Erbil 15°C ھەینی 05 تەمووز 09:27

وەزیری بازرگانی ڕێکارەکان بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی خۆراک دەخاتەڕوو

کوردستان TV
100%

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ یەکشەممە 12ـی 06ـی 2022 هۆکارەکانی گرانبوونی خۆراک و ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخی خۆراک خستەڕوو.

کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ بانگهێشتی پەرلەمانی کوردستان کرا سەبارەت بە گرانبوونی نرخی خۆراک لە هەرێمی کوردستان، دوای ئەوە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ڕایگەیاند: ڤایرۆسی کۆڕۆنا و نەمانی خۆراک لە کۆگەکان کە لە سەردەمی کۆڕۆنا بەکاردەهێنرا، وشکەساڵی، گرانبوونی نرخی سووتەمەنی و شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا هۆکارێک بوون بۆ گرانبوونی نرخی خۆراک لە تەواوی جیهان.

ڕاشیگەیاند: لەگەڵ ئەو فاکتەرە جیهانییانە لە هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار  هۆکارێک بوو بۆ گرانبوونی نرخی خۆراک.

کەمال موسلیم ئاشکراشی کرد کە ئێستا گەنمی هاوردەکراومان لە وڵاتانی دیکە بۆ هاتووە و هەوڵ دەدەین بۆ شاییەکان پڕبکەینەوە و بەزووترین کات بەسەر هاووڵاتییانی دابەش بکەین.

ئاماژەی بەوەش دا بۆ ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخی خۆراک ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری هەڵگرتنی ڕەسمی گورمرگی لەسەر ئەو خۆراکە سەرەکییانە دا کە دێتە هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی دوو مانگ، هەر لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە خوێندنەوە بۆ دەرئەنجامەکانی دەکرێت و بڕیار لەبارەیەوە دەدرێت.

کەمال موسلیم جەختیشی کردەوە کە لێژنەکانی وەزارەت بەردەوام چاودێری دۆخی بازاڕ دەکەن و ڕێگری لە گرانبوونی نرخی خۆراک دەکەن.

وەزیری بازرگانی هۆشداریی بە خاوەن مۆڵ و مارکێتەکان دا کە پەنا بۆ گرانکردنی نرخی خۆراک نەبەن، تووندترین ڕیکاریش بەرامبەر ئەو کەسانەی ئەو کارانە ئەنجام دەدەن، دەگیرێتەبەر.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.