Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 09:39

سەرۆکی حکوومەت وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی به‌سه‌ركرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەت، ئەمڕۆ یەکشەم مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد و لەلایەن دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پێشوازی لێ کرا.

پاشان سەرۆکی حکوومەت بە ئامادەبوونی وەزیر و بریکارانی وەزارەت و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت پێشکەش کرد و ئاماژەی بە پلانی چوار ساڵەی وەزارەت و ئەو پڕۆژانە کرد کە لە ماوەی تەمەنی ئەم کابینەیە جێبەجێکراون، هاوکات تیشکی خستە سەر پڕۆژە بەردەوامەکان و ئەو پڕۆژانەش کە گرینگ و بایەخدارن، لەگەڵ ئاماژەدان بە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ ژمارەیەک لە پڕۆژەکانی رێگه‌ دووسایدییەکانی نێوان شارەکان.

دواتر سەرۆکی حکوومەت لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای کێشە و گرفتەکانی قەیرانی دارایی، بەڵام حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی پلان و بودجەی بەردەست و بەهۆی کارنامە چاکسازییەکەی، توانی بە هاوکاری کەرتی تایبەت چەندین پڕۆژە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات بەتایبەتی لە بواری گواستنەوە و ڕێگەوبانەکان. هەروەها کار لەسەر پڕۆژەی گرینگ و ستراتیجیش کراوە وەک پڕۆژەی بنیاتنانی هێلی ئاسنین کە هەنگاوێکی زۆر گرینگە بۆ بەیەکەوە بەستنەوەی شار و ناوچەکان و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێ.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها جەختی لە گرینگیی بایەخدان بە ڕێگەوبانەکان و دروستکردنی ڕێگەی دووساید لەنێوان پارێزگاکان و شارەکانی هەرێم بە شێوەیەکی پێشکەوتوو و بەپێی مەرج و ستانداردی نێودەوڵەتی كردەوە. لە هەمانکاتدا کار بکرێت لە سەر چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی ڕێگە و شەقامەکانی ئێستا بە شێوەیەکی باش و بە جۆرێک بەرگەی زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی کوردستان و کەشو هەوا بگرێت.

سەرۆکی حکوومەت هەروەها باسی لە پلانەکانی حکوومەت کرد لە بواری نیشتەجێکردن کە بڕیارە بیست هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بە هاوکاری کەرتی تایبەت بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی کەم و قیستی درێژخایەن و بە کوالێتییەکی باش دروست بکرێن. لە هەمانکاتدا کار لە سەر تەواوکردنی ڕێکارەکانی 9 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی دیکەش بکرێت کە چەند ساڵێکە دەست بە دروستکردنیان کراوە و تا ئێستا تەواو نەکراون.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە زۆر گرینگی و بایەخ بە گوند و دێهاتەکانی کوردستان بدرێت و ڕێگەوبانەکانیان نۆژەن بکرێنەوە و بژێوی گوندنشینان باشتر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش دەکرێ حکوومەت بە هاوکاری کەرتی تایبەت پشتگیری لە دروستکردنی پڕۆژەی بچووک لە بواری کشتوکاڵ و پیشەسازی و پیشە دەستکردەکان لە گوندەکان بکات بۆ ئەوەی گوندنشینانی کوردستان لێی سوودمەند ببن و ئابووری کوردستانیش زیاتر گەشە بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، چەندین پێشنیار و راسپاردە لەپێناو باشترکردنی کاروبارەکانی وەزارەت و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان و نەهێشتنی ڕۆتین و زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییان، لەلایەن ئامادەبووانەوە خرانەڕوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.