Erbil 27°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 20:36

وەزارەتی پەروەردە: حکوومەتی فیدراڵ جارێکی دیکە ھەرێمی کوردستانى لە مافێکی بنەڕەتی بێبەش کرد

کوردستان TV
100%

وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و سەبارەت بە دانانی بەردی بنەغای ھەزار قوتابخانە لە پارێزگاکانی عێراق، لەمبارەیەوە ڕایگەیاند، جێگەی داخە کە ھەرێمی کوردستان لەم مافە بنەڕەتییەی بێبەش کراوە.

لە ڕاگەیەنراوێکدا وەزارەتی پەروەردە ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەمڕۆ شەممە 18ـی 06ـی 2022 سەرۆک وەزیرانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بەردی بناغەی هەزار قوتابخانەی نوێی لە چوارچێوەی رێککەوتنامەی عێراقی - چینی دانا.

ڕاشیگەیاند: ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لەو پارێزگایانە دەکەین کە لە چوارچێوەی هەرێم رێکنەخراون و ڕامان وایە شیاوی ژینگەیەکی پەروەردەیی باشن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە بێبەشکردنی پشکی هەرێمی کوردستانە کە 150 قوتابخانەیە  و بە نوسراومان ژمارە 374 لە 23ـی 11ـی 2020 ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی عێراقی فیدڕاڵمان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو کە پارێزگارەکانی کوردستان لە سەردانی شاندی عێراقی بۆ چین ئامادەبوون و ئەو رێککەوتننامەیە بۆ هەموو عێراق و عێراقییەکانە، لەدوای هاتنی تیرۆریستانی داعش لە 2014ـەوە، زۆرێک لە دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکان ڕوویان کردە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە 180 هەزار قوتابی ئاوارەی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخوێنن و بەشێکی زۆری قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانمان بۆ تەرخانکردوون، بەجۆرێک قوتابخانەی یەک دەوامیمان بووەتە دوو دەوامی و دوو دەوامی بۆتە سێ دەوامی بەهۆی ئەو تەرخانکردنەوە کە ئێمە وەک ئەرکێکی نیشتیمانی و مرۆڤایەتی لێی دەڕوانین.

ئاماژەی بەوەش داوەکە تەنانەت داوای 10q ملیار دیناری عێراقیمان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانە و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ ڕەتی کردووەتەوە.

وەزارەتی پەروەردە دووپاتی کردۆتەوە کە "دووبارە پیرۆزبایی لە گەلانی عێراق  دەکەین و وێڕای بێبەشکردنمان، ئێمە لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەردەوام دەبین لەسەر پێکەوەژیان و خزمەتکردنی قوتابییانی ئاوارەی ناوخۆ، لە هەمان کاتیشدا نیگەرانی و ناڕازیبوونمان  دەردەبڕین لەبەرامبەر بێبەشکردنی خەڵکی کوردستان.

وەزارەتەکە دەشڵێت، داوا لە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین، پەروەردە وەک مافێکی بنەڕەتی هەموو عێراقییەکان ببینێت بێ جیاوازی و پشکی هەرێمی کوردستان بڕیاری لێ بدرێت، بە پێچەوانەوە، بێبەشکردنی هاووڵاتییانی هەرێمەکەمان بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، مانای وایە حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ، سیاسەتی گەشەپێدانی هاوسەنگ، ناگرێتەبەر بۆ هەموو عێراقییەکان.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.