Erbil 15°C ھەینی 28 حوزەیران 00:16

ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم: بووجەی پێویست بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە بەردەستە

کوردستان TV
100%

چاوەڕێ دەكرێت هاوینی ئەمساڵ گرفتی كەمئاوی لە هەولێر و دەوروبەری بەرەوچارەسەركردن بڕوات. بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، بۆ چارەسەركردنی كەمئاوی بووجەی پێویست لە بەردەستە و ژمارەیەک بیر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ژێر دیراسەكردندان.

 بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکە 1240 بیر بە موڵەت و لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی دەوروبەریش 1700 بیر بەپێی رێنمایی لێدراون.

ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو لەسەر داواكاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكمان بەرزكردەوە و داوای تەرخانكردنی 356 ملیار دینارمان بۆ (تۆڕەكانی ئاو، هێڵەكانی گواستنەوەی ئاو، چارەسەركردن و پەرەپێدانی وێستگەكانی ئاو) و چەند بابەتێكی دیكە لەو چوارچێوەیەدا لە شار و شارۆچكەكان كرد.

ڕاشیگەیاند: لە 29ـی05ـی 2022 ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی 25 ملیار دینار بۆ تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەكان دەربڕی و ئەو بڕە پارەكەی دیكەش كە لە 356 ملیارەكە دەمێنێتەوە دەكەوێتە ساڵانی داهاتوو.

هەروەها ڕایگەیاند: بۆ چارەسەكردنی گرفتی كەمئاوی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و ئاوی دەوروبەر لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوو و مانگی یەكی ئەمساڵ لە ڕێگەی پارێزگاوە داواكارییەكان پێشكەش كردووە، لەسەر داوكارییەكەی ئەوان 7.6 ملیار دینار بۆ لێدان و لێدانەوەی 138 بیر تەرخانكراوە، لەو ژمارەیەش 104 بیریان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دەبن و لە قۆناخی ئێستاش 33 بیر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش لە ژێر دیراسەكردندان. سەبارەت بە لێدانی بیر لە دەوروبەری هەولێر؟ ئاری ئەحمەد گوتی: لەم قۆناخەدا چوار بیر لە سنووری ئاوی دەوروبەر لێدراون و ژمارەیەكی دیكەش داواكراوە كە نزیكەی 40 بیر دەبێت. ئاشكراشیكرد، 70%ی ئەو بیرانەی لێدەدرێن جێگرەوەن و 30%یشیان بیری نوێن.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت: تاوەكو ئێستا 1240 بیر لە سەنتەری شاری هەولێر لێدراون، لێدانی ئەو ژمارە بیرە بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە كە ئاوی پڕۆژە ستراتیژییەكانی شاری هەولێر دروست دەبێت كە ئەوانیش بریتین لە پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی یەك و دوو و سێ. دەشڵێت: لە 2015ـەوە گرێبەستێک لەگەڵ كۆمپانیایەكی بەریتانی كراوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوی هەولێر چوار، ئەگەر پڕۆژەكە جێبەجێ بكرێت بە چەند قۆناخێك ئەو 1240 بیرە دادەخرێن. بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم پڕۆژەی ئاوی ئیفراز یەك و دوو و سێ لە توانایاندایە لە هەر كاتژمێرێكدا 13500 مەتر سێجا ئاو بۆ شاری هەولێر دابین بكەن.

لەبارەی چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی ساڵانە لە پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ دروست دەبێت؟ ئاری ئەحمەد ئاماژەی بەوەش دا کە 21 ملیار دینار بۆ بەڕێوەبەرایەتی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر دابین كراوە بۆ ڕاكێشانی هێڵی جێگرەوەی ئیفراز سێ، هێڵە نوێیەكە دەكەوێتە نێوان گەزنە بۆ گەڕەكی هەولێری نوێ، چونكە ساڵانە چەند جارێک لەو شوێنەدا هێڵەكە تووشی شكان و كێشەی تەكنیكی دەبێتەوە، هێڵەكە ئێستا جیاوازتر دەبێت و بەپێی ستانداردی جیهانی جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ئەمساڵ لە حەوزی هەولێر 8 تاوەكو 42 مەتر ئاستی ئاوی ژێر زەوی دابەزیووە، لە ناوچە شاخاوییەكانیش لە هەندێک شوێن ئاستی ئاو بەرزبووەتەوە و لە هەندێكی شوێنی دیكەش 20 مەتر دابەزیوە. سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لەمساڵ بە تایبەت بە شاری هەولێر؟ ئاری ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و گرفتەكان زۆر گەورە نین، بووجەی پێویست بۆ ئەو مەبەستە لە بەردەستە و كاریش كراوە بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی، ئەگەر وەكو ساڵی ڕابردوو گرفتی لێڵبوونی ئاوی رووبار دروست نەبێت. هەر لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەش دا کە ئەگەر لە كۆڵانێک گرفتی كەمئاوی هەبێت لە ڕێگەی تانكەرەوە ئاویان بۆ دابین دەكەین تا ئەوكاتەی كێشەكە چارەسەر دەكرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.