Erbil 15°C چوارشەممە 26 حوزەیران 21:46

بڕیاری ڕاگرتنی هەزاران مووچەی نایاسایی درا

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی 06ـی 2022 ڕایگەیاند کە بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی دووەم و سێیەمی هەزاران کەسیان داوە.

سەبارەت بە بەرەوێشچوون وئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی کە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمە د. جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بڕیار درا بە ڕاگرتنی مووچەی دووەم، یان دووەم و سێیەمی 10 هەزار و 819 کەس کە دووجار یان زیاتر لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمارکراون.

جەختیشی کردەوە کە ئەو کەسانە دەبێت یەکێک لە مووچەکانیان ھەڵبژێرن.

هەروەها گوتی: هەر بەهۆی پڕۆژەیاساکەوە 41 ملیار و 244 ملیۆن و 199 هەزار و 407 دینار قەرزی بازرگانی وەرگیراوەتەوە.

گوتیشی: دوای پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و گەڕاندنەوەی ئەو هێزانەی لە دەرەوەی وەزارەت بوون، ئێستا ژمارەی لیواکان لە 14 لیواوە بووەتە 19 لیوا و میلاکی وەزارەت لە 43 هەزار و 347ـوە بووەتە 56 هەزار و 575 پێشمەرگە.

گوتەبێژی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیاریش درا هەفتەی داهاتوو هەر وەزارەتێک بە پێی تایبەتمەندیی و بە ژمارە و زانیاریی پێویست، ئەو چاکسازییانە بخاتەڕوو کە لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی لە وەزارەت وفەرمانگەکانیان ئەنجام دراون، هەروەها باسی بەرنامە وپلانی داهاتووشیان لەمبارەیەوە بکەن دواتریش بۆ ڕای گشتی بخرێتەڕوو تا خەڵکی کوردستان لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەت لە بواری چاکسازیی ئاگاداربن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.