Erbil 15°C سێشەممە 23 نیسان 21:40

هێزە تایبەتییەكانی ئیسرائیل چەند كاروانێكی چەكی ئێرانی لەناودەبەن

بۆ حیزبوڵڵای لوبنانی رەوانە دەكران
کوردستان TV
100%

لە پشت پەردەوە ململانێی نێوان ئیسرائیل و میلیشیاكانی ئێران لە سووریا و عێراق بەردەوامە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا فڕۆكەكانی ئیسرائیل سەدان بارە چەكی حیزبوڵڵایان لە سووریا و عێراق كردۆتە ئامانج.
لەم چوارچێوەیەدا سەرچاوەیەكی ئیسرائیلی پشتڕاستی كردەوە كە چەند ساڵێكە ئیسرائیل لە نزیكەوە بەدواداچوون بۆ گواستنەوەی چەك بۆ حیزبوڵڵا دەكات.
هەروەها سەرچاوە ئیسرائیلییەكە چەند وردەكارییەكی ڕوون كردەوە و گوتی: لە سەرەتادا بارەكانی چەك و كەرەستە و تەقەمەنی بەڕێگەی جۆراو جۆر لەناوبراون، كە لە كۆگاكانی حیزبوڵڵا لە لوبنان و سووریادا بوون.
جەختیشی لەوە كردۆتەوە كە دواتر سوپای ئیسرائیل بڕیاریدا كە نابێت چاوەڕێی ئەو چەكانە بكات تا بگاتە ئامانجەكەیان، بۆیە بڕیاریدا بەدواداچوونیان بكات و چاودێرییان بكات .
هەر لەو بارەیەوە ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، چەند كاروانێكی چەكی ئێرانی بەرەو لوبنان دەڕۆیشتن و كۆماندۆی ئیسرائیلیش لە بۆسەدا چاوەڕێیان دەكرد و لەسەر خاكی عێراق و سوریا لەناویان بردووە.
لەلایەكی دیكەوە نێوەندە ئەمنییەكانی تەلئەبیب دووپاتیان كردەوە كە ئێرانییەكان، لە ئەنجامی ئەو ئامانجانەدا، گواستنەوەی چەكەكانیان بۆ كەمترین ئاست لەڕێگەی وشكانییەوە كەمكردووەتەوە ، هەروەها جووڵەیان كردووە بۆ گواستنەوەیان لەڕێگەی فڕۆكەی بارهەڵگری سەربازییەوە، هەندێك جاریش لەڕێگەی بارهەڵگری دەریاییەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئێران پەنای بردۆتە بەر گواستنەوەی چەك بە ڕێژەیەكی كەمتر، بەڵام بە كوالێتی باشتر، لەڕێگەی فڕۆكەی مەدەنی لە فڕۆكەخانەی كۆنی دیمەشق، كە بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییەی ئیسرائیلەوە، كراونەتە ئامانج و ڕێڕەوی فڕینەكانی وێران بووە.

شایانی باسە لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سووریاوە لە ساڵی 2011، هێزەكانی ئیسرائیل چەندین شوێنی سەربازییان لە سەر خاكی سووریا و سنووری عێراق كردۆتە ئامانج كە بەشێكی زۆریان سەر بە حیزبوڵڵا و میلیشیاكانی ئێران بوون.
ژێدەر/ ئەلعەرەبییە
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست سوریا عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.