Erbil 15°C ھەینی 28 حوزەیران 00:16

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و جێگری نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش چەند پرسێکی گرنگیان تاوتوێ کرد

کوردستان TV
100%

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی ڕۆڵی هەرێمی کوردستانی لە پڕۆسەی بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و پڕۆسەی چاکسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی ڕێکەوتننامەی شنگال، پلانی هەرێمی بو مافەکانی مرۆڤ و چەند بابەتێکی تر دەکەن.

لە کۆبوونەوەکەدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردەکان باسی لەرۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و رایگەیاند: دوای هێرشەکانی داعش ئێزیدی و گشت پێکهاتەکان کۆمەڵکوژ کران، ‌‌ماڵ وموڵکیان تاڵانکرا، ئاوارە بوون و بەدڕندەترین شێوە رفێندران. بۆ هاوکاری کردنی هاووڵاتیانی سڤیلی ئەو ناوچانە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە ئاوارەکان کرد و خزمەتگوزاریی پێشکەش کردن لەهەمان کاتدا نووسینگەیەکی دامەزراند بۆ رزگارکردنی رفێندراوان و لیژنەیەکی باڵای وەزاریی پێکهێنا بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە بە مەبەستی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەرئاستی نێودەوڵەتی.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راشگەیاند: هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان و سوپای عێراق توانییان تیرۆریستانی داعش لەناوبەرن و ناوچەکان رزگار بکەن و لەم پێناوەشدا نزیکەی (1800) پێشمەرگە شەهیدبوون و (10 هەزار 369) و  بریندار و (47) پێشمەرگە بێسەروشوێنبوون.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەی لەگەڵ جێگری نوێنەری هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش، رێکخەری راسپاردە نێوەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر رێککەوتننامەی شنگال و گوتی: بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ناوچەکانی ماددەی (140) بەسەرپەرشتی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی) لە نێوان حکوومەتی هەرێم وحکوومەتی ئیتحادی رێککەتننامەی شنگال واژوو کرا، بەڵام لەبەر بوونی میلیشیای چەکداری و هێزی دەرەکی تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بۆیە دۆخی ئاڵۆزی ئەو ناوچانە وا دەخوازێت کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بە رۆڵی خۆیان هەستن لە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەکە بۆ گێڕانەوەی ئاوارەکان و رێگرتن لە هەڕەشەکانی داعش.

هەماهەنگی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو لەمبارەوە دیندار زێباری تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم و گوتی: لەمبارەوە کاری زۆر کراوە سەبارەت بە لێکۆڵینەوەکان و بەڵگەی زۆر پێشکەش بە یونیتاد کراوە، هەروەها بە دەیان هەزار بەڵگە ئەرشیف کراوە، لەلایەکی دیکەوە بە پشتگیری یونیتاد پڕۆژەیاسایەک لە حکوومەتی هەرێم پێشکەش بە پەرلەمان کراوە بۆ دامەزراندنی دادگەیەکی تایبەتمەند بە مەبەستی دادگەییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتیانەی ئەنجامیان داوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی پرۆژەیاسایەکە گوتیشی: گرنگی بوونی ئەم دادگە تایبەتمەندەمان بۆ جێگری نێردەی هەمیشەیی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی روونکردەوە لە مەلەفی دادگەییکردنی تیرۆریستانی داعش، بۆیە پێویستە ئەنجوومەنی ئاسایش رۆڵی زیاتری هەبێت لە هاوکاریکردنی هەرێم و عێراق بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش کە دەگەنە ئاستی تاوان دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆبوونەوەکە تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم بۆ چاکسازی و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ ولەم بارەوە ئاماژەی بەوە دا کە سەرەڕای ئاستەنگە ئابووری و سیاسیانەی رووبەڕووی کابینەی نۆیەم بوونەوە، بەڵام حکوومەت بەردەوامە لە پڕۆسەی چاکسازی، ئەم پڕۆسەیە هەنگاوی زۆری بڕیوە لە زۆر بواردا لەوانە یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە ورێکخستنی داهات و خەرجییەکان. لەلایەکی دیکەوە بۆ وەڵامدانەوەی ئەو راسپاردە نێودەوڵەتیانەی ئاراستەی حکوومەتی هەرێم دەکرێن، پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ  پەسەند کردووە کە گشت جومگەکان حکوومەت دەگرێتەوە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی دەستپێکردووە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.