Erbil 23°C یەکشەممە 29 ئەیلوول 00:13

لەهەر ناحییەیەک لیژنەیەکی تایبەت بۆ رێگری لە کۆلێرا پێکدەهێنرێت

کوردستان TV
100%


هەوڵەکان بۆ رێگریکردن و سنوردارکردنی پەتای کۆلێراو پەراستنی تەندروستی هاوڵاتیان چڕدەکرێتەوەو لەسەر ئاستی یەکە ئیدارییەکان لیژنەی تایبەت پێکدەهێنرێت.
ئەمرۆ 20 ی 6 ی 2022، لە دیوانی قائیمقامیەت، ئاوات محەمەد-قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەرێوبەری ناحییەکانی بازیان و بەکرەجۆو عەربەت و لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەکان کۆبووەوە.
دوای گفتوگۆ لەسەر هۆکارەکان و رێگاکانی گواستنەوەی پەتای سکچون و رشانەوە بەتایبەت کۆلێرا، بڕیاردرا لەسەرئاستی ناحییەکان لیژنەی تایبەت بەبەشداری فەرمانگەکانی تەندروستی و ژینگەو ئاوو شارەوانی پێکبهێنرێت و هەموو هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دۆخە نائاساییە بێت.
لە کۆبونەوەکەدا تەئکید کرایەوە لەسەر رێگریکردن لە فرۆشتن و بەکارهێنانی ئەو سەوزانەی بە ئاوی قورس ئاو دەدرێت و لیژنەی تایبەت لەناو عەلوەدا لەم رووەوە رێکاری پێویست دەگرێتە بەرو هەر فرۆشیارێک پابەند نەبێت شوێنەکەی دادەخرێت.
لەبارەی ئاوی خواردنەوەشەوە جەخت لەوە کرایەوە کە ئەو ئاوەی لەرێگەی تۆڕی ئاوەوە دەگات بە هاوڵاتیان تەندروستە، هەر هاوڵاتییەکیش لەرێگەی تەنکەرەوە ئاوی پێدەگات دەبێت دڵنیا بێتەوە لە پاکی سەرچاوەی ئاوەکەی و لەو شەمعانەوە ئاوی پێبگات کە لە پشکنین دەرچوون. داواش لە هاوڵاتیان کرا ئەگەر ئاوی بیر بەکاردەهێنن پێویستە پشکنین بۆ ئاوەکە بکەن، گومانیان لە هەر ئاوێک هەبوو بیکوڵێنن دواتر بخورێتەوە.
قائیمقامی سلێمانی تەواوی لیژنە هاوبەشەکانی راسپارد وەکو حاڵەتێکی نائاسایی و کتوپڕ مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن و هەتا کۆنترۆڵی حاڵەتەکە دەکرێت تەرکیزیان لەسەر خۆپارێزی بێت و رێگە نەدەن هیچ کەس و شوێنێک پێشێلی رێنماییەکان بکات.
لەکاتی هەبونی گومان یان بۆ گەیاندنی سکاڵا و زانیاری بەقائیمقامیەتی سلێمانی و لیژنە هاوبەشەکان، پەیوەندی بە ژمارە مۆبایلی (07708677777)ـەوە یان لاپەڕەی فەرمی قائیمقامیەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بکەن.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.