Erbil 15°C شەممە 22 حوزەیران 13:55

سەرۆکی حکوومەت: نابێت ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لە کۆمپانیاکان لە 70% کەمتر بێت

کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە میانی سەردانی بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن جەختی کردەوە کە نابێت ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێم لە کۆمپانیاکان لە 70% کەمتر بێت.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 14ـی 06ـی 2022 لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، سەردانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد و لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتەکە پێشوازی لێ کرا.

دواتر سەرۆکی حکوومەت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا بە داتا و زانیاری کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت و بەرنامە و پلانەکانیان لەلایەن بەرپرسانی ئەو وەزارەتە لە بوارەکانی گواستنەوە و گەیاندن خرایەڕوو.

پاشان سەرۆکی حکوومەت، لە وتەیەکدا باسی لە گرنگی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن کرد کە یەکێکە لە وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت و لە چەندین بواردا خزمەتگوزاریی پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات.

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە پێویستە لە کوردستان سوود لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا وەربگیرێت بە ئاراستەی بە ئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکانی حکوومەت و نەهێشتنی ڕۆتین و بیرۆکراسی لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی حکوومەت و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بە شێوەیەکی باشتر وخێراتر.

سەرۆکی حکوومەت، هەروەها ئاماژەی بە گرنگیی ڕێکخستنەوەی بواری گەیاندن و پەیوەندی و کارکردنی کۆمپانیاکانی ئەو بوارە کرد، بەجۆرێک نابێ قۆرخکاری لەم ڕووەوە هەبێت و پێویستە پشتیوانیی لە داهێنان لە بواری تەکنەلۆجیا و پڕۆژەی بچووک بکرێت و دەبێ لە وەرگرتنی کارمەندانی کەرتی تایبەت، زۆرترین دەرفەت بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بدرێت و نابێ ڕێژەی کارمەندانی خەڵکی هەرێم لە کۆمپانیاکان لە 70% کەمتر بێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی لە پێویستی و گرنگیی ڕێکخستنەوەی بەکارهێنانی پەیوەندی و تەکنەلۆجیا لە هەرێمی کوردستان کرد کە بەداخەوە زۆر جار خراپبەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا و ئامێرەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیانێکی زۆری بە کۆمەڵگە گەیاندووە و کێشەی گەورەی خێزانی و کۆمەڵایەتی و دەروونی و یاسایی لێکەوتووەتەوە، ئەمە جیا لەوەی زۆر جار بوونەتە هۆی بڵاوکردنەوەی بیر و هزری تیرۆریستی و تووندڕەوی، بۆیە دەبێ سنوورێکی بۆ دابنرێت و ڕێکاری یاسایی بەرامبەر خراپ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا و ئینتەرنێت بگیرێتەبەر.

سەرۆکی حکوومەت، باسی لە پلانەکانی حکوومەتیش کرد لە بواری پێشخستنی گواستنەوەی گشتی، لەم ڕووەوە ئاماژەی بە پڕۆژەی ستراتیجی بنیاتنانی هێلی ئاسنین لە نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ و جیهان کرد کە کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر پێشخستنی ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت. هەروەها باس لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە پاس و تەکسی لە نێو شارەکان و دروستکردنی تێرمێنالی نێودەوڵەتی بۆ بارهەڵگرەکان و چەندین پڕۆژەی دیکە بۆ باشترکردنی گواستنەوەی گشتیی کرا .

لە کۆتاییدا، ئامادەبووان پێشنیار و ڕاسپاردە و تێبینی پێویستیان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن خستەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.