Erbil 29°C سێشەممە 01 تشرینی یەکەم 22:26

د. دیندار زێباری: رێککەوتننامەی شنگال لەبەر بوونی میلیشیای چه‌كداری و هێزی دەرەکی جێبەجێ نەکراوە

کوردستان TV
100%

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی یەکەی قوربانیانی تیرۆر سەر بە UN هەوڵەکانی دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش باس دەکەن.

لە نیویورک د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و ئانا ئیزار سەرۆکی یەکەی قوربانیانی تیرۆر لەسەنتەری نەهێشتنی تیرۆر  سەر بە UN کۆبوونەوە و چونیەتی نەهێشتنی مەترسییەکانی داعش و ئاسایی کردنەوەی رەوشی شنگال و چەند بابەتێکی دیکەیان تاوتوێ کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا ریکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر هەرێم و وتی: لەدوای ساڵی 2003 هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر هەرەشەی گروپە تیرۆریستییەکان کە دوایینیان داعش بوو و دڕندەترین تاوانی لە مێژووی مرۆڤایەتی ئەنجامدا، حکومەتی هەرێم بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم گروپانە و پاراستنی گیان و موڵکی دانیشتوانی هەرێم یاسای دژە تیرۆری دەرکرد، کە پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانی لەبەرچاو گرتووە وەک هەڵپەساردنی سزای لەسێدارەدان.

 دیندار زێباری لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەش کرد کە گشت پێکهاتەکانی ناوچەکە بەتایبەتی ئێزیدییەکان قوربانیی سەرەکی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش بوون وەک کوشتن، رفاندن وجینۆساید، هەروەها لە شەڕی هێزەکانی پێشمەرگە قوربانییەکی زۆری داوە کە زیاتر لە (1800) شەهید و دە هەزار بریندار پێشمەرگەش بوون.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ خاتوو ئانا ئازار، ریکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتی: هەرێمی کوردستان لە زۆر لاوە هەڕەشەی تیرۆری لەسەرە و ناسەقامگیری سوریا و چەند بەشێکی عێراق و ئاڵۆزی دۆخی سیاسی عێراق و ناوچەکە بە گشتی بووە هۆی سەرهەڵدانی میلیشیاتی چەکداری و گروپی تیرۆریستی جیاجیا و هەرێمی کوردستان کرایە ئامانجی ئەو هێز و گروپانە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی کوردستان رۆڵی سەرەکیی هەبوو لە تێکشاندنی داعش و بە درێژایی زیاتر لە (110) لە سەنگەری رووبەڕووی داعشدا بوو. بۆیە گرنگە نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمە بە هەند وەربگرێت بەتایبەتی لە بابەتی بونیاتنانی تواناکان، هاریکاری کردن، ئاڵوگۆڕی زانیاری، بەشداری پێکردن لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتی و ئیقلیمیەکان بۆ سوود وەرگرتن لە شارەزایی وڵاتانی پێشکەوتوو.

دیندار زێباری سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد رایگەیاند:  هەماهەنگیمان لەگەڵ تیمی یونیتاد لەئاستێکی باشدایە وەک ئاڵوگۆڕی زانیاری، پرۆژەی دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەی تاوانەکان، مەشق و راهێنانی دادوەران، هەروەها بە پاڵپشتی یونیتاد پرۆژە یاسایەک پێشکەش بە پەرلەمانی هەرێم کراوە بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش.

رێکخەری راسپاردە نێوەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گرنگی رێککەوتننامەی شنگال و وتی: بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی (140) بە سەرپەرشتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی رێککەتننامەی شنگال واژوو کرا، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیای چەکداری و هێزی دەرەکی وەک پەکەکە تائێستا جێبەجێ نەکراوە، بەمەش مەترسییەکانی کردەوە تیرۆریستییەکان بەردەوامن و لە غیابی هەماهەنگی ئەمنی و سەبازی چەندین کردەوەیان ئەنجامداوە و قوربانی لێکەوتۆتەوە.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئانا ئیزار سەرۆکی یەکەی قوربانیانی تیرۆر لەسەنتەری نەهێشتنی تیرۆر  سەر UN، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم باسی لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد و وتی:
لە روانگەی گرنگیدان بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ئەو راسپاردە و پابەندبوونانەی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن، پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پەسەند کرا کە گشتگیرە بە بەشداری سەرجەم وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان، هەروەها نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی)، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بواری مافەکانی مرۆڤ هاوبەشی سەرەکین لە پێشکەشکردنی تێبینی و ڕاوێژ. حکومەتی هەرێم رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راسپاردووە بۆ سەرپەرشتی کردنی جێبەجێکردنی پلانەکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.