆکی حکوومەت، باسی لەوە کرد کە کابینەی نۆیەم زۆرترین زانیاری بڵاوکردووەتەوە و ڕوونکردنەوەی پێویستی بە پەرلەمانی کوردستان و ڕای گشتی داوە.

سەرۆکی حکوومەت ڕوونی کردەوە کە ئێمە لەناوچەیەکی قەیراناوی و نائارامدا دەژین، لە ساڵانی ڕابردووشدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە وەک کۆڕۆنا و قەیرانی تەندروستی و دارایی، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ئێمە نەوەستاین و بەردەوام بووین لە ئەنجامدانی پڕۆژە و چەندین چاکسازیمان لە سەرجەم بوارەکاندا ئەنجام دا. بەڵام وەک سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی پێدا چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی پێویستە و ئامانجیش لەم چاکسازییانە بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوورییە.

سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە حکوومەت هی هەموو هەرێمی کوردستانە و بەبێ جیاوازیيش خزمەتی هەموو پارێزگا و شار و ناوچەکانی کوردستان دەکات.

لەبارەی پەیوەندیش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەبووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکات، هەرێمی کوردستان ئەرکەکانی جێبەجێ کردووە و داواش دەکات مافە دەستوورییەکانی پێشێل نەکرێت.

لە کۆتاییدا سەرۆکی حکوومەت وەڵامی سەرنج و تێبینی و ڕاسپاردەی ئامادەبووانی دایەوە و کورتەیەکیشی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبوارە جیاوازەکاندا خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.